Draw Media

به‌ عه‌قڵانیكردنی دیپلۆماسی كوردی

به‌ عه‌قڵانیكردنی دیپلۆماسی كوردی

2019-02-10 21:08:41


د. هەردی مێد 

دیپلۆماسی حكومه‌تی هه‌رێم جگه‌ له‌وه‌ی حزبییه‌، واته‌ به‌رژه‌وه‌ندی و لۆژیكی حزبی به‌ سه‌ردا زاڵه‌، دوو خه‌سڵه‌تی تری هه‌ن كه‌ كه‌م تا زۆر له‌ سه‌ری نه‌دواوین، له‌ كاتێكدا به‌ رای من هه‌ردووكیان دوو گرفتی سه‌خت و دوو له‌مپه‌ری زه‌قی به‌رده‌م نشونما و پێشكه‌وتنی ئه‌م كایه‌یه‌ن. یه‌كه‌م، نه‌بوونی كه‌سی پسپۆر و به‌ ئاگا له‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و بواری دیپلۆماسیه‌. زۆرێك له‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ بونه‌ته‌ ئه‌كته‌ر و دیپلۆمات له‌ هه‌رێم، پسپۆری ئه‌م بواره‌ نین. زۆرینه‌ی به‌رێكه‌وت و پاشان ته‌نها به‌ فه‌زڵی زانینی زمانی ئینگلیزیه‌وه‌ له‌م بواره‌دا ته‌عینكراون. هه‌ژاری ئه‌زمون و ده‌ستپێتی نوخبه‌ی سیاسی له‌ ساڵانی ١٩٩٠ كان دۆخێك دروست ده‌كات كه‌ كه‌سانێك ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی ده‌زانن و به‌ رێكه‌وت به‌ یه‌كێك له‌ پیاوه‌ سیاسیه‌ ده‌ستڕۆشتووه‌كان‌ ده‌گه‌ن، ده‌بن به‌ وه‌رگێر، دواتر به‌رپسی حزبی و حكومی. واته‌، زمانی ئینگلیزی زه‌مینه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ په‌یژه‌ی حزب و حكومیان بۆ ده‌سازێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێكشیان ده‌بنه‌ ئه‌كته‌ری زۆر گرنگی بواری دپلۆماسی. كاتێك ته‌ماشای ڕێڕه‌وی كه‌سیی زۆرێك له‌ دیپلۆماته‌كان ده‌كه‌یت، خێرا وا هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌‌ دواجار <پێوه‌ری بنه‌ڕه‌تی> بوون به‌ دیپلۆمات له‌ هه‌رێم زانینی زمانی ئینگلیزیه، نه‌ك قاڵبونه‌وه‌ و بوونی پاشخانی زانكۆیی له‌ بواری دیپلۆماسی.

گرفتی دووه‌م، نه‌بوونی كه‌سانی پسپۆر و لێكۆڵه‌وه‌ره‌ له‌م ده‌ستگایه‌دا سه‌باره‌ت سیسته‌می سیاسی و ده‌ستگایی وڵاتانی خۆرئاوا. بۆ نمونه‌، كێ هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان و له‌ ده‌ستگای دیپلۆماسیدا ئاشنای سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا بێت؟ كێ هه‌یه‌ ئاشنا و پسپۆری كۆنگریسی ئه‌مریكی بێت و بزانیت به‌ راستی ئه‌م ده‌ستگا زه‌به‌لاحه‌ چۆن كار ده‌كات؟ چۆن كورد ده‌توانیت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، په‌نتاگۆن، تد بكات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی بپارێزێت گه‌ر سه‌ری له‌ پرۆسه‌ی دانوساندن و گه‌شتن به‌ كۆده‌نگی، گه‌مه‌ی كۆمیته‌كان، له‌مپه‌ر و كۆنترۆلی په‌رله‌مانی… نێو كۆنگریس ده‌رنه‌چێت؟ ساڵانێك له‌مه‌و به‌ر وڵسن بۆ گوزارشتكردن له‌ گرنگی و هه‌یمه‌نه‌ی كۆنگرێس له‌ سه‌ر گه‌مه‌ی سیاسی له‌ ئه‌مریكا ده‌یوت سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا بریتیه‌ له‌ <حكومه‌تی كومیته‌كانی كۆنرێس>. بۆیه‌، هه‌رگیز، كورد ناتوانیت به‌ بێ سه‌رده‌ر‌چۆن و جڵه‌وكردنی گه‌مه‌ی سیاسی و په‌رله‌مانیی نێو كۆنگرێس به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی دۆخ و ناجێگیری گه‌مه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بپارێزێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا.

له‌م دیگایه‌وه‌‌، ده‌بێت له‌مه‌ودوا كار بۆ عه‌قڵانیكردنی ده‌ستگای دیپلۆماسی بكرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك كار بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی پێوودانگه‌كانی ته‌عیبوونی تێدا بكرێت، هاوتا هه‌وڵی په‌رورده‌كردن و هێنانه‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و لێكۆڵه‌وه‌ر و پسپۆره‌ جددیانه‌ بدرێت كه‌ ئاشنای ده‌ستگا سیاسیه‌كانی خۆرئاوان و ده‌شێت پشت به‌ توانا و ئه‌ز‌مونیان ببسرێت بۆ پته‌وكردنی دیپلۆماسی كورد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand