Draw Media

سێ تیر بەرجەستەی گۆڕان دەكەون

سێ تیر بەرجەستەی گۆڕان دەكەون

2019-02-07 08:06:15


كارۆخ عوسمان

 

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزب لەئێستادا خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانی كوردستانەو شەرعیەتی پێكھێنانی حكومەتی بەدەستەوەیە.
"ھەرچەندە كورسیەكان شەرعی نین" بەڵام لەدوای مسادەقەكردنی ھێزە سیاسیەكانیتر لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن گشت كورسیەكان بوونەتە شەرعی ویاسایی.
پارتی مەسرور مسعود بارزانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەت پێكبھێنێت، كەبەھێزترین كاراكتەری ناو پارتیەو واریسی كورسی سەرۆكی حزبەكەو میری بنەماڵەی بارزانیشە.
لەئێستاشدا ھەندێجار وەك سەرۆكی پارتی دەبینرێت، واتا پارتی بڕیاردەری یەكەمی حزبەكەی سەرپشككردووە بۆ كواڵسیۆنی حكومەت.
مسرور بارزانی وادەردەكەوێ كە كەسێكی توندەو كەمتر لەنێچیرڤان بارزانی و باوكیشی بەیەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕەزامەندە، بەتایبەت بەنەوەكانی تاڵەبانی كۆچكردوو.
لەسەرەتادا پارتی واوێنای كابینەی نۆیەمی دەكرد كەزۆرینەی ڕەھای بڕیارەكانی حكومەتی بۆ مسروربارزانی سەرۆك مەیسەر كردووە.
واتا دەیەویست یەكێتی تەریك بكات یاخود بەشداریەكی لاوەكی پێبكات، بۆیە ھەرزوو بزوتنەوەی گۆڕانی ھێنایەپێش و لەگەڵیدا كەوتە دانوستان، تەنھا بۆئەوەی میراتگرانی جەلال تاڵەبانی لاوازبكات چەند پۆستێكی بۆ گۆڕان پێشنیاركرد، ھەرچەندە پارتی دەیویست یەكێتی بەشدار بێت بەڵام بەقەبارەیەك لەتەریك كردن خراپتر بێت، بەڵام یەكێتی ڕازی نەبوو، پارتیش بۆئەوەی فشار لەسەر یەكێتی بكات بۆ پێكھێنانی حكومەت وەك (گیسكی ھەیاس و فەرخە گورگ) زوو زوو گۆڕانی نیشانی یەكێتی دەدا، بەڵام یەكێتی بێباك و وریا مایەوە لەمەیدانەكەد، لەھەردانوستانێكیشی لەگەڵ پارتیدا لۆبیەكی دەرەكیشی دەكرد.
ھەردوێنێ، قوباد تاڵەبانی لەبەغداد لەگەڵ سەرۆك وەزیران بوو، جگە لەویش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كوتلە شیعەكان بەچڕی كۆبوەوە.
ماوەیەك بەرلەئێستا لاھور شێخ جەنگی لەئەنكەرەو كۆنفرانسی سلۆڤینیابوو لەگەڵ ئەردۆگان، بڕیاری ھاوبەندییەكی توندیان لەنێواندا درا، كە دواتر فەرید ئەسەسەرد لە كەناڵی TRT دركاندی.
وەفدێكیتریان لەئێران بوون، وە ئێرانیش وەفدێكی ھاتە ھەولێرو فەرمانی تارانی بۆ پارتی ھێنابوو.
لەو سەروبەندەی كە پارتی دەیگوت؛ گشت حزبەكان بەپێی قەبارەی ھەڵبژاردن و كورسی پەرلەمان بەشداری حكومەتیان پێ دەكرێت ئەمریكیەكان لەدەباشان لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی بوون، لەگەڕانەوەشیان بۆ ھەولێر فەرمانی واشنتنیان بەپارتی ڕاگەیاند.
ھەرئەوەیە دواكەوتنی پێكھێنانی حكومەت، چونكە فشارە دەرەكیەكان وایانكرد كەیەكێتی شەراكەتی بەقەبارەی نفوز دەبێ پێبكرێت نەك بەپێوەری دەنگ و كورسی.
ھەربۆیەش پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مسروربارزانیش شپرەزەییان پێوەدیارە لەپێكھێنانی حكومەت.
دەستڕۆیشتووەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانیش سەرەتا بەو ھیوایەی كەپارتی و مەسرور بارزانی پێیدابوون لەتەریككردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ھەڵبژاردنی گۆڕان وەك بەدیلی ئەو حزبە ھەڵپەیان كردو بەبێ گەڕانەوە بۆجڤاتی نیشتمانی و بەبێ گوێدان بەڕەئی دەنگدەران و ھەڵسوڕاوان و نوخبەی سیاسی كەھەمیشە پاڵپشتی گۆڕان بوونە خۆیان وەك شەریكی پارتی لەكابینەی نۆیەم نمایش كرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق و ھەرێمیش ھاواری تەزویركردنێكی گەورەی لێ ھەڵسا.
لەدوای بەكۆتاھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان رایانگەیاند كەسەرلەبەری پرۆسەكە رەت دەكەنەوە، كەچی نەیان كرد.
ڕایانگەیاند كە ناچنە ناو پەرلەمان و دەبن بەڕكابەرێكی مەدەنی توندو بەمیكانیزمێكی كارا دەخزێنە ناو شەقامی ناڕازی كەچی چونە پەرلەمان.
ڕایانگەیاند كە بەھیچ جۆرێ بەشداری حكومەتێك ناكەن كە تەزویر لەھەڵبژاردنەكەیدا میكانیزمی بردنەوە بووبێت كەچی وادەچنە حكومەتەوە.
بڕیار دوای بڕیار دژی خۆیان و گوتارو سیاسەتە بنەڕەتیەكەیان وەستانەوە بۆ بەشداری لەحكومەتێك كەپۆستەكانیان وەك بەخشش پێدەدرێت نەك وەكو استحقاقی هەڵبژاردن و پرۆژەی كار، چونكە ئەگەر تەواوی پۆستەكانیش وەرگرن پارتی و مسرور بارزانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەھیچ جۆرێك نادەن بەھیچ یەكێ لەوانەی گۆڕان كە دەیانكەن بەشەریكی حكومەت، واتا وەك جاری پێشوو جگە لەموچەخۆری موچەزۆر ھیچیتر نین لەو كابینەیەدا.
لەئێستادا گۆڕان لەگشت ئەو معادەلانە تێگەیشتووە، دەزانێ ئەو ڕەقەمە نین كەخوێندنەوەیان بۆخۆیان دەكرد بەڵام یەكێ لەمەھانەكانیان ئەوەیە دەڵێن: ئەگەر بەشداری حكومەت نەكەین ئەوا حكومەتی خۆجێیی سلێمانیمان لەدەست دەچێت، وەك ئەوە وایە گۆڕان تەنھا لەپێناو ئیدارەی سلێمانی دامەزرابێت، وەلێ ئەوەش بەشێك لەغافڵاندنی جەماوەرو دیماگۆجیەتە، چونكە حەقیقەت ئەوەیە كەبەشێك لەو ھەڵسوڕاوانەی ئێستای ژێردەستەی دەستڕۆیشتووانی گرد تموحی دانیشتن لەسەر كورسیەكی موچەزۆریان ھەیەو بەس، ئەگینا مەسەلەی پڕۆژەو بەرنامەو ئەجێندای سیاسی گۆڕان بووەتە شتێكی لاوەكی لەلایان.
ڕەنگە لەرویەكەوە پارتی زەرەری لەو بڕیارەی سەرەتای تەشكیل كردنی حكومەت كردبێت كەدەیەویست یەكێتی تەریك بكات بەڵام بەڕوویەكدا قازانجی كردووە، بەھۆی بێ ئەرزشكردنی بڕیارەكانی گۆڕان و توانەوەی ئۆپۆزسیۆنە كاراكەی نەوشیروان مستەفا. سودی زۆری لەو كادرە كەم ئەزموون و تەماحكارانەی گۆڕان وەرگرت تاكو لەناو جەماوەردا گۆڕانی پێبشكێنێت، لەوەیاندا پارتی سەركەوتنی بەدەستھێنا.

بەڵام دوای كەوتنەجوڵەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتایبەت كوڕو برازاكانی جەلال تاڵەبانی ئەو ھەوەسی پارتی تێكشكاو لەو بەشەی كە دەیویست یەكێتی وەلابنێ كەوتە ھەڵەوە، ئێستا ناچاركراوە بەسیاسەتەكەیدا بچێتەوە كەلەپێناو كابینەی داھاتوو دایڕشتبوو.
ھەربۆیە دەكرێ بڵێین، بزوتنەوەی گۆڕان كەوتە تەڵەوە، ھەم تەڵەی پارتی كەشەرمەندەی بەرقاپی جەماوەرەكەی كرد، ھەمیش تەڵەی یەكێتی، كەلەئێستادا گۆڕان واپیشان دەدرێت جگە لەئیدارەی سلێمانی و پۆستە پارەدارەكانی حكومەت ھیچ مەرامێكیتری نیە.

تیرێكی پارتی و دوو تیری یەكێتی بەرجەستەی گۆڕان كەوتن، چونكە لەپێكھێنانی كابینەكەداو بەشداری یەكێتی بەقەبارەی نفوزی سیاسی و سەربازی حكومەتێكی جوتڕەو جوت بڕیارو جوت قەبارە دێتەوجود نەك سێ.
تیری چوارەمیش پۆست-گۆڕان لەشادەماری دەدات گەر ھەروا بڕوات.
كەواتە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە دەرەوەی بەشداری ڕاستەقینە، ھەموو ئەوباجەشی كەدەیدات ھی ئەوكاتەیە كە لەساڵی ٢٠١٣ لاوازترین تیمی ناردبووە ناو پەرلەمان و حكومەت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand