Draw Media

کوردستان، هەرێمێک تێیدابڕیاری حیزب تەقلە بەیاسا لێدەدا؛

کوردستان، هەرێمێک تێیدابڕیاری حیزب تەقلە بەیاسا لێدەدا؛

2019-02-06 07:41:43


عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

بەپێی ماددەی ( ٥٦)لەیاسای ژمارە ( ۱ ) ی ساڵی ( ۱۹۹۲)ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەدەق هاتووە کە [ پەرلەمان شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسەچارەنوس سازەکان دەبێت ، وهەرئەویش بڕیار لەسەر ڕێککەوتنەکان دەدات ، هەروەها پەرلەمان پەیوەندییە یاسایی ودەستورییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دیاری دەکات ]
کەچی لەکۆبونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی ( ٥-۲-۲۰۱۹)ی  نێوان وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ویەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری هەولێر ،  هەردوو حیزب چەند بڕیارێکیانداوەو لەسەرچەند خاڵێک ڕێککەوتون لەوانە؛  
ــ بڕیاڕیانداوە کە( ۱۸)ی شوباتی( ۲۰۱۹ )پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەهەولێر کۆبونەوە ئەنجامبدەن ، و هەردوولاو حکومەتی بەغداش ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک .ئەمانەوچەند پرسێکی تر ، بەڵام بەلای منەوە 
ئەوەی کە پێویستە ئاماژەی بۆبکرێت ئەوەیە کەهێشتا لەهەرێمی کوردستاندا هێندەی بڕیارو ڕاسپاردەکانی حیزب زاڵەو لەسەرزەمینی واقیعدا کاری پێدەکرێت چارەکە هێندەی ئەوە  یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و یاساکارپێکراوەکان لە هەرێم کاریان پێناکرێت ،کەئەوەش جگەلەبێ ڕێزیکردن بەپەرلەمان ،بێ هەیبەتکردنی یاساکانیشە کەلەو پەرلەمانەوە دەرچوێنراون .
هەرچەندە من بەگومانم کەبتوانرێت لەو کاتەی دیاریکراوە چ پەرلەمان و چ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بتوانن کۆبونەوەکانی کەبڕیاریان لێداوە ئەنجامبدرێن چونکە ئەزمونمان لەگەڵ ئەوجۆرە بڕیارانەی کەلەکۆبونەوەکانەوە دەدرێن هەیە  ، بەڵام ئەوەی کەمایەی تێڕامان وهەڵوەستەلەسەربۆکردنە ئەوەیە کە چ خێرەو لەکوێی دونیادا هەبوە لەبارەگاکانی مەکتەبی سیاسی دووحیزبدا بڕیار لەسەر کۆبونەوەکردن ونەکردنی پەرلەمان بدرێت کە بەحساب لەئێستادا گەورەترین دامەزراوەی هەرێم وهەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانە .
بەداخەوە بڕیاردان لەسەردەسپێکردنەوەی کۆبونەوەی پەرلەمان کارێکی تازەنیەو دوای دوو ساڵ لەپەکخستنی پەرلەمان دواجار لەمانگی ئەیلولی (۲۰۱۷) دا هەرلەکۆبونەوەی نێوان هەردوو حیزب بڕیار لەسەرکاراکردنەوەی پەرلەماندرا ،و لەوەش کارەساتتر ئەوەبوو کەکارنامەی یەکەم دانیشتنیش کە ( ۱٥-۹-۲۰۱۷)بوو هەرلە بارەگای حیزبەوەدانران.
لێرەدا چەند پرسیارێک دێتەئاراوەبۆ هەموو حیزبەکان و پێویستیان بەوەڵام دانەوە هەیەو ناکرێت بێ وەڵام بمێننەوەو هەروابەسادەیی لێیان بڕوانرێت لەوانەش:

ــ  یەکێتی وپارتی کەزۆرباس لەسەروەری یاسا دەکەن و هەرخۆشیان یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی (۱۹۹۲)یان دەرچونداوەودەنگیشیان بۆداوە ،
بۆپشتگوێی دەخەن و بڕیاری نێو بارەگاکانی خۆیانیان لەیاساکارپێکراوەکانی هەرێم لەلا گرنگترو پیرۆزترە ؟

ــ ئەوحیزبانەی بەگشتی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی کە لەدانوستاندان بۆبەشداریکردن ونەکردن لەحکومەتدا ، لەدوای ئەوەی یەکێتی وپارتی لەسەر هەموو بابەتەکان ڕێککەوتن و تەنانەت ڕۆژیشیان دیاریکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان ، پێمان بڵێن مححەلی ئێوە لەئیعرابدا چیەو لەکوێدایە ؟ 

ــ بۆهەموو پارتەسیاسیەکانی هەرێم  کەخاوەنی کورسی پەرلەمانین لەتاکە کورسیەکەوە بۆ زۆرترین کورسی ، ئایا پێتان وانیە کەهەموو دامەزراوەکانی هەرێم و لەنێویشیاندا پەرلەمانی کوردستان کەگەورەترین دامەزراوەی یاسادانانە لەهەرێم بونەتە ئامێرێکی خنجیلانە بەدەست حیزبەوەو کەی ویسترا کاری پێدەکرێت و گەر بەپێویستیش نەزانرا ئەوا کڵۆم لەدەرگاکەی دەدرێت یان ڕاست وچەپێک بەسەریدا دەهێنرێت .

بۆیە ئەو ڕووداوو پێشهاتانەی کەلەم هەرێمەی زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە کورد خۆی تێیدا حوکمڕانی دەکات ،و بەرپرسەکانیشی زوو زوو دەم وەردەدەن لەسەروەری یاساو حوکمڕانی ڕەشید جگەلە گەوجاندنی ڕایگشتی ، گەڕانەوەشە بۆدواوە بەهەزاران میل .
وەیەکێک لەسەیروسەمەرەکانی تری دەسەڵاتدارانی مەملەکەت ئەوەیە کەلێرە بڕیاری حیزب زۆر بەئاسانی بۆڕ بەیاسا لێدەدات ،و زۆرجاریش بڕیاری تاکەکەسیش بوڕ بە بڕیاری حیزب ویاسا کارپێکراوەکانی هەرێم لێدەدات .

ـــ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand