گۆڕان وسەرۆکایەتی هەرێم
2019-02-14 17:22:31
د. ئیسماعیل نامیق
هەمومان بیرمانە لەکاتی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمدا رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ووتی: (( ئێمە سیستمێکی پەرلەمانیمان ئەوێ هاوشێوەی بەغداد )). ئاشکراشە پۆستی سەرۆکی کۆمار لەسیستمەکەی بەغدادا پۆستێکی تەشریفاتیە وئەرکەکەی بریتیە لەکۆبونەوە، میوانداریکردن، میوان بەڕێکردن، واژۆی رۆتینی لەسەر یاساکانی ئەنجومەنی نوێنەران ونوسراوەکانی ناوکۆشکی سەلام ولەکۆتاییدا وێنەگرتنی هەموو ئەوانە.
ململانێ وشەڕی دوو ساڵی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا وسەرەنجام دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان ووەزیرەکانی، هەمووی لەسەر ئەوە بوو ئێمە دەمانووت: پێویستە سەرَوکی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت ودەسەڵاتی تەشریفاتی هەبێت ولەبەردەم پەرلەمانیشدا بەرپرسیار بێت، لەبەرامبەردا پارتی دەیووت: بۆئەوەی وڵاتێکی بەهێز بوونی هەبێت، پێویستە سەرۆکێکی بەهێز هەبێت، بۆ ئەوەی سەرۆکیش بەهێز بێت پێویستە راستەوخۆ لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت ودەسەڵاتی تەواو وراستەقینەی هەبێت.
بەڵام لەئێستادا کەباسی ئەوە دەکرێـت پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بدرێت بەگۆڕان، پرسیارە جدیەکان بریتین لە:
1) ئایا گۆڕان دەیەوێت سەرۆکی هەرێم هەموو ئەو دەسەڵاتە زۆر وزەوەندانەی ئێستای هەبێت؟ بەدڵنیایەوە نەخێر، چونکە رازیبون بەمە تەواو دژ دەوستێت لەگەڵ پرەنسیپی گۆڕان بۆ مامەڵەکردن لەتەک ئەم پرسەدا. هەرچەندە پارتی لەئێستادا و بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز لەنێوان جەمسەرەکانی بنەماڵەی بارزانیدا بەوە رازی دەبێت سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام ئایا بەتەنها ئەمە بەسە؟ ئایا بەتەنها هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمانەوە ولەبەر بارودۆخی ناوپارتی، مانای وایە داواکاریەکانی گۆڕان لەم پرسەدا لەبەر چاوگیراوە، وەکو پێشتر ئەندازیارانی پرۆژە یاسای درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بانگەشەیان بۆ دەکرد؟ ئایا وەرگرتنی جێگری سەرۆکێکی لەوشێوەیە سیستمێکی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغداد لەهەرێمدا جێگیر دەکات؟ ئایا ئەگەر نێچیرڤان بارزانی لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت هیچ دەستەبەریەک هەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت بانگهێشتی بکات ولێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات؟ ئایا لەو ماوە درێژەی کە ناوبراو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو، پەرلەمان جگە لەمیوانداریکردن، چەند پرسیاری لێکرد وچەند جار بانگهێشتی کرد بۆ پرساندن؟ ئەی ئەم خولە کە پارتی خاوەنی 45 کورسیە وزۆر بەئاسانی دەتوانێت زۆرینەی رەها بۆ هەر بابەتێک دروست بکات، کێ جورئەت دەکات باسی لێپرسینەوە و پرساندن لە ناوبراو وئامۆزاکەشی بکات؟
2) گریمان پارتی هەموو داواکاریەکانی گۆڕانی جێبەجێکرد ورازی بو بەکاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم وهەموارکردنەوەی بەشێوەیەک سەرۆکی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت ودەسەڵاتەکانیشی تەشریفاتی بن، ئایا داواکاری دەنگدەرەکانمان وخەونی گۆڕانخوازان بەوە بەدیدەهێنرێت کەجێگری سەرۆکی پۆستێکی تەشریفاتی وەربگرین؟
بەکورتی ئەمەوێت بڵێم، ئێمە پێشتر شەڕی ئەوەمان کردوە کە سیستمێکی پەرلەمانی باش لەهەرێمدا جێگیر بکرێت، هەموو قوربانیەکیشمان لەپێناویدا دا، واتە شەڕی ئێمە شەڕی سیستم بوو، نەک شەڕی کەس، چەندین جاریش ئەوەمان دووپاتکردۆتەوە گرنگ نیە کێ سەرۆکی هەرێم دەبێت، ئەوەی گرنگە سەرۆکێک بێت، خاوەن دەسەڵاتی تەشریفاتی بێت ولەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت وپابەند بێت بەیاساکانەوە. بۆیە زۆر بەڕونی رایدەگەیەنم، رازیبوون بەجێگری سەرۆکێکی بەهێز دژ دەوەستێت لەگەڵ پرەنسیپ وگوتارەکانی پێشووی گۆڕاندا، وە رازیبوون بەجێگری سەرۆکێکی خاوەن دەسەڵاتی تەشریفاتی تەواو ناکۆکە لەتەک داواکاری وخەونی دەنگدەران وگۆڕانخوازاندا، کەواتە لەهەردوو بارەکەدا وەرنەگرتنی باشترە لەوەرگرتنی. هیوا دارم کەس گریمانە بەناوی رەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە نەکات، بێت وپێمان بڵێت فڵان رۆژ وای ووت، یان ئەگەر خۆی بمابا وایدەکرد، ئەمانە هەمووی بیدعەو قسەهەڵبەستنە، بەڵام ئەگەر بەنووسین یان بەووتن رایەکی پێچەوانەی ئەمانەی هەیە ئاسایە بخرێتە روو جگە لەوە هیچ شتێک بەناوی رەوانشادەوە قبوڵکراو نیە.
لەکۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەراستیەکی تاڵ بکەم، ئەویش ئەمەیە: پارتی بەژمارە زۆر شتی بردۆتەوە، ئێمە بەژمارە هەندێک شتمان لەدەستداوە، ئەمە کۆتایی دنیا نیە ودەکرێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئێمە براوەو خاوەن ژمارەی زۆر وگەورە بین، بەڵام بەمەرجێک دەست بگرین بەگوتار وقەزیە جەوهەریەکان وپابەندبین بەپرەنسیپەکانمانەوە. نابێت لەژێر کاریگەری هیچ بیانوو بارودۆخێکدا دەستبەرداری قەزیە وگوتار وپرەنسیپەکانمان بین، لێنەگەڕێین هیچ هێزێکی تر شەڕی ئەوانەمان لێبەرێتەوە.