Draw Media

كەركوك ... چارەنوسێكی نادیار 

كەركوك ... چارەنوسێكی نادیار 

2019-02-15 19:01:28


عەدنان عەلی 
رەنگە هیچ كاتێك بەراورد بەدۆخی ئێستا , كەركوك لەبەدەم چارەنوسێكی نادیار و تاریكدا نەبوبێ‌, هیچ ستراتیژێكی یەكگرتووی كوردی نیە بۆ ئەو شارە, شكاندنی شكۆ و بێ‌ بایەخكردنی دامەزراوەكانی هەرێم و پەرتەوازەیی لایەنە سیاسیەكان و نەبونی یەك مەرجەع و دامەزراوەی بڕیاردانی سیاسی لە كوردستان كاردانەوە خراپەكانی بۆ ناوخۆ چەند بێت بۆ ناوچە كوردستانیە دابڕاوەكان چەند بارەیە, پارتی و یەكێتی لەسەر ئەرز كەركوكیان بە بەغداد دۆڕاندووە بەڵام لەسەر مێزی دانوستان ململانێیانە لەگەڵا یەكتریدا, تا ئەو دوو حزبە خۆیان بە نوێنەری ئەو شارە بزانن و  كارتی دانوستانی كورد بۆ كەركوك لەدەستی ئەواندا بێت ئەبێ چاوەڕوانی قۆناغی زۆر خراپتر لە قۆناغی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕاوەكان بكرێت, لە ئێستادا داواكاری پارتی و یەكێتی لە بەغداد چڕكراوەتەوە لەسەر ئەوەی دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە, بە شێوەیەك بگەڕێنرێتەوە بۆ قۆناغی پێش (10/6/2014) و هاتنی داعش, نەك ئەو ئاساییكردنەوەیەی لە دوای 2003ەوە كورد داوای دەكات و لە دەستور و ماددەی 140 دا دیاریكراوە, تەماشاكە خواستە نەتەوەییەكە چەند پاشەكشەی پێ‌ كراوە, كە ئەمە رێك دیوێكی تری ئاشكرابوونی ئەو گوتارە ناڕاستە نەتەوەییەی یەكێتی و پارتیە كە تا ئەم ساتەش خۆیان بە نوێنەری راستەقینەی پرسە نەتەوەییەكان دەزانن .
یەكێتی كەركوك بەناوچەی جێنفوزی خۆی دەزانێت, بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ناوخۆی خۆی و سازشە گەورەكانی بۆ پارتی لەماوەی ئەو 14 ساڵەی كە حاكمی یەكەم لەو شارە كورد بوە, پارتی راكابەرییەكی توندی لەگەڵدا كردووەو لە زۆربەی قۆناغە سیاسیەكاندا یەكێتی بێ‌ پارتی نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێك بنێت, وەك ئێستاش دەبینین پارتی رێگری یەكەمە پارێزگارێك لە یەكێتی بۆ كەركوك دابنرێت.
یەكێتی رەنگە نەیەوێت ئەزمونی تاڵی رابردووی خۆی لە كەركوك دووبارە بكاتەوە, كەسێك لە پشكی ئەو بكرێتە پارێزگار و دواتریش بكەوێتە ژێر  هەیمەنەی پارتی, هاوشێوەی دوو پارێزگارەكەی تر. 
تەنها عەبدولرەحمان مستەفا و نەجمەدین كەریم نین كە بە پارتی بون تۆمەتبار دەكرێن ئەوە رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاشە لە یەكگرتووی ئیسلامیە و لەقەبی تاڵەبانیشی هەڵگرتووە بەڵام ئەگەر پارتیەكیش لەو پۆستەدا بوایە رەنگە هەر ئەوەنە خزمەتی بە سیاسەتی پارتی بكردایە, هاوكات تاوەكو پارتی نەهاتە ژێرباری ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا رێبوار تاڵەبانی داوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەكرد.
بە خوێندنەوەی دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم و بەغداد لە نێوان یەكێتی و پارتیدا پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی ئەبێت, بەڵام رێگریەكانی پارتی بۆ دانانی كاندیدێكی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە بەردەوامەو زۆرجار پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە ئەوان دەنگ بە پارێزگارێك نادەن لە "گروپی 16ی ئۆكتۆبەر" بێت, یەكێتیش بە دیاریكراوی بنەماڵەی تاڵەبانی وا دەردەكەوێت بیانەوێت پارێزگارێك دابنێن تا رادەی دڵنیایی یەكلاكەرەوە متمانەیان پێی هەبێت و لە نیوەی رێگادا بۆ پارە پشت لە حزبەكەی نەكات و نەكەوێتە ژێر هەیمەنەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی.
هیچ كاتێك ئەو دوو حزبە بە تێڕوانینی نیشتیمانیانە مامەڵەیان لەگەڵا پرسی كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕواوەكان نەكردوە, ئەگەر وایە بۆچی لەسەر پارێزگارێك بۆ كەركوك رێكناكەون؟! و  كەركوك خاڵێكی ناكۆكی ئەو دوو حزبەیە و كاریگەریشی لەسەر دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت لە هەرێم دروستكردووە, بۆ بیرهێنانەوە لەماوەی رابردوودا دوای كۆبونەوەیەكی حزبە كوردستانیەكان لە كەركوك نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە پرسێك كۆنفرانسێكدا لە تێڕوانینی گەشبینیانەی بۆ كۆبونەوەكە, وتی: حەق وایە ئیتر هەرچی كۆبونەوەی حزبە كوردییەكان هەیە بهێنینە كەركوك! بەڵام ئێستا كەركوك نەك فاكتەری كۆكەرەوەیە بەڵكو خاڵێكی جەوهەری ناكۆكی حزبەكەیەتی لەگەڵا یەكێتی دا. بۆیە نە داواكاری یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد و نە بیانوەكانی پارتیش لە بەرژوەندی خەڵكی پارێزگاكەو پرسی نەتەوەییە لە كەركوك, بەڵكو ململانێكانیان تەواو حزبیەو لەناو هەردوو حزبیشدا ململانێی دوو گرپی دەسەڵاتدار و بەژوەندی خوازە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand