چی تر بێدەنگیی لەتوانادا نیە!
2019-02-15 10:30:50
فایەق مستەفا
(لم يعد الصمت ممكنا)
هەمیشە لەگفتو گۆ و لەنوسینیشدا هەوڵم داوە هەتا لەتوانادابێت ووشەی کوردی بەکار بێنم ،بەڵام پێم وایە ئەو دەستەواژەیەی سەرەوە زیاتر بەزمانی عەرەبی ئەتوانێ دەربڕی ئەو هەڵوێست و هەستە بێت لەئاست ئەو بابەتەی کەمەبەستمە بۆچوونی خۆم لەبارەیەوە بخەمەڕوو.
* بزوتنەوەی گۆڕان گەورەترین هەڵە دەکات ئەگەر بیەوێت لەپێکهێنانی حکوومەتدا ببێتە کارتی فشاری دەستی پارتی لەبەرامبەر یەکێتی و هەموو پڕەنسیپەکانی بزوتنەوەکە بکاتە قوربانیی حەز و ئارەزوو و بەرژەوەندیە کەسیەکانی چەند کەسێکی بەرژەوەند خواز و پۆست پەرست و بیەوێت لەچوارچێوە و بەسوود وەرگرتن لە ململانێی ئەو دوو هێزە پێگەیەک بۆخۆی بەدەست بهێنێتەوە کەهۆکارگەلێک بوونە هۆی لەدەستدانی!! .
* پارتی ئەگەر بیەوێت هەمان ئەزمونی ساڵی ٢٠١٤ دووبارە بکاتەوە بەپێکهێنانی حکوومەت بەبێ یەکێتی و پێی وابێ یەکێتی لەدوای ئەوە بەناچاریی مل کەچ ئەبێ و بەناچاریی بەشداریی حکوومەت دەکات و دەبێتە خاڵی لاواز بۆی هەڵەیەکی گەورە دەکات و بەبۆچونی من ئاسەوارەکانی کاردانەوەی یەکێتی لەوەها بارودۆخێکدا بەجۆرێک ئەبێت کەکاریگەریی بۆسەر بارودۆخی هەموو خەڵکی کوردستان دەبێت و ئەو کاتەش بەرپرسیارێتی ئەو بارودۆخە لەئەستۆی ئەوانە دەبێت کە یەکێتی ناچار بەوەها کاردانەوەیەک ئەکەن،بەڵێ ئەم بارودۆخە زۆر خراپە بەڵام لەمەش خراپتر هەیە!!!
* گرنگە ئەوەمان لەبەرچاوبێت یەکێتی وێڕای خراپیی بارودۆخی ناوخۆیی لەپرۆسەی ململانێ لەگەڵ پارتی لەبابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە پێی نایە قۆناغێکی ترەوە و خاڵی وەستاندنی بۆ ئەو زنجیرە سازشە دانا کە ماوەیەکی زۆربوو لەسەری بەردەوام بوو لەبەرامبەر پارتی (سەرەڕای بەرژەوەندی جۆرا و جۆری هاوبەش و لێک ئاڵاوی لەگەڵیدا).
بۆیە پێویستە گۆڕان لەبەر ڕۆشنایی ئەو پڕەنسیپە بنەڕەتیانە هەنگاوبنێ کە بزوتنەوەکەی لەسەر پێکهات و قوربانیی زۆری لەپێناودا دراوە نەک ئەو پڕەنسیپانە بکرێنە قوربانی بەرژەوەندیە کەسیەکانی چەند کەسێکی هەلپەرست و پۆست و بەرەژەوەندیی خواز.
ئەمە بەرپرسیارێتیەکی مێژویی هەستیارە!!!.