روئیای ئابوری تەندروست بۆ قۆناغی داهاتووی هەرێمی كوردستان
2019-02-08 20:42:09
مەسعود حەیدەر
روئیای ئابوری تەندروست بۆ ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی داھاتوو پێویستە ئەم ھەنگاوانە لەخۆ بگرێت؛
١- ئەنجامدانی ریفۆرمی کارگێڕی و دارایی (رێکخستنەوەی خەرجی و شایستەی قوربانیانی رژێمی پێشووی عێراق و خانەنشینی لە ھەرێم لە گەڵ بەغداد). چاککردنی سیستمی وەرگرتنی باج و رسومات بۆ زیاترکردنی داھات.
٢- پەرەپێدانی کەرتی تایبەت (کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار) بە تایبەتی مایکرۆبزنس.
٣- کەمکردنەوەی خەرجی بەکاربەری کەرتی گشتی و زیادکردنی خەرجی وەبەرھێنان بۆ زیاترکردنی ھەلی کارو بوژانەوەی ئابووری.
٤- چالاکردنی کەرتی بانکی لە ھەرێم و کەمکردنەوەو نەھێشتنی کاش لە مامەڵەکردنی دارایی.
٥- زیادکردنی داھاتەکانی ھەرێم بە داھاتی نەوتی و غەیرە نەوتی ( باج و رسومات).
٦- قوڵایی ئابوری ھەرێمی کوردستانە ناوچەکانی تری عێراقەو پێویستە ئەو ناوچانە ببنە سەرچاوەی ھەلی کار بۆ ھەرێمی کوردستان.
بازاری کار و ئابوری ھەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی داھاتوو رووبەڕوی سەدان ھەزار کچ و کوڕی دەرچووی زانکۆکان دەبێتەوە کە دەبێت ھەلی کاریان بۆ بڕەخسێت، دەبێ لە ئێستاوە ھەنگاوە ئابورێکان بە ئاراستەیەک بێت کە ساڵانە ژمارەیەکی دیاریکراو ھەلی کار دروستبکرێت و بڕەخسێت لە کەرتی تایبەت و گشتی بۆ ئەو دەرچووانە.
ئەرکەکانی قوناغی داھاتوو قورسن بەڵام مەحاڵ نین و پێویستیان بە تحملی بەرپرسیارێتی ھەیە لەلایەن حزبەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نیشتمانی و دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و دوورکەوتنەوە لە موزایەداتی سیاسی و پشتیوانیکردنی ئەو ھەنگاوانەی دەبێتە ھۆی بونیادنانی ئابوریەکی بەھێز و سەقامگیر لە دوورمەودا.