بۆچی پەلاماری نەوشیروان مستەفا دەدەن ؟
2019-02-16 12:45:53
چیا عەباس
کاک نەوشیروان وەک هەمو سەرکردە دیارەکان دۆست و رکابەر و دوژمنی هەبوە، لە مێژوی خەباتی و ئەو رۆڵە هەستیارەی لە روداوە گرنگەکاندا هەیبوە و بە هۆی ناجێگیری دۆخی ناوخۆی بزافی کوردایەتی لە باشور زۆرجار هاوکێشەی دۆستایەتی و دوژمنایەتیکردنی وا تێکەڵاو بوە کە پێویست بە هەڵوەستە و وردبینینی جدی دەکات. سەرەرای ئەو ناجێگیری و تێکەڵاوبونە بۆ خۆی زۆر ورد و تیژبین وردەکاریەکانی دور و نزیکی ئەو هاوکێشەیەی خوێندۆتەوە.
بەردەوام لە نوسین و لێدوانەکانیدا جەختی دەکردەوە لەوەی هیچ کێشەیەکی شەخسی لە گەڵ رکابەر و بەرامبەرە سیاسیەکانی نیە، کێشەی ئەو لە گەڵیاندا پرسی سیاسی و حوکرانیە و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیە باڵاکان کۆیان دەکاتەوە، لەو باوەرەشدام بەشێک لە رکابەرەکانی لە دەرەوەی یەکێتی و گۆڕان بە هەمان نەفەس مامەڵەیان لەگەڵ کردوە.
وا بۆ دو ساڵ دەچێت ماڵئاوایی لێکردوین، بەڵام کەمین و بەرەگرتن و پەلاماردانە ژێر بە ژێر و ناراستەوخۆ و شاردراوەکان بۆ سەر کاک نەوشیروان لە چەند سوچ و کوچە و کەلاوەی وێران و تاریکەوە بەردەوامن.
ئەم کەس و تاقم و گروپانە چیان مەبەستە ؟
لە ساتە سەرەتاییەکانی وەفاتی کاک نەوشیروان بە ئیرادەی چەند دۆست و هەڵسورای دڵسۆز رێورەسمی بە خاك سپاردن و پرسەیەکی بێ وینە لە مێژوی بزافی کوردایەتی لە باشور بەرێکرا، ئەوە پاداشتی جەماوەری کوردستان بو بۆ ئەو سەرمایە نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتیەی کە کاک نەوشیروان بە درێژایی مێژوی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و ئەدەبی بنیاتی نابو.
ئەم روداوە زۆر لە رکابەر و ناحەزەکانی کاک نەوشیروان و هێزە غەیرە کوردیەکانی راچڵەکاند، بە وانەشەوە کە لە رابوردو و لە دوا ساڵەکانی کاری سیاسیدا لێی نزیک بون. راچڵەکاندنێک بە ئاگای هێنانەوە پێگەی ئەوان لە کوێ و پێگەی نەوشیروان مستەفا لە کوێ.
بەشێک لە هێزە ئیقلیمی و دەرەکیەکان دەمێکە هەوڵی سرینەوەی، ئەگەر پێیان نەکرێت کاڵکردنەوەی، کاریگەری کاک نەوشیروان یان داوە و ئێستاش بەردەوامن، چونکە بەرژەوەندیەکانیان وایان دەخواست و ئێستاش وا دەخوازن کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی دەستەمۆکراو بێت و دەنگی نارەزاش سنورەکانی ئەوان نەبەزێنێت. چەندین روداو و بەڵگە ئەو راستیانە دەسەلمێنن، نوسینەکەی: خوێندنهوهیهکی کوردی بۆ رێکهوتنی ئهمهریکی – عیراقی، تێیدا بە گومان و چاوی رەخنەوە هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی ئەمریکا بەرامبەر بە کوردا دەکات، بانگەشە بە ناوبانگەکەی بۆ عوسیانی مەدەنی بەرامبەر فەرمانرەوایی بریمەر، دواترینیان هەڵوێستی زۆر بوێرانەی کاک نەوشیروان بو لە ساڵی ٢٠١٥ بەرامبەر بە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رەتکردنەوەی چەند داوەتنامەی فەرمی بۆ سەردانی وڵاتانی دراوسێ.
کاک نەوشیروان ناسرابو بەوەی مرۆڤێکی راستگۆ و لە رو بو، لە کارکردندا جدی و لێپرسینەوەی دەکرد و راشکاوانە بۆچون و هەڵسەنگاندنی خۆی بە بەرامبەرەکەی رادەگەیاند، زیادە بۆ ئەمەش ماهیەت و ورد و درشتی دەور و بەرەکەی دەزانی، ئەم خەسڵەتانەی کۆمەڵیک داخ لە دڵ و رقو کینە هەڵگری بەرامبەری دروست کردبو. ئەوانە خوا خوایان بو دەرفەتێک برەخسێت تۆڵەی خۆیان بکەنەوە.
کاتێک گۆڕانی دروست کرد کامپینێکی خەستیان دژی بەرپاکرد و هیچیان لێ دروێنە نەکرد، لە گەڵ ئەوەشدا بەشێک لە هاوکارە دێرین و نوێکانی بەردەوام بۆی لە کەمیندا بون، تا خۆی مابو هیچ شتێک شایستەی باسکردن بێت پێیان نەکرا.
دوای وەفاتی باشترین دەرفەت بۆ ئەو هێز و تاقم و کەسانە رەخسا رق و تورەی کەڵەکەبو و پەنگخواردوی ساڵانێکی درێژ برژێنن. باشترین زەمینە بۆ پەلاماردان میراتی سیاسی و رێکخراوەیی و مادی کاک نەوشیروان بو.
پارتی لە دژایەتیکردنی کاک نەوشیروان کەمی نەکردوە، بەڵام دوای وەفاتی لە پلەی یەکەمدا ئەوە هاوخەبات و هاوکارە دێرین و نوێکانی بون کامپینی لەکەدارکردنی نەوشیروان مستەفایان دەست پێکرد، ئەوانە بون لە ژیانی سیاسی و پێشەمەرگایەتیدا لە گەڵیدا بەردەوام کێشەیان بۆ دروست دەکرد، هیلاکیان دەکرد، گەلەکۆمەیان لێدەکرد و لە گەڵیدا زیگزاگانە مامەڵەیان دەکرد، ئەمانە پێیان وابو و واشە سەردەمی نەوشیروان مستەفا بەسەرچوە.
گەرانەوە بۆ روداوەکانی شاخ، نوسینەکانی کاک نەوشیروان لە سەریان، یەکەم کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵگەنامەکانی خولەکانی شەری ناوخۆ ( پارێزراون)، هەڵبژاردنەکانی مەڵبەندەکانی یەکێتی، باڵی ریفۆرم، سەردەمی رەگ، سەرەتای دروستبونی گۆڕان، ساڵەکانی نەخۆشی و دوری لە وڵات، رێکەوتنی لە گەڵ یەکێتی، بەشداری لە حکومەت و روداوەکانی دواتر دەیسەلمێنن کە نزیکەکان لە کاک نەوشیروان چیان کردوە و نەکردوە. چاونوقاندن لەم راستیانە غەدرێکی گەورەیە بەرامبەر بە مێژو ودەرهەق بە گۆڕان و خودی کاک نەوشیروان.
لە سیاسەتکردنی لای خۆمان باوە کە رکابەر و ناحەزەکانی دەرەوەی گۆڕان بیانەوێت لە مەقام و رۆڵی کاک نەوشیروان کەم بکەنەوە، هەرچەندە زۆر هەوڵیان داوە بەڵام سەرکەوتو نەبون.
ئەوەی جێگەی شەرمەزاریە، کاتێک بەشێک لە دۆستەکانی لە بەرپرسانی گۆڕان بە رەحابەتی سەدرەوە لە گەڵ بەرپرسانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت چاوبازیەکی خەست دەکەن بێئەوەی بۆ ساتێک بە بیریاندا بێت کە تەرەفی بەرامبەر سکاڵای یاسایی لە سەر سەرکردەیەکی ناوداری کورد و دامەزرێنەری گۆڕان بە پاساوی تێرۆر تۆمار کردوە، دەبوا لە روی سیاسی و مەعنەویەوە داوای لێبوردنیان بکردایە، ئەم بێ هەڵوێستیە روداوی گوللەبارانکردنی مەکۆی سەرەکی گۆڕان و پێشیوازیکردن لە تەقەکەران لە سەر مەزارگەی کاک نەوشیروان مان بەبیر دەهێنێتەوە، پشتگوێخستنی ئەم هەقانە بە لایەنی کەمەوە ئاماژەی بێهودەیین بۆ کاک نەوشیروان.
ئەمانە، بە قەسد و بێ قەسد، بەشێکن لەو هەوڵانە بۆ بچوککردنەوەی مێژو و هەقی دامەزرێنەر و سەرکردەی بزوتنەوەی گۆڕان، مەخابن لە سایەی گۆڕان و بە ناویشیەوە دەکرێت.
یەکسانکردنی کاک نەوشیروان بە سەرکردەکانی تر لە بواری بە بنەماڵکردنی گۆڕان و میراتی مادیەوە خەونی نەزۆکی هێرشبەرانە، ئایندە دەیسەلمێنێت کاک نەوشیروان بێبەریە لەو پرسە و ئەو هەر بە پاکی و بێگەرد سەری ناوەتەوە و هەرواش دەمێنێت.
با بچینە سەر بەرەیەکەی گرنگی تری پەلاماردان
وەفاتی کاک نەوشیروان میراتی سیاسی و مەعنەوی و مادی بەجێهێشت، سێ بواری گرنگ و هەستیار بۆ رکابەر و رق و کینە هەڵگرەکان بۆ پەلاماردان.
ئەوەی کاک نەوشیروان لە ژیانیدا کردویەتی راستیەکانی ئەو مێژوەن، کەس ناتوانێت بۆ ئەم میراتە سیاسیە یەک وشەی بۆ زیاد یاخود کەم بکات، یەک روداوی لێ زیاد یاخود کەم بکات، کەوتۆتە سەر مێژوناس و خەمخۆران ئەو مێژەوە وەک خۆی باس بکەن. ئەوەی دەمێنێتەوە میراتی مادی و رێکخراوەیی گۆرانە کە کاک نەوشیروان بنیاتیانی نابو. ئەمە ئەو دو زەمینە هەستیارەن کە رکابەرەکانی هێدی هێدی دەیان کێڵن بۆ دروستکردنی کەلێن و لێکترازان و پەلاماردان.
دەرباری میراتگیری رێکخراوەیی بینیمان هاوکارەکانی چیان لە گۆڕان کردوە، یەکەم کاریان پشتگوێخستنی وەسیەتێکی گرنگی رێکخەرەکەیان بو، بەوەوە نەوەستان گۆڕان یان لە بزوتنەوەیەکی جەماوەریەوە کرد بە چەند گروپ تاقمی پەرتەوازە و ناکۆک بەیەک، کردیانە نادیەکی هواتی پۆست و پایە و تاقمگەری کە لە سایەی چرینەوەی " پرەنسیپەکانی رەوانشاد" قەڵغانێکی وەهمیان لە دەوریان چەقاندوە. لە واقیعداا گۆڕان وەک رێکخراو و دامەزراوە نەماوە، ئەوەی ماوە چەند سیاسەتمەدارێكی مەکتەبین نازان بێئەوە چۆن شەو و رۆژ بەسەربەرن.
لاوازترین ئەڵقەی ئەو زنجیرەیە میراتگیری مادیە، کورەکانی کاک نەوشیروان کە بە پێی یاسا ئەوەیان بەردەکەوێت، بە ئاگاوە یاخود بێئاگاییەوە بێت، بونەتە سوتەمەنی بۆ هەوڵەکانی کلۆرکردنی مێژوی کاک نەوشیروان.
جەختکردنەوە لەوەی ئەو میراتە مادیە مافی رەوای منداڵەکانیەتی و کاک نەوشیروان بۆ ئەوانی جێهێشتوە، دو لایەنەیە، لە روی یاساییەوە واقیعە، لە لاکەی ترەوە هەوڵێکە بۆ یەکسانکردنی کاک نەوشیروان و بزوتنەوەی گۆڕان بە نمونەکانی حوکمی بنەماڵەیی، بانگەشەکەرانی ئەم بۆچونە خۆشیان بوێت یاخود ترش دەچنە خزمەتی کامپینی کڵۆرکردنی گۆڕان و دامەزرێنەرەکەی. گوناهی کورەکانی بو کە بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو پرۆسەیە نەکرد و چونە ژێر باری تموحات و دەسکەوتی کاتیەوە، سلێمانی وتەنی لە خشتە بران.
ئەم دو کورەی کاک نەوشیروان ئەزمونی سیاسەتی کوردیان کەمە، لە پر کەوتنە ناو دەریایەک لە فروفێڵ و ساختە و بەرژەوەندخوازی سیاسەتی کوردیەوە، کورد وتەنی ئەوانەی لە هەزار ئاویان داوە قولە پێیان تەر نەبوە. زیادە بۆ ئەمەش لە ژێر کاریگەری حوکمرانی بنەماڵەیی لە کوردستان کورەکان تموحەکانیان بوە تەماع و دەوروبەرەکەیان هاندەر و ئاگر خۆشکەر بون.
هەرچۆنێک بێت سەرجەم ئەو تاقم و گروپ و هێزانە لە پەلاماردانی مێژو و سەروەریەکانی کاک نەوشیروان بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوەی لە سەری کۆکن پەلاماردانی میراتگیری کاک نەوشیروان خاڵی هاوبەشیانە بۆ بە دەستهێنانی مەبەستە جیاکانیان.