Draw Media

زەمەنی پرسە و کۆچی نەوشیروان مستەفا 

زەمەنی پرسە و کۆچی نەوشیروان مستەفا 

2019-02-08 09:10:52


بەختیار نامیق 
هەرێمی کوردستان بە دۆخی چەقبەستوی حوکمداری و سیاسیدا تێدەپەڕێ ، هەرێمێک پڕ لە دروشم و خاڵی لە بە کردارکردنی ناوەڕۆکی دروشمەکان ، ئەگەر ئەم هەرێمە دوای ڕوخانی سەدام تا ئێستاش دابەش بوبێت بەسەر قەڵەم ڕەوی ئەنقەرە و تاراندا و ڕێککەوتنی ستراتیژی لێکەوتبێتەوە ، ئەوا نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی مێژووکرد کە خۆی لە قوڵایی ڕوداوەکان و دوای ئاشبەتاڵ کارئەکتەرێکی چالاکی ناو جولانەوەی چەکداری و سیاسی ئەم هەرێمە بو ، وەک یەکەم کەس بۆ برەودان بەرەو حکومێکی سیستماتیک و نیشتمانی توانی ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک دروست بکات ، ئەگەر چی ئەم پیاوە لە گۆڕان گەورەتر بو ، بەڵام گۆڕانی وەک ڕێگایەک بۆ گەشتنە ئامانجەکانی بەکاردەهێنا ، ئەویش دەستکاری کردنی نەخشەی دابەشکاری و ڕێککەوتنی ستراتیژی بو ، ئەم پیاوە نەک هەر ناو گۆڕان بەڵکۆ بۆ هەرێم و ئەوانەشی دژایەتیان دەکرد قورسایی خۆی هەبو ، هەر لەسەرەتاوە بە پلانی ئەنقەرە و تاران لە ڕێ ی درێژکراوەکانیانەوە (پارتی و یەکێتی ) کەوتنە داڕشتنی سیناریۆ و تاکتیک بۆ بێ ئەرزشکردنی دروشمەکانی گۆڕان و تاکە هۆیەک بۆ ترسی دەستکاری کردنی ئەم ڕیککەوتنە خودی نەوشیروان مستەفا و گۆڕان بو ، ئالێرەوە بە پلە بەندی بۆ دابڕانی خەڵک و گۆڕان لە یەکتر کە تاکە چەکی دەستی گۆڕان بو هەزاران پلانیان دانا .
تا ئێستاش دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا ئەم بزوتنەوەیە لە دۆخی پرسەدایە و ناتوانی خێمەی پرسە هەڵبگرێت و دەست بکاتەوە بە یارییە سیاسیەکان ، ئەگەر چی تا ئێستاش پلانەکانی ئەنقەرە و تاران بەردەوامیان هەیە بەرامبەر بە گۆڕان ، خۆ ئەگەر دۆخی ناوخۆی یەکێتی و ڕێککەوتنی دەباشان بۆشاییەکیان بۆ یاری ئەم حیزبە دروستکرد بێت ، ئەوا بەرژەوەندیەکانی ئەنقەرە و تاران نەیهێشتوە گۆڕان ئەو یارییە بکات وە لە غیابی نەوشیروان مستەفاشدا گۆڕان ناتوانی ئەو یارییە تاکتیکیانە بەرامبەر ئەم پلانانە بکات کە ئەنقەرە و تاران وەک بەرژەوەندی هاوبەش لەبەردەم ترسێکی هاوبەشدان بەرامبەر بە گۆڕان ، پارتی و یەکێتی بەرژەوەندیەکانی ناوخۆ و دەرەکیان زۆر گەورەترە لە خاڵی ناکۆکیان و لە ناوخۆشدا چەند ناکۆک بن ، چەند باڵ بن ، هێشتا وڵاتانی ناوچە ناهێڵن بکەون و ناهێڵن ئەو بۆشاییە درست ببێت کە گۆڕان یاری سیاسی تێدا بکات ، ئێستاش گۆڕان ناتوانی بۆشایی دروست بکات و کارتەکانی بەکار بهێنێت وەک سەردەمی نەوشیروان مستەفا تا بتوانێت بۆشایی دروست بکات ، یاری سیاسی بکات .
میتۆدی نەوشیروان مستەفا دەتوانرێت زیاد لە حیزبێک سودی لێوەرگرێت و دروست بێیت ، بەڵام ئەوەی ئەم بەرپرسیاریەتە هەڵدەگرێ بە پلەی یەکەم گۆڕانە ، وە تا ئێستاش پارتی و یەکێتی دو جێبەجێکاری ئەجێندای دەرەکین و نەوەی نوێش بێ باکگراوندی فکر و مێژوە و لە بۆشای گوتاری گۆڕاندا دروست بوە ، بە هەمو کەم و کوڕیەکانیەوە گۆڕان هەڵگری بیرۆکە و پاکێجەکانی بە نیشتمانیکردنی پرسەکانە و تاکە چارەسەرە بۆ دۆخی هەرێم .
لە ئێستادا کە پارتی و یەکێتی بەهۆی ٣١ ی ئاب و ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەر و سەرۆکایەتی کۆماروپارێزگای کەرکوک و دۆسیەی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان وە تا ئاستی تەشهیر کردنی یەکتر ڕۆشتن و بۆشاییەک دروست بو تا گۆڕان بتوانێ یاری سیاسی تیدا بکات ، بەڵام لە گەڵ گۆرانکاریەکانی ناوچەو و عیراقدا جارێکی تر بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی ولاتانی ناوچە نەیهێشت بۆشاییەکە گەورەتر بێت ، کە یەکێتی دەیویست وەک دۆسیەی سەرۆکایەتی کۆمار و کەرکوک نەهێڵێت حکومەت لەسەردەستی پارتیدا پێکبهێنرێت ( سەرەڕای جیاوازی و باڵبەندی ناوەکیان ) بەڵام پارتی توانی هەم گۆڕان وەک کارتی گوشار بەکار بهینێ و هەم لە ڕێگەی ئیران و قبوڵکردنی هەندێ داواکاری یەکێتی جارێکی تر بچنەوە سەر هەمان ڕێكکەوتنی ستراتیژی و دابەشکاری و زۆنبەندی دەست پێبکاتەوە و کۆی حیزبەکانی دەروەش بەشداری پێ بکەن نەک شەریک بن ، ئەڵبەت ئەمە دوای پاشەکشێ ی گۆڕان دێت لە هەڵبژاردن. 
تا ئێساش گۆڕان لە دۆخی پرسەدا و تا ئێستاش بەرپرسیاریەتی لە ئاستی خەڵک بۆ گۆڕانکاری لە ئەستۆی گۆڕاندایە و بە گشتی هیوای خەڵک بەو ڕۆژەیە کە گۆڕان خێمەی پرسەی کۆبکاتەوە بڵێ نەوشیروان مستەفا کۆچی کرد و ئێمە دەبینەوە بەو باوکەی کە دەتوانی هیچ نەبێت گوشار دروست بکات ، دۆخی زەمەنی پرسە گۆڕانی تەواو بێدەنگ کردوە لە ئاست ئەم گۆڕانکاریانەی کە بەڕێوەیە بۆ عیراق ، بە تایبەت دوای بەهێز کردنی ناوەند مل دانی پارتی بۆ ناوند و ئەگەری ڕو بەڕو بونەوەی ئیران و ئەمریکا لەم ناوچەیە .
زەمەنی پرسە و کۆچی نەوشیروان مستەفا و نە بونی پڕۆژە و نەبونی دەنگی گۆڕان کە بەرپرسیاریەتی هەر گۆرانکاریەک لە ئەستۆی گۆڕاندایە ، نامەیەکە بۆ گۆڕان کە دەبێت خێمەی پرسە هەڵگرن و تەواو بونی زەمەنی پرسە ڕابگەیەنن و لە ئاست بەرپرسیاریەتی دۆخەکەدا بن .    
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand