لامەرکەزی ئیداری
2019-02-15 10:37:22
گۆران قادر- ماستەر لە زانستە سیاسيیەکان
لامەرکەزی ئیداری وەك شێوازێکی گرنگ لە شێوازەکانی ڕێکخستنی ئیداری هەژماردەکرێت وهەروەك چۆن بە بناغەیەکی پتەو بۆ حوکمڕانی عەقڵانی وڕەشید دادەنرێت، وهەروەها ئامرازێکیشە لە ئامرازەکانی چاکسازی ئیداری.
لامەرکەزی ئیداری سیستەمێکە بەهۆیەوە هاوڵاتی لەهەر کۆمەڵگەیەکی لۆکاڵیدا دەتوانێت بەشدارییەکی کارا وڕاستەقینە بکات لە ئیدارەدانی کاروباری گشتی ناوچەکەی خۆیدا، ئەمەش بۆ زامنکردنی پێشکەشکردنی زۆرترین بڕ وبەرزترین ڕێژەی خزمەتگوزاری، جگە لە دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بنەمای لێهاتوویی ولێپرسینەوە.
جێگەی زانینە کە گەشەپێدانێکی هاوسەنگی گشتگیر وبەردەوام، لە چوارچێوەی چەمکی فراوانی گەشەپێداندا، بەدی نایەت بەبێ جێبەجێکردنێکی ڕاست ودروست وواقیعیانەی بیرۆکەی لامەرکەزی ئیداری ودارایی، بەتایبەتی لە دۆخی هەڵنەسانی حکومەت (واتە ئەو حکومەتەی سەنتراڵیانە بیر دەکاتەوە ولە ئەنجامدا سەنتراڵیانە بڕیار دەدات وسەنتراڵیانەش بڕیارەکانی جێبەجێ دەکات) بە ئەرکەکانی یاخود بێ توانایی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرك وبەرپرسیارێتیانەی دەکەونە ئەستۆی، وهەروەها پابەند نەبوون وجێبەجێنەکردن وپشتگوێ خستنی بەڵێنەکان ودابین نەکردنی پێداویستیەکانی کۆمەڵگە وهاوڵاتیان، وبەتایبەتی تریش لە باری زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان لەلایەك، وخراپ بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتی ومرۆییەکان لەلایەکی ترەوە.
لامەرکەزی ئیداری خۆی دەبینێتەوە لە دابەشکردنی ئەرکە ئیدارییەکانی دەوڵەت لە نێوان حکومەت (لە پایتەخت) وئەنجومەنی لۆکاڵی هەڵبژێردراو لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەپێی یاسا، وە یان دەستە وکەسایەتی مەعنەوی گشتی بە مەبەستی لە ئەستۆگرتنی بەشێك لەو ئەرکە ئیدارییانە، بێگومان ئەوانەی پەیوەندیان بە ناوچە (پارێزگا)کەوە هەیە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ وبەشێوازێکی یاسایی لەژێر چاودێری حکومەتدا، وئەمەش بە مەبەستی سوککردنی باری شانی حکومەت وئاسانکاری کردن بۆ هێنانە پێشەوەی کەسانی لێهاتوو وە سودوەرگرتن لە شارەزایی ولێهاتووییەکانیان لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکە ئیدارییەکاندا لە ماوەیەکی کورت وخێرادا، بە مەرجێك بارودۆخ وتواناکانی ئەو ناوچە (پارێزگا)یە بەهەند وەربگیرێت وڕەچاو بکرێت.
لامەرکەزی ئیداری سێ ڕوکنی سەرەکی هەیە کە ئەوانیش بریتین لە :
١- بوونی بەرژەوەندی لۆکاڵی وگرنگیپێدانی تایبەت بەو ناوچە (پارێزگا)یە.
٢- بوونی ئەنجومەنی لۆکاڵی هەڵبژێردراو کە ڕاسپێردراو بن بۆ ئیدارەکردن وبەدیهێنانی ئەو بەرژەوەندییە لۆکاڵییانە (ناوخۆییانە)ی ئاماژەی پێدرا.
٣- بوونی چاودێریی حکومەت لەسەر ئە ئەنجومەنانە بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بەشێوەیەك لە چوارچێوەی یاسا تایبەتەکان لەمبارەیەوە تێنەپەڕێت.
لەمەوە دەردەکەوێت کە بیرۆکەی سەرەکی ودەسپێکی سروشتی دروستبوونی لامەرکەزی دانپێدانە بەوەی کە هەندێك بەرژەوەندی تایبەتە وسروشتێکی لۆکاڵی هەیە بەشێوەیەك بە ئاشکرا دەبینرێ کە کاریگەری ئەو بەرژەوەندییانە لەسەر کۆمەڵگە لۆکاڵیەکە زیاترە وەك لە کۆمەڵگەی نیشتمانی بە گشتی. بۆیە لە بەر ڕۆشنایی ئەم زانیارییانە باشتر ولەبارتر وایە کە لامەرکەزییەت لە هەرێمدا لەسەر ئاستی پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت، وکاروباری بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانە بەجێبهێڵرێت بۆ خەڵکی ناوچە (پارێزگا)کە خۆیان، چونکە ئەوان لە هەمووان زیاتر بە پەرۆشترن وزیاتریش سودمەند دەبن لەو بەرژەوەندی وپێداویستیانە، بۆیە زۆر باشتر دەبێت کە کاری بەدیهێنانی ئەو ئامانج وتێرکردنی خواستەکانی خۆیان بەجێبهێڵرێت بۆ خۆیان، وە لە ڕووی یاساییشەوە هەمواری پێویست بۆ یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی (٢٠٠٩) بکرێت بەشێوەیەك کە دەستەبەری لامەرکەزی ئیداری ودارایی تەواو بکرێت بۆ پارێزگاکانی هەرێم، وهەروەها ڕەچاوی دروستبوونی پارێزگای نوێ بکرێت لە داهاتوودا.