لە پای قسەكانی ئاراسی وەلی
2019-02-14 19:12:35
لەتیف فاتیح فەرەج
دڵنیام كاك ئاراس بە سنگی فراوانەوە ئەو سەرنجەم لێ وەردەگرێت و تێدەگات من چی دەڵێم ، هەڵبەت زۆریشم حەز دەكرد ئەم كورتە نوسینە لە سبەی دابەزێت ، لێ لە بەر ئەوەی ئێستا بابایەك بە سەر هاوڕێیانی سبەیەوە دانراوەو بیانووی هەیە هەندێ كەس لەوێ نووسینیان دابەزێت ، ناچاربووم لە شوێنی دیكەی دابەزێنم .
لەم نوسینە كورتەدا لە سەر دوو خاڵ قسەدەكەم و هیچی تر ، كاك ئاراس دەڵێت " پارتی دیموكراتی كوردستان بە زۆربەی بەرنامە چاكسازیەكەی گۆڕان رازیەو كەمترین بەریەككەوتن و خاڵی ناكۆك هەبووە " من لام وایە ئەم ئومێدە زۆرە بە پارتی جۆرێك لە خەیاڵ پڵاوی پێوەیە، لەبەر ئەوە ی گۆڕان ئەزمونە پێشتری زۆر تاڵی لە تەك پارتیدا هەیە كاتێك پەیامی چوار ساڵی ئارامی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەستی پارتی پەڕاش پەڕاش كراو هەڵوەشێنرایەوە ، ئەگەر وایە لەبری كاك ئاراسی وەلی و گۆڕان دەبێت پارتی ئەو قسەیە بكات و بەنووسراویش بڵاوی بكاتەوە كە بە زۆربەی بەرنامە چاكسازیەكەی گۆڕان رازیە ،هەرچەند ئومێد بەستن بەوەش ئەستەمە ، چونكە ئێستا گەمەكە گەمەی بەرژەوەندی و سەرقاڵكردنە .
ئاراس وەلی باس لە نوسینەوەی دەستورێكی باش دەكات " جەخت لە نووسینەوەی دەستورێكی باش دەكەین " لە ساڵی 1992ەوەوە هەمیشە لەمپەرو بەربەست دەخرێتە بەردەم نوسینەوەی دەستور ،كاتی خۆی دكتۆر نوری تاڵەبانی و خەڵكی تریش ئامادەیی ئەوەیان دەر بڕی دەستورێكی باش ئامادە بكەن ، نەكرا نوسینەوەی دەستور مایەوە تا ئێستا ، سەدان وتار لە سەر دەستور نوسرا ، سەدان تەنزو رەخنە ، خۆم چەندین وتارم لە سەر دەستورو پرسی كەركوك نووسی ، وەك پڕۆژەو بەرنامە دامانە پارلەمان و لایەنەكان ، نەكراكاتێ گۆڕان لە پارلەمان و حكومەتا بوو هەوڵی زۆر درا دەستورەكە تەواو بكرێت دیسان وێرانكرا ، ئێستا ئەم ئومێدە لە پای چی ، ئاخۆ دنیاكە بەو جۆرە گۆڕاوە كە لە ئامادەیی مام جەلال و نەوشیروان مستەفادا شتناكرا ئێستا بكرێت كوردەكە دەڵێت " خوا بكەم ".
من تەنها یەك شتم لە كاك ئاراسی وەلی دەوێت با داوا لە پارتی بكەن بەڵێن بدات پابەند بێت بە بەرنامە هاوبەشەكەوە نەك ئەوەی گۆڕان ، هەروەها ئەوەشی پێبڵێن كە نەگۆڕان و نەیەكێتی لێبوكی ئەو نین ، تا هەوڵی ئەوە بدات بیانكاتە ئەڵتەرناتیفی یەكتر بۆ تێكدانی پەیوەندی نێوان ئەو دوو لایەنە
وەسەلام