Draw Media

رێگا راسته‌که‌ی یه‌کێتی...

رێگا راسته‌که‌ی یه‌کێتی...

2019-02-09 10:32:27


له‌تیف حسێن
وه‌ک کادرێکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، هه‌میشه‌ باوه‌ڕم به‌وه‌بووه‌ که‌ یه‌کێتی هیچ که‌سێکی فێری ئه‌وه‌ نه‌کردووه‌ خه‌ڵک بچه‌وسێنێته‌وه‌و له‌بری خزمه‌تکردنی خه‌ڵکی گیرفان و سه‌رخان و ژێرخانی خۆی پڕ بکات و ژیانی خه‌ڵک بخاته‌ لێواری مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ هه‌ندێ له‌ که‌سه‌کانن که‌ له‌ په‌ناوپه‌سێری یه‌کێتیدا خۆیان له‌ یه‌کێتی پێ گه‌وره‌تره‌و هه‌رچیان ده‌وێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ن...
ئێمه‌ یه‌کێتی فێری ئه‌وه‌ی کردووین، سه‌ربه‌رزانه‌ حزبایه‌تی بکه‌ین و هه‌ڵه‌و که‌موکوڕی و ته‌نانه‌ت شکسته‌کانیشمان ببینین، بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌مان روون بێت و هیچ کاتیش له‌مه‌ سڵمان نه‌کردۆته‌وه‌، بۆ ئێستاش پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین، که‌ یه‌کێتی هێزێکه‌ فێری که‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی گه‌وره‌شه‌، بۆیه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌مێک کێشه‌و ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کانمان هێوربوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای چاره‌سه‌رکردن نییه‌و به‌ڵکو گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت هه‌موو کات ئه‌بێت چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌ی بکه‌ین و یه‌کێتیش تووشی سه‌رئێشه‌ی گه‌وره‌ ببێت...
بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌رباری گۆڕانکاری و سه‌روبه‌ندی پێکهێنانی حکومه‌تی هه‌رێم، ئه‌بێت هه‌ر کادرێک خۆی به‌یه‌کێتی بزانێت جه‌خت له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ حزبه‌که‌ی له‌هه‌موو کات زیاتر ئێستا پێویستی به‌ کۆنگره‌یه‌کی ته‌واو گۆڕانکاری و به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هه‌یه‌، تا بتوانێت بۆ قۆناغی داهاتووی حزبایه‌تی و حکومه‌تداری باشترین خزمه‌ت به‌خۆیی و خه‌ڵکی بکات و دانیشتن به‌دیار ده‌ستکه‌وته‌کانی رابردوو، دادی حزبه‌که‌مان نادات و خه‌ڵکی زیاتر نیگه‌ران و ناڕازی ده‌بێت لێی...
ئه‌رکی یه‌کێتییه‌کان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ فشاری جددییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری کۆنگره‌ به‌کرداری بدرێت، گه‌رچی له‌ سه‌رکردایه‌تی بۆ هه‌موو ئۆرگانه‌کان داوای به‌ستنی ده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه‌شه‌ داواکردنی به‌ستنی کۆنگره‌ ده‌بێت ببێته‌ سه‌نگه‌رێک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کانی به‌خۆداچوونه‌وه‌و نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌م حزبه‌بچێته‌ قۆناغی جێبه‌جێکردنه‌وه‌، نوێبوونه‌وه‌ی حزبێک که‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌ گه‌نج و خوێنی نوێ و نه‌وه‌ی نوێ دروستیکردووه‌و پێشه‌نگ بووه‌ له‌ هه‌نگاوی نوێبوونه‌وه‌، که‌چی به‌داخه‌وه‌ ئێستا خه‌ریکه‌ ده‌چینه‌ خانه‌ی کۆن بوونه‌وه‌و خه‌ڵکی تر فێره‌ نووێبوونه‌وه‌مان ده‌کات، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌یه‌ ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌رکی یه‌کێتییه‌ دڵسۆزه‌کانه‌ که‌ به‌ستنی کۆنگره‌ بکه‌نه‌ دووڕیانی چاره‌نووسسازی حزبه‌که‌یان، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ کۆنگره‌ بتوانێت یه‌کێتی بکاته‌ حزبێکی جیاواز، یان به‌م دۆخه‌ی ئێستا بمێنینه‌وه‌ که‌ که‌س خۆزگه‌مان پێ ناخوازێت و هه‌میشه‌ بووینه‌ته‌ هه‌واڵ و راپۆرتی نه‌یاره‌کانمان و حزبۆکه‌ی تازه‌ دروستبوو به‌ قسه‌ وتن به‌یه‌کێتی خۆی نمایش ده‌کات....

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand