چۆن شاخی بیئومیدی بلەرزێنین؟
2019-02-16 19:35:20
ئارام سەعید
زۆر جار گویمان لێدەبیت دەڵێن سیاسیەکان و حزبەکان هەمویان لەیەک دەچن! هەمویان لەکۆتایدا تەسلیمی پارەو دەسەلات دەبن! ئێوە چیتان پێدەکرێت!
ئەم ڕستانە لەچیەوە و لە کوێوە سەرچاوەیان گرتوە؟ بۆچی وادەڵێن؟ ئەی ئەگەر وایە ئێوە پیمان بڵێن چی بکەین؟ وەک ئێوە دانیشین و چالاکی سیاسی بەس موڵکی دەسەڵات بیت و کەسی تر؟ ئۆپۆزیسیۆنیش پاوانی ئەوانە بیت کە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون؟
بیگومان ژمارەیان کەم نیە ئەوانەی وابیر دەکەنەوە، هەڵبژاردنەکانی پێشوی کوردستان و عێراق ئەو راستیەی دەرخست کە نزیکەی سەرو لە سەدا ٧٠ ی کۆمەلگەی ئێمە لە سیاسەت و بەشداری سیاسی زویر بوەو هیچ بڕوایەکی بە سیاسەتکردن و سیاسیەکان نەماوە و وا دەروانن حزب ئامرازێکە بۆ دەوڵەمەند بون و وەرگرتنی پۆست.
دروستبونی ئەم شاخە گەورەیە لە بێئومیدی بیگومان مێژویەکی دریژی هەیە، بەشی گرنگی لەدوای ڕاپەڕینەوەو دەسەلاتگرتنەدەستی حزبەکانی شاخ دەستپێدەکات. هەر لەسەرەتاوە دەنگی ناڕازی هەبوەو لە بزوتنەوەی ئیسلامی و دواتر کۆمۆنیستەکان و پاشان سەرهەلدانی رۆژنامەی ئەهلی و ئازاد. بەدریژایی ئەو رۆژگارانەش نوخبەیەکی رۆشنبیر هەبون کە رەخنەی توند و گرنگیان هەبوە لەسەسەڵاتداریتی و حوکمڕانی لەم هەرێمەدا. دواتریش سەرهەلدانی یەکگرتوو وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی شەرمن، پاشان سەرهەلدانی بزوتنەوەی گۆڕان کە توانی گوڕو تینی ئۆپۆزیسیۆن بەشێوەیەک بەهیز بکات عەرشی دەسەلاتی کوردی بلەرزێنی.... ١٧ ی شوبات نارەزایەتی گرنگ و پربایەخ بوو....
با بەوردی سەیری هەموو ئەم نارەزایەتیانە بکەین چییان بەسەرهات، ئیستا هەمویان لەبەرچاوماندان، ئۆپۆزیسیۆن تەسلیمی دەسەلات بوو، دەست نرایە بینەقاقای میدیای ئەهلی و ئازاد و خنکینرا، نوخبە بیدەنگ بوو یان دەنگی کاریگەری نەما، خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات سەرکوتکرا، تروسکایی کەم نەبێت هیچ روناکیەک نەما، ئەم ئەنجامە شکستخواردوانە بۆ هاولاتیی شاخیکی گەورەی لە بێئومیدی لای خەڵک دروستکردوە، بەچاوی خۆیان دەیان جوانییان بینی لەبار برا.
ئەوهێزانەی خەونی گۆڕینی ئەم دونیایەیان دروستکرد، هەرخۆیان ئەو خەونەیان کوشت و ئێستا بە پەرۆشن بچنەوە باوەشی دەسەلات، ئەوانەی ئەو خەونەیان کوشت بەشێکی زۆری بەرپرسیاریتی مێژویی دەکەوێتە ئەستۆیان کە رۆڵی گەورەیان هەیە لە دروستکردنی ئەو بێئومێدیە گەورەیەدا.
بۆیە پێویستە راشکاوانە دەنگ هەلبڕین کە وەک مارتن لۆسەر کینگ دەڵیت "ئێمە لەژێر شاخێکی گەورە لە بێئومێدی تونێلی هیوا دروستدەکەین"دەبیت جورئەتی ئەوەمان هەبیت و ئازابین کە ئەرکی ئێمە قورسە و تا تەواوکردنی تونێلەکە بەردەوامین.
ئەوکاتەی سەرۆکی خێڵیک یان بنەمالەیەک کە پێی وابێت تەنها خۆی راستەو بوار بۆ ئومێد ناهێڵیتەوە، ئەوکات ئەگەری چارەسەر و گۆڕانکاری بەرادەیەکی زۆر کەم دەبیتەوە،لەناو خودی ئەو هێزانەدا و توانای چاکسازیان بەتەواوەتی لە دەستداوە. بۆیە بۆ بونیادنانی پرۆژەیەکی گەورەی ئومێدبەخشینەوە بە کۆمەڵگە گرنگە و دەبێت ئازایەتی ئەوەمان تیدا بیت ئەوکاتەی هیزێک کۆمەڵگە بەرەو هەڵدیر دەبات بەری پیبگرین و پێی بڵێین نەخێربۆ ستەم بۆ نادادپەروەری.
لە کۆتایدا وتەیەکی تری مارتن لوسەر کینگ دەهێنمەوە کە دەڵێت:
" تەنها لە تاریکیدا دەتوانین ئەستێرەکان ببینین"