ئیش هەر قابیلی ئەوانە!
2019-02-03 09:27:18
بورهان حاجی سلێمان
لە شانزە ساڵی رابردوودا كورد لەكەركوك پارێزگارو سەرۆك و زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگاو فەرمانگە گرنگەكانی شارەكەی لەدەستبووە، لەعێراقیش لەسەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ جێگرایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە گرنگەكانی بەدەستەوە بووە، بەڵام ئەم هەموو قورساییە نەیتوانی ئەنجومەنێكی رۆشنبیری سەروو حیزب و نەتەوەو تایەفە پێكبهێنێت كە ئاواتی زۆرینەی رۆشنبیرانی شارەكە بوو، بەپێچەوانەوە بزافی رۆشنبیری كەركوك بە گشتی و كوردی بەتایبەتی رۆژ بە رۆژ لەپاشەكشەدا بووەو یەك لەدوای یەك دەزگا رۆشنبیرییە كوردییەكانی شارەكە دەپوكانەوەو دادەخران.
گۆڕانكارییەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەلی بۆ خەڵكێكی دیكە رەخساند تاكو ئەوەی ئێمە لەم شارە پێمان نەكرا ئەوان بیكەن، بۆیە زوو قۆڵیان لێی هەڵماڵی و كەوتنە كاركردن لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنەكە، بۆ ئەو مەبەستەش وەكو پرسە گورگانەیەك پرسیان بە ئێمە كرد، چونكە كە دانیشتین لەگەڵیان پرۆژەیەكی كامڵ و پێگەیشتوویان ئامادە كردبوو، كە تیایدا وەكو سەدەقەیەك نوێنەرایەتی كورد لە ئەنجومەنەكە هێندەی برایانی مەسیحی بوو! بۆ ئەوەش هەر یەك لەڕاكان جبوری لەكەركوك و عەبدولئەمیر ئەلحەمدانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و ئاسەواری عێراق لەبەغدا، پێشوازیان لێیان كردووەو ئامادەیی گرتنەخۆو پشتگیریی كردنی پرۆژەكەیان خستۆتەڕوو.
من لێرەدا هەموو بەراوردكارییەكی ئەم شانزە ساڵی رابردوو وەلاوە دەنێم تەنها بەراوردێكی نێوان دوو وەزیری رۆشنبیری عێراقی دەكەم:
یەكەمیان فریاد رەواندزی كوردەو جگە لەبەكالۆریۆسی كیمیا، خاوەن بڕوانامەی دبلۆمی رۆژنامەوانی و وەرگێڕانیشەو دامەزرێنەرو سەرنووسەری چەندین رۆژنامەو ئەندامی چەندین یەكێتی و سەندیكای ناوخۆیی و جیهانی رۆژنامەوانییە، ئەو بەڕێزە چوار ساڵ (2014- 2018) وەزارەتی رۆشنبیری لەدەستبووە، بەڵام بۆ جارێكیش (جگە لەوانەی نزیكی خۆی بوونە) لەگەڵ رۆشنبیرە كوردەكانی كەركوك كۆنەبۆتەوەو جارێكیش سەردانی شارەكەی نەكردووە، پشتگیری هیچ پرۆژەیەكی رۆشنبیری شارەكەشی نەكردووە كە تاكو ئێستاش بەدەست شوێنەوارەكانی رۆشنبیری بەعس و كلتوری تەعریبەوە دەناڵێنێت، لەوەش خراپتر رۆژنامەی (ئەلئیتحاد) زمانحاڵی حیزبەكەی كە خۆی یەكێك بووە لەدامەزرێنەرانی و سەرنووسەریشی بووە، لەسەردەمی ئەودا بەبەرچاویەوە لەگۆڕدەنرێت!
دووەمیان عەبدلئەمیر ئەلحەمدانییە كە جگە لەبواری شوێنەوارناسی و ئەنترۆپۆلۆژیا لەهیچ كایەیەكی دیكەی رۆشنبیری چالاكییەكی بەرچاوی نییە، ئەمیان چەند رۆژێكی كەمە بووەتە وەزیر، بەڵام لەگەڵ دەستەبژێری رۆشنبیری عەرەبی كەركوكدا كۆدەبێتەوەو پشتگیری پرۆژەكانیان دەكات.
ئیتر نازانم بۆچی یەكێتی هەڵپەی وەزارەت دەكات لە بەغدا كە هیچ بۆ شارێكی گرنگی وەكو كەركوك نەكات؟ بۆچی لە بری ئەوە قورسایی خۆی ناهێنێتە كەركوك تاكو شەڕی تەعریب لەگرنگترین سەنگەرەوە بكات كە رۆشنبیرییە؟ ئەگەر ئەمجارە پرۆژەكەیان سەرینەگرتبێت، ئەوان ناوەستن و ئیشی خۆیان دەكەن و لەكۆتاییشدا هەر سەردەكەون، چونكە ئیش هەر قابیلی خۆیانە.