پێچەوانە کردنەوەی شار- بەنمونە سلێمانی
2019-02-03 18:11:11
هونەر تۆفیق
یەکێک لە سیفەکانی شار دروست کردنی سەنتەرە لەناو خۆیدا و کۆکردنەوەی ئاراستەکانی دەرەوەیە بەرەو ئەو سەنتەرەی لەخۆیدا دروستی کردووە ۰
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئاراستەکانی شەقامەکانی سلێمانی گۆرانکاریان بەسەرداکرا ۰ شەقامی مەولەوی بەرەو باخی گشتی پێچەوانە کرایەوە ۰ شەقامی مەولەوی درێژکراوەی شەقامی سالم-سەهۆڵەکەیە بەرەو سەنتەری شار ۰ شەقامی سالمیش ئیمتدادی ڕاپەڕین و تاسلوجەیە بەرەو شار -سەنتەر ۰ پێچەوانەکردنەوەی شەقامی مەولەوی بەرەو ڕاپەڕین لە کۆنەستی ئەو سەنتەرەی شار بنیادی ناوە دەکاتە لەناو بردنی سەنتەر و بەرەو دەرەوە بردنی سەنتەرەکە ۰ لەکۆتایی ئەو ئاڕاستەیەی لە دەرەوەی شارەوە بەرەو سەنتەر دەکشێت ٫ بەریەککەوتنی دەرەوە بۆ ناوەوە و ناوەوە بەرەو دەرەوە دروست دەبێت ۰ گۆڕانکاریەکە لەگەڵ نەمەتی عادەتی ژیانی ئابووری و بازاڕ و بازاڕکردنی خەڵکدا یەکناگرێتەوە ۰ کۆی ئەو ژیانە پێچەوانە دەکاتەوە کە دوو سەد ساڵە سلێمانی لەسەر بیناکراوە ۰
عەقڵی شار جیاوازە لە عەقڵی نەخشەداڕێژەرانی ئەو ئایدیایە ۰ لە ڕاستیدا دەبێت هەموو ڕێگاکان بخرێتە سەر سەنتەر و بەرەو چەقی شار ئاراستەبکرێت ٫ چونکە دنیایەک گرێ وبەندی تایبەتمەندی سلێمانی لە هەموو ئاستەکاندا لەسەر ئەو ئاراستانەی شەقامەکانی شار دروستبوون ۰ کەچی زۆر بێباکانە لیژنەیەکی ناحاڵی لە چەمکی شار و سەنتەر ٫ بەبریارێک هەموو ئەو بەند و وابەستەبوونانە بەشارەوە تێکدەدات و لەبەریەکیان هەڵدەوەشێنێتەوە ۰ بێخەیاڵە لەوەی ئاراستەی شەقامەکانی شارە کە کەلتوور و ئابووری و کۆی سیماکانی ئەو شارە دروست دەکات ۰