Draw Media

راستییەكان دەربارەی فەنزوێلا - ئەفسانەی نەوتەكەی

راستییەكان دەربارەی فەنزوێلا - ئەفسانەی نەوتەكەی

2019-02-12 15:42:24


عەلی مەحمود      

ئەوەی هەواڵەكان فەنزوێلا رۆژانە دەخوێنێتەوە, وا دەبینێت مادۆرۆ ستالینێكەو كۆلاكەكانی لە سۆفخۆزو كۆلخۆزەكان زیندانی كردوەو و بەرازو مانگاكانی لێسەندونەتەوە و سەنتیمەترێك زەوی بە دەستیانەوە نەماوەو سەرجەم كارگاو كارخانەكان دەستیان بەسەردا گیراوەو موڵكداری تایبەتی تەیریشی بە ئاسمانەوە نەهێشتووە, ئەم خەڵكە پێش شافێز هەموو لە بەختیاری و خۆشی و دیموكراسیدا بە ئارامی ژیاون, كەراكاس جیهانی دیلمۆنێك بووە بۆ خۆی, شارە ئەفسانییەكەی ئارامی و ئاسایشی و یەكسانی و بەختەوەری بووە, ئەم دێوەزمەیەی ناوی شافیز بوو هەمووی تێكداو بەسەر یەكدا وێرانیكرد, ئێستا ئەوەی لەل بكات زمانی دەبڕێتەوەو رۆژانە لەسەر شەقامەكان سعودیە ئاسا هەر سەرەو بە دەستی شمشێر بەدەستەكان دەپەڕێنرێن, هەر دەستەو لە بنەوە فت دەكرێت, لەم وڵاتە پێشتر برسێتی و جیاوازی چینایەتی نەبووە, رۆژهەڵات و رۆژئاوای كاراكاس بە سەنتیمەتر باڵەخانەكانیان لە یەكتری بەرزتر نەبووە, هەنووكە رۆژانە زیاتر لە سعودیەو روسیا نەوتی هەناردە كردووەو بە ناوی میرەكانی كەراكاسەوە لە بانكەكانی سویسراو ئەمەریكا هەڵگیراون, لە هەڵبژاردنەكان شافێزو مادۆرۆ بە رێژەی 99,99% دەرچوونەتەوە, بۆ وەڵامدانەوەی ئەم خاڵانەو دەرخستنی راستییەكان ئێستاو پێش سەركەوتنی شافیز لە چەند بەشێك كۆمەڵێك زانیاری دەخەمە بەردەستان كە راگەیاندنەكان خۆیان لە بڵاوكردنەوەی دەپارێزن.
راگەیاندنەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2017ەدا 3880 هەواڵی لەسەر فەنزوێلا هەبووە, 11 هەواڵ لە رۆژێكدا, كە 91%ی بە خراپە باسی فەنزوێلای تێدا كراوە, راگەیاندنی ئەڵمانیا لە هەمان ساڵدا 630 هەواڵ , مەكسیك و كۆڵۆمبیا 4200 هەواڵ هەموو تیایدا بە خراپە باسی دەسەڵاتی ئێستای فەنزوێلا كراوە, راگەیاندنی شیلی 3133 هەواڵی لەسەر فەنزوێلا بڵاو كردۆتەوە زۆرینەی بە خراپە, تەنها رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی سعودی ساڵی 2018 زیاتر لە 500 هەواڵ و وتاری لەسەر فەنزوێلا بڵاوكردۆتەوە, یەك هەواڵی بە چاكە نەبووە, هیچیان باسی ئابلوقەیان نەكردووە بەسەر فەنزوێلادا سەپاوە, ئامارو زانیاری ورد و زانستیان بڵاو نەكردۆتەوە, بە تایبەتیش راگەیاندنی كوردی زۆر كۆڵەوارن لەو ئاستەدا, ئەوەی باسكراوە سۆسیالزم دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەمەریكای لاتینی بەرەو برسێتی و ئاوارەیی بردووە, ئەدی دەبێت ئاماری هەواڵەكانی ساڵی 2019 بگاتە چەند؟.
لە سەرەتای سەدەی بیست و تا ناوەڕاستەكەشی بە تایبەت ساڵی 1928 دا فەنزوێلا یەكەم بەرهەم هێنەری نەوت بووە لە جیهاندا, تەنانەت لە جەنگی جیهانی دووەم نەوتی فەنزویلی رۆڵی گرنگی گێڕا لە بڵاو بونەوەی سوپای ئەمەریكا لە جیهاندا, ماشینی جەنگی سوپای هاوپەیمانانی بە ئیش خستبوو. 
راستە فەنزوێلا خاوەند 300,878 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەكە و لە پلەی یەكەمی جیهاندایە, وەلێ یانزەهەمین بەرهەم هێنەری نەوتە لە جیهان و شەشەمی ئۆپێكە, رۆژانە 2276967 هەزار بەرمیل نەوتی لە ساڵی 2018 بەرهەم هێناوە كە دەكاتە تەنها 20%ی بەرهەمی سعودیە, لەو بڕەش لە ساڵی 2014 ەدا تەنها 1,514,000 بەرمیلی لێ هەناردە كردووە ئێستاش لە خوار ئەو ئاستەیە, ئەوەی شایانی باسە پێش بە دەسەڵات گەیشتنی شافێز فەنزوێلا رۆژانە 3,2 ملیۆن بەرمیلی هەناردە كردووە, لە بەشەكانی داهاتوودا دەبینین ژیانی هاووڵاتی ئەوكات باشتر بووە یان لەسەردەمی شافێز , پێشبینی دەكرێت لە سەپتەمبەری ئەمساڵ هەناردەی نەوت بۆ 2,5 ملیۆن بەرزی بكاتەوە, واتا فەنزوێلا لە ئێستادا تەنها 18,24%ی سعودیە نەوتی هەناردە كردووە, یەدەك كاتێك دەبێتە پارە كە بەرهەم بهێنرێت و ساغ بكرێتەوە لە بازاڕ, وەلێ كاتێك خاوەو لە ژێر زەویدایە و نەكراوەتە پارە, سەرمایەی دوارۆژە نەك ئەمڕۆ, بەڵام تێچووی بەرمیلێك نەوتی فەنزویلی 23,5 دۆلارە بۆ دەرهێنان و ناردنە دەرەوە, كەچی لە كوەیت 8,5 دۆلار, سعودیە 9,9 دۆلار, عێراق 10,7 دۆلار, ئێران 12,6 دۆلارە , .... بە تایبەتیش نەوتی قورس لە هەرێمی ئۆرینكۆی فەنزوێلی نرخی تێچوی دەرهێنانی وەك نەوتی لمی كەنەدایە, كە 41,1 دۆلارە بۆ بەرمیلێك لە ساڵی 2015ەدا, كە لە هەمان ساڵدا نەوتی ئۆپێك نەك فەنزویلی بەشێوەی گشتی 51,06 دۆلار بووە, بۆیە پارەی سافی ماوەی نەوتی فەنزوێلی كەمترە لە وڵاتانی دی, راستە هەموو نەوتن, وەلێ لە روی تێچووی دەرهێناندا جیاوازن, بۆیە پارەی بە دەستهاتووی نەوتی فەنزوێلی و كەنەدی و ئەمەریكی و ئیكوادۆری كەمترە لە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست, لە هەندێك كاتدا بە تایبەت ئەو كاتانەی نرخ دابەزی دەبینین نرخی دەرهێنان و هەناردەكردنی خۆی دەرنەهێناوەتەوە, ئەمە سەرباری ئەوەی حكومەتی فەنزوێلا هەرزانترین بەنزین و سوتەمەنی لە جیهاندا پێشكەش هاوڵاتیەكانی دەكات, لیتری بە یەك سەنت, ئەمەش وەك باوەڕێك شافێز هەیبوو نەوتی خەڵكە دەبێت بۆ خەڵك بە خۆڕایی بێت, كە بەشی زۆری بە قاچاغ بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەت كۆڵۆمبیا دەڕوات, كە بۆ خۆشی بەرهەم هێنەری نەوتە, بۆ رێگریكردن لەمە حكومەت بڕیاری داوە لە رێگای كارتی هۆملاندەوە هاوكاری هاووڵاتیان بكاتەوەو نرخی بەنزین گران بكات, ئەوانەی كارتی هۆملاندیان هەیە بە نرخی جاران بەنزینیان پێ دەدرێت, كارتی هۆملاند كارتێكە هاوتای كۆپۆنی خۆراكی لەمەڕ خۆمانە دەدرێت بە هەژارانی فەنزوێلا. 
هەمیشە كۆمپانیا ئەمەریكیەكان باڵادەست بوونە بەسەر نەوتی فەنزوێلاو تاڵانیان كردووە, تەنانەت ئێستاش 41%ی نەوتی فەنزوێلا بۆ ئەمەریكا دەڕوات, بۆیە نەوت ناوەندی مامەڵەی ئەمەریكا بووە لە گەڵ فەنزوێلا, بە تایبەتیش پاش دۆزینەوەكانی ساڵەكانی 2000 بە دواوە, كە فەنزویلای گەیاندە خاوەند یەكەم یەدەك لە جیهان ئەم وڵاتە گرنگی زیاد بوو بۆ ئەمەریكا, تەنانەت لە 11ی ئەبرێلی 2002 دا بیدرۆ كارمۆنا جەنەراڵی نەوت كودەتای كرد بەسەر شافێزدا, كۆمپانیای نەوت ناوەندی كێشمە كێشەكان بوو, كرێكارانی نەوت دژ بە شافێز دەستیان دایە مانگرتن و بەرهمیان كەمكردەوە, لێ لە 14-4ی هەمان ساڵدا پاش 48 كاتژمێر لە كودەتاكە, بە پشتیوانی خەڵك شافێز گەڕایەوە "میرا فلۆریس" كۆشكی كۆماری" و كارمرناش بووە پەنابەر لە كۆڵۆمبیا.
فەنزوێلا سەدەیەك زیاترە لەسەر نەوت ژیاوە بە بونی جیاوازی زۆری زەقی چینایەتیەوە, هەمیشەش سەرچاوەی نەخۆشی كوشندەی هۆڵەندی بووە لەم وڵاتە وەك كوردستان, چۆن كوردەكان گۆشتی برژاو لە ئەرجەنتینی زیاترە خۆن, بەهەمان شێوە ئێستاش فەنزوێلییەكان ویسكی لە سكۆتلەندییەكان زیاتر دەخۆنەوە, جیاوازیەكە ئەوەیە جاران هەژاران ناڕازی بوون بە بەشی خۆیان, ئێستا ئۆلیگارشی و سەرمایەداران, رێك پیچەوانەی كوردستانەكەی خۆمان كە بۆتە بەهەشتی سەرمایەداران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand