Draw Media

کە بە درۆ گەمارۆ دەدرێیت: نوخبەی سیاسی وەک نموونە

کە بە درۆ گەمارۆ دەدرێیت: نوخبەی سیاسی وەک نموونە

2019-02-06 19:16:54


لاوك سەڵاح 
بۆ هیچ ساتێکی مێژووی وەک ئەم ساتە متمانە تا رادەی نەبوون بە سیستمی سیاسی و کەسی سیاسی لە سەرتاپای دونیادا نەماوە؟ بۆ سەرباری گۆرانکارییە گەورەکان لە جەمسەرە سیاسییەکان و پەرەسەندە دەگمەنەکانی بواری تەکنەلۆجیا متمانە بە دامەزراوەی سیاسی و ئەو کەسانەی سیاسەت وەک پیشە پەیرەوە دەکەن و کردوویانە بە سەرچاوەی بژێو و بازرگانی تا دێت لاواز دەبێت و بێ بەها دەبێت؟ ئەمە سەرەکیترین سیمای ئەم سەردەمەیە کە تێیدا دەژین، بەداخەوە تایبەتیش نییە بە جوگرافییایەکی دیاریکراو، بەڵکو سەرتاپا دونیای گرتۆتەوە، درەنگ و زوو کەوتووە، هەموو کیشۆرەکان دەگرێتەوە؛ فەنزوێلا وەک نموونە.

جاران لە سووچێکی دونیادا، هەر چەندە زۆرداری و نادادپەروەری باڵا دەست بوو بەرامبەر بە دۆخێکی سیاسی دیاریکراو، بەڵام پێغەمبەرێکی سیاسی هەڵدەکەوت داوای داوەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەلی یەکسانی دەکرد. جاران، لانی کەم، جەنگێکی رەوا و سەنگەرێکی دیار هەبوو هەوڵی دەدا ئازادی و سەربەستی و خەونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دەستەبەر بکات و نان دابین بکات، خەڵکی سەرمەستی وشە بریقەدارەکان بوون. لە ئێستادا رێژەیەکی زۆر کەم لە ئێمە پێمان وایە ئەو سەنگەر ماوە و کەسانێک هەبن راستگۆیانە نوێنەرایەتی بکات.

ئەو کات،  پانتایی ژیان و دونیا بەرتەسک بوو، ژیان سادە بوو، داواکارییەکانی خەڵکیش دابین دەبوون. هەربۆیە بواری درۆکردن کەم بوو، راستە موئامەرە خەسڵەتی سەرەکی و بەردەوام بوو، بەڵام شۆکیان نەدەکردین یاخود راستر ئەوەی لە پاش سەردەمی موئامەرەکان روویدا ئاستی شۆکی لە رۆمانەکانی مارکیزیش تێپەراند. درۆ ئەوەندە باو نەبوو!

ئێستا پانتاییەکان و ئامرازەکانی ژیان فراوان بوون و گەشەیان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا  هەر بە زەحمەت راستی دەدۆزرێتەوە، شەڕەکان و جەنگەکان بە ناوی بەرژوەندی باڵای نیشتمانەوە هەڵدەگیرسێن و دواتر دەبێت شێخی ئەزهەر و پاپای فاتیکان دەست لە ملی یەکتربکەن، هەر وەک ئەوەی ئەوان خاوەنی تۆپ وتەیارە و چەکە کیماییەکانبن یان راوێژکاری سیاسی سەرۆکی دەوڵەتانبن. نەخێر، ئەوە سیاسییەکانن کە پێویستیان بە شەرعیەتی جەنگەکانیان دەبێت هانا بۆ ئەوان دەبەن. بەداخەوە، ئەوە سیاسییەکانن جەنگەکان بەناوی دینەوە بەرپا دەکەن و سیستمی دونیا شپرزە و لاواز دەکەن. 

زۆر جار هەست دەکەیت درۆ سەرتاپا هەموو سوچ و پەنایەکی ئەم دونیایەی تەنیەوە و ئەو توانایەی کە پێویست بێت بۆ ئیدارەدانی دونیا نەماوە، کەسەکان نە توانایان هەیە و نە راستگۆشن لە کارەکانی خۆیان. خەڵک زۆر بە زەحمەت بڕوا بەو گفت و پەیمانانە دەکەن کە نوخبەی سیاسی دەیڕازێننەوە. بەناوی حورمەتەوە، بەها گشتییە جەوهەرییەکان هەڵدەتەکێنن، هەروەک چۆن ئەو گۆرانکاریانەی کە ئێستا بەسەر رەچەڵەک و دیمۆگرافیای مرۆڤدا دەهێنرێت، هەر لە گۆرینی رەگەزی مرۆڤەوە تا نەشتەرگەرییەکانی دیکە کە کەسایەتی کەسەکە لە خۆی و دەوروبەوری نامۆ دەکات و ناناسرێنەوە بەوەی دواتر هەموو لەیەک دەکەن، بەهەمان شێوە بەها گشتییەکان ناسەقامگیر و شڵەژاون و خەریکە ون دەبن. رەنگە هۆکارەکە ئەوەبێت جاران راستییەکان زیاتر دەشاردرانەوە یان سیاسییەکان کەمتر قسەیان دەکرد، بەڵام ئێستا زۆربەی وردەکاریەکان و رەفتاری کەسە سیاسییەکان بە باش و خراپەوە ئاشکران. بەداخەوە، تەکنەلۆجیا پەیام و ناوەرۆکی سیاسی نەگۆری، بەڵکو تەکنەلۆجیا بە هەموو شێوەیەک بۆ گەیاندنی ناوەرۆکە سیاسییە کلاسیکییەکان مۆنۆپۆلکرا. وتەکانی ترەمپ لە تویتەر هیچ فیکرە و چەمکێکی نوێی تێدانییە کە سەرۆکێکی ئەمەریکی نەیووتبێت ئەگەر خراپتر نەبێت. ئەوەی نوێیە توویتەرە نەوەک ناوەرۆک و پەیامی سیاسی، ئەوەش لە بەهای توویتەر کەم دەکاتەوە.

بریتانیا وەک نموونە وەربگرە، سیستمی سیاسی و کەسە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە هەر لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانەوە کاریان بۆ گەشەسەندی دیموکراسی کردووە، چەندان کەسی سیاسی پراگماتیک ئەم وڵاتەیان بەرێوەبردووە و بەهۆی ئەوانەوە پرۆژە ئابووریەکان گەشەیان سەندووە و هەلی کار زیادی کردووە و ئاستی هەژاری تا هاتووە کەمتر بووە، بەڵام لە ئێستادا ئەوە سیاسییەکانە لە هەردوو بەرەدا زیان بە سیستمی سیاسی وڵاتە دەگەیەنن، توانایان نییە برێکزت تێپەرکەن و خەڵکیان دابەشکردۆتە سەر دوو بەرەی دژ بەیەک. ئەوەی لە بریتانیادا ئێستا روودەدا وڵاتەکەی کردوە بە ناسەقامترین وڵات لە ئەوروپادا. تەنانەت ئەم پارتە سیاسیانە توانایان نییە پارتەکانی خۆشیان ئیدارە بدەن، لەوەدا زۆر لە پارتەکانی کوردستان دەکەن! خۆیان دەزانن کە برێکزت کارێکی ناڕەوا بوو بەڵام لە ترسی ئەوەی توندرەوەکانی ناو پارتەکانی خۆیان  شوێنیان نەگرنەوە، سوور بوون لەسەر برێکزت. تەماشای ئەو هەموو دەست لە کارکێشانەوەیە بکەن کە لە حکومەت و پارتی پارێزگاراندا روودەدەن، بەداخەوە سەردەمی ئیجماعی سیاسی لەسەر کارێکی گشتی رەوا گوزەشت، ئەمەش سیماو خەسڵەتێکی دیکەی زۆر دیاری ئەم سەردەمەیە. 

کوردستان نموونەیەکی دیکەیە، یەک پارتی سیاسی نییە شان بەشانی رووداوەکان و پێکهێنانی حکومەت کار لەسەر چاکردنی خۆی بکات، ئەوەشی کە دێت لەوەی کە رۆی خراپترە. سەیرە، خۆشیان بەشایەنی ئەوە دەزانن کە دەبێت هەموو سەرچاوەکانی وڵات بۆ ئەوان بێت و لە بەردەستی ئەواندا بێت و دەبێت خێڵە نوێکان ئیدارەی بدەن. یەک رووداوی سیاسی نادۆزیتەوە بەرهەمی بیرکردنەوە و پلانی سیاسی بێت. ئەمە داواکارییکەی زۆرە!

جاران هەمیشە تارمایی پێغەمبەرێکی سیاسی لە ئاردا بوو و هانات بۆ دەبرد، لە ئێستادا خەڵک بڕوای بە پیرۆزەییەکان نەماوە ئەگەر بە دەهۆڵیش بووترێنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand