Draw Media

ڕەفحاوییەکانی عێراق کێن؟

ڕەفحاوییەکانی عێراق کێن؟

2019-02-15 17:23:23


گوڵاڵە سدیق 

موچە و دەستەکەوتەکانیان لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ چیە؟   

لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی کەنداو و دەرکردنی هێزە شکست خواردوەکانی عێراق لە وڵاتی کوەیت، لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕینی جەماوەری زۆربەی پارێزگاکانی باکور و ناوەڕاست و خواروی عێراقی گرتەوە.
ئەو ڕاپەڕینەی لە ساڵی ١٩٩١ هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەهەمان شێوە لە ناوەڕاست و خواروی عێراق لە زۆربەی پارێزگانی عێراقدا ڕاپەڕین دژی ڕژێمی پێشوی عێراق سەری هەڵدا، بەڵام بە پێچەوانەی ڕاپەڕینەکەی هەرێمی کوردستان ڕێگە درا بە ڕژێمی پێشو، کە هەمو جۆرەکانی توندوتیژی بەکاربهێنێت بۆ کپ کردنەوە و نەهێشتنی ڕاپەڕینی ناوەڕاست و خواروی عێراق.

ڕێگەدرا دەوڵەتی عێراق فڕۆکە بەکاربهێنێت، بۆ بۆردومان کردن و ڕاونانی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە و کەسوکاریان، ئەمەش وایکرد کە خەڵکە ڕاپەڕیوەکە و کەسوکاریان دەوڵەتی عێراق بەجێبهێڵن و ڕوبکەنە وڵاتی سعودیە.

حکومەتی سعودیە لە شوێنێک کە ناوی ڕەفحا بو، ئەم ئاوارانەی کۆکردەوە و کەمپێکی بۆ دروست کردن کە ١٢ کم دووربو لە سنوری نێوان سعودیەــ عێراق لای پارێزگای موسەناوە.
ژمارەی ئەم ئاوارانە لەسەرەتادا ٢٣ هەزار کەس بو، بەڵام لەساڵی ١٩٩٢، دە هەزار خێزان و عەسکەری تری عێراقی ڕویان لە کەمپی ڕەفحا کرد بەمەش ژمارەیان زیادی کرد.
کەمپی ڕەفحا وەک هەمو کەمپەکانی تر، لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە سەردان دەکران و لە کەموکورتی و کێشەکان دەکۆڵینەوە و هاوکاری خۆراک و جلوبەرگ و پزیشکییان بۆ دەبردن.
لە ساڵی ١٩٩٥ ژمارەیان کەم بویەوە بۆ ١١ هەزار کەس، چونکە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە زۆربەیان ڕویانکردە وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا و ئوسترالیا.
کەمپەکە لە ساڵی ٢٠٠٨ بەتەواوەتی داخرا پاش گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

موچەو دەرماڵەی ڕەفحاوییەکان

لەساڵی ٢٠٠٦ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای زیندانیانی سیاسی دەرکرد، وە ئامانج لەم یاسایە قەرەبوکردنەوەی زیندانیەکان و گیراوەکان و شۆڕشگێڕەکان بو لە سەردەمی ڕژێمی پێشو.

لەم یاسایەدا پێناسەی زیندانی سیاسی بەم شێوەیە کراوە ( هەرکەسێک حەبس یان سجن کرابێت بەهۆی بەرهەڵستکاری کردن لە ڕژێمی پێشو، لە هەڵوێست یان بیروڕا یان لایەنداری سیاسی یان مەیلداری بەلای ئۆپۆزسیۆن بون یان یارمەتی دانی شۆڕشگێڕەکان).

لە هەمان یاسادا هەمان ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی دراوە بە ڕەفحاوییەکان، وە پێناسەی ڕەفحاوییەکان بەم شێوەیە کراوە ( ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوەن لە ساڵی ١٩٩١ کە باری سیاسی ناچاریکردن وڵات بەجێ بهێڵن ڕوبکەنە وڵاتی سعودیە، وە خێزانەکانیان و هەر مناڵێک لەو کەمپە لەدایک بوبێ، وە هەمو قوربانیانی هەڵەبجە کە ڕویانکردوەتەوە جمهوری ئیسلامی ئێران بەهۆی بۆردمانی کیمیایی ڕژێمی پێشو بۆ سەر هەڵەبجەییەکان).

لەم یاسایەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مامەڵەی زیندانی سیاسی لەگەڵ ڕەفحاوییەکان و هەڵەبجەییەکان کردوە، واتە هەمان ماف و موچەی زیندانیانی سیاسی دەیانگرێتەوە وەک قەرەبوەیەک بۆ ئەو ساڵانەی کە لەدەرەوەی عێراق بەسەریان بردوە.
یاساکە بڕی ٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دیناری بڕیوەتەوە بۆ هەر تاکێکی ڕەفحا وەک خانەنشینی، لەگەڵ ٣٠ ملیۆن دینار وەک منحەی خانوبەرە و پارچەیەک زەوی.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی کەمترین بڕی پارەی خانەنشینی مەدەنی ٤٠٠ هەزار دینارە، بەڵام ڕەفحاوییەک تەمەنی یەک ساڵ بێت بڕی ٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار وەردەگرێت لەگەڵ ٣٠ ملیۆن منحەی خانوبەرەو پارچەیەک زەوی!
وە مافی سەفەرکردنی هەیە بۆ دەرەوەی وڵات لەسەر حسابی زیندانیانی سیاسی و مافی خوێندنی لەدەرەوەی وڵات هەیە بۆ زەمالە و لێکۆڵینەوەکان.

ئەم یاسایە مشتومڕێکی زۆری خستووەتە ناو شەقامی عێراقیەوە چونکە دەڵێن نابێت ڕەفحاوییەکان وەک زیندانی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە ئەوان لەناو ئەو کەمپانەدا بێ هیچ ئەشکەنجەدانێک لەگەڵ ماڵو منداڵ و کەسوکاری خۆیان ژیانیان کردوە، بەڵام زیندانیانی سیاسی ڕوبەڕوی جۆرەها شێوازی ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەرونی بونەتەوە.
وە هەرخێزانێکی ڕەفحا چەند سەر خێزان بوبن لە سعودیە، ( ژن و مێرد و هەرتاکێک لە کەمپەکە ژیابێت وە هەر تاکێک لەوێ لەدایک بوبێ، بە تاکێکی ڕەفحا هەژمار دەکرێت)، واتا خێزانێکی ٥ کەسی، پێنج دوو ملیۆن و دووسەد هەزاری وەردەگرن، لەگەڵ پێنج (30) ملیۆنی وەک منحەی خانوبەرەو 5 پارچە زەوی!

لێرەدا پێویستە هەڵوێستە لەسەر چەند خاڵێک بکرێت:

١ـ لە یاسای ڕەفحاوییەکان، هەڵەبجەییەکان وەک ڕەفحاویی هەمان ماف و ئیمتیازیاتیان پێدراوە و وەک زیندانی سیاسی ناسێنراون، ئایا هەڵەبجەییەکان ئەم موچەو ئیمتیازاتانەی ڕەفحاوییەکانیان وەردەگرن؟

٢ـ ئایا موچەی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەیە لە یاسای زیندانیانی سیاسی عێراقی پەسەندکراوە؟

٣ـ ئەو زەمالانەی چەند ساڵێک لە کوردستان پەیڕەو کرا، هەر ئەو مافەی زیندانە سیاسیەکان و هەڵەبجەییەکان نەبو وەک ڕەفحاوییەکان بەڵام بەجۆرێکی تر بە خەڵکی کوردستان فرۆشرایەوە؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand