نێچیرڤان بارزانیو دیپلۆماسیەتی ماڵئاواییكردن لە میری ئێزدییان
2019-02-05 19:44:38
هۆشەنگ بروكا
مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرم لە نەریتی سیاسەتدا تەنها " تابوت" یان " دارەمەیتێك" نییە كە جەستەی مردوویەكی تێدا هەڵگیرابێت، بەڵكو رەمزێكە زیاتر لە ئاماژەیەك و زیاتر لە واتایەك و زیاتر لە ئامانجێكی هەیە.
پێشوازیكردن لە تەرمی میری ئێزدییەكان لە هەولێرو لە بەرزترین ئاستو بە ئامادەبوونی كەسی یەكەم سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی، چەندین پەیامی نێوخۆیی و دەرەكی هەڵگرتبوو.
بەگشتی ئامانج لە دیپلۆماسیەتی رێوڕەسمی بەخاكسپاردن كە هەمیشە لە سەر گۆڕ و تراژیدیای چواردەوریداو لە نێو پشێوی كارەساتەكان و كێشە و نەهامەتییەكان روودەدات، شین و گریان نییە بۆ مردووەكە، بەڵكو وەبەرهێنانە لە مردن و تەوزیفكردنیەتی بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی و تۆماركردنی هەڵوێست لەسەر زیاتر لە ئاستێكو لەبەردەم رای گشتیدا.
ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لەبەردەم كامێراكاندا لە روماڵی راستەوخۆداو بۆ چەند كاتژمێرێكی بەردەوام بۆ گواستنەوەی مەراسیمی پێشوازیكردن لە تەرمی میر تەحسین بەگ پێشوازیكردنێكی هاوشێوەی پێشوازیكردن بوو لە تەرمی پادشاو سەرۆكەكان، ئەوە هانمان دەدات پرسیاری زۆر بكەین و زۆرتر بیری لێبكەینەوە.
بەخاكسپاردنی تەرمی مردوو وەك نواندنێك بۆ رووداوێكی راستەقینە و جێگیر یەك رووی هەیە و لە مردندا خوێندنەوەی بۆ دەكەین، بەڵام بۆ دیپلۆماسییەتەكەی وەك نواندنێك بۆ راستییەكی جیاواز و گۆڕاو، چەند روویەكی هەیە لە رووە سیاسییەكەیەوە خوێندنەوەی بۆ دەكەین.
ئەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر روویدا لە پێشوازیكردنێكی پڕشكۆ لە تەرمی میری ئێزدییەكان، دەكرا لە بەغداش ئەنجامبدرێت و لە بەرزترین ئاستدا، بەڵام ئەوە رووی نەدا، نەك لەبەر " رەتكردنەوە"ی بەغدا یان " رەتكردنەوەی " ئێزدییەكان، بەڵكو لەبەر هۆكاری تایبەت بوو بە ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەولێر و هەوڵی ئەمەی دواییان بۆئەوەیە ئێزدییەكان بۆ ململانێیەك كێشبكات كە ئەوان پێویستیان پێی نیە.
ئامادەنەبوونی سەركردە سیاسییەكانی عێراق لە ئاستی باڵادا لە رێورەسمی پێشوازیكردن لە تەرمەكەدا و بەشداریكردنیان لە رێگەی ناردنی " نوێنەریانەوە"، بەڵگەیەكی روون ئاشكرایە لەسەر ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر نەك لەسەر ناشتنی تەرمێك كە سیمبوڵە بۆ ئێزدییەكان، بەڵكو لەسەر دیپلۆماسیەتەكەیو شێوازی مامەڵە سیاسیی لەگەڵیدا.
سەرەڕای بوونی هەردوو ئاڵای عێراق و كوردستان لە مەراسیمەكەدا، بەڵام دەزگا راگەیاندنە رەسمییەكانی كوردستان، بە مەبەست هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەڕ بۆ شاردنەوەی ئاڵای عێراق لە پشتی ئاڵای كوردستانەوە، وەك ئەوەی عێراق بەشێك بێت لە كوردستان، نەك بە پێچەوانەوە.
لە وتەكەیدا كە لە مەراسیمەكەدا ئەمڕۆ پێشكەشیكردن بارزانی ویستی زیاتر لە پەیامێك ئاراستە بكات:
یەكەم بۆ ئێزدییەكان، كە ناوەرۆكەكەی ئەوەی ڕۆی ڕۆی " عفا الله عما سلف"، واتە سڕینەوەی گوناهی هەولێر بە تەرمەكەی میر، بۆ پێچانەوەی لاپەڕەی توڕەی ئێزدییەكان بەرامبەر سەركردایەتی حزبەكەی كە بەرپرسیاری راستەخۆن لە " پاشەكشێی تاكتیكی" هەموو هێزە بەرگرییەكانی كوردستان لە سێی ئابی 2014 لە شەنگال، بەبێ هیچ بەرگری و هیچ شەهید و بریندارێك، جگە لە لێنەپرسینەوەو دادگایی نەكردنی هیچ بەرپەرسێك لەسەر ئەوەی روویدا، و ئەوەش قێزەونترین جینۆسایدی ئێزدییەكانی لەم سەدەیەدا لێكەوتەوە.
پەیامی دووەم بۆ بەغدا بوو كە بریتیە لەوەی رێوڕەسمی پێشوازیكردن لە تەرمی میری " ئێزدییەكان لە كوردستان و جیهان" زاراوەیەكی نوێی بوو كە ئەمڕۆ بارزانی بەكاریهێنا، كە رەنگە بۆ گۆڕینی ناوی " ئەنجومەنی باڵای رۆحانی ئێزدیی لە عێراق و جیهان" بێت بۆ " ئەنجومەنی باڵای ئێزدیی لە كوردستان و جیهان" ئەوەش كارێكە كە بەواتای ئەوەدێت مشتومڕ و ململانێی ناوچە ئێزدییە ناكۆكی لەسەرەكان بۆ بەرژەوەندی هەولێر یەكلابوەتەوە.
پەیامی سێیەمیش بۆ جیهان بوو كە بریتیە لەوەی بە ئامانجگرتنی " كوردە ئێزدییەكان" ( بە گوێرەی زاراوەی میدیا رەسمییەكانی كوردستان) لەلایەن داعشەوەو جینۆسایدكردنیان، لە كۆتاییدا بە ئامانجگرتنی هەموو گەلی كوردستانە، بەوەش پرسی ئێزدییەكان كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە نێودەوڵەتی كراوە، لە بنەڕەتدا پرسێكی نەتەوەییە بە پلەی یەكەم، پێش ئەوەی پرسێكی ئاینی یان ئیتنۆئاینی بێت.
پەیامی چوارەم بۆ حزبە كوردستانییەكان بووە، كە بریتی بوو لەوەی هێلكەی ئێزدییەكان، تەنها لە سەبەتەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەبێت، ئەوەش لەمیانی ئاماژەپێدانی زیاتر لە جارێكی بە بەشداریكردنی میری كۆچكردوو لە شۆڕشەكانی " بارزان " و "ئەیلول"، وەك ئەوەی بیەوێت وتەكەی خەلیفە هارونە رەشید دووبارە بكاتەوە كە بە هەورێك دەڵێت:" بۆ كوێ دەتەوێت بڕۆ، هەر لە خاكی مندا باران دەبارێنیت".
بە كورتی و رەوان، ئەوەی بارزانی لای ئێزدییەكان پێش مردنی میرەكەیان لەدەستیدا, زیرەكانە و لێزانانە دوای مردنی بەدەستیهێنایەوە.