پەتای نەبونی مەرجەع
2019-02-02 11:13:23
ئادەم ئاودەڵ
بەپێی پەیرە و پرۆگرامی حیزبە کوردییەکان بێت ، مەرجەع و بریار دەری حیزب سەرکردایەتی حیزب و لە سەروھەموشیانەوە کەسی یەکەمی حیزبەکەیە کە بە راوێژ لەگەل سەرکردایەتی بریارە چارەنوسسازەکان و تەنانەت لاوەکییەکانیش دەردەکات .. بەڵام بە درێژایی شۆرشی کوردی یەکێک لەو کێشانەی ھەردەم ھاتۆتە پێش حیزبی کوردی نەبونی ناوەندی بریار بووە و ھەمیشە مەرجەع و قسەکەری یەکەم ئاستەنگی ھاتۆتە بەردەم و بەرەو لاوازی چووە . بە نمونەی ملا مستەفای بارزانی کە باڵی مەکتەبی سیاسی لێی جیابویەوە و تادەگاتە دروست بونی یەکێتی ، کە ئەویش لە چەند رێکخرا و حیزبی بچوکی سیاسی پێک ھاتبو.
لە کۆتایی ھەشتاکان و لە دوای راپەرینەوە بە تایبەتی ، یەکێتی بە ھۆی سەنگ و قورسایی و لێھاتووی مام جەلالەوە توانی بەسەر کۆی ئەو کێشانە زاڵ بێ کە توشی بریاردەری یەکەم و قسەکەری یەکەمی حیزب دەبون و تا مام جەلال لە ساحەکە بوو ، یەکێتی ھەرگیز کێشەی مەرجەعی نەبوو تەنانەت لەسەردەمی پێش جیابونەوەی نەوشیروان مستەفاشەوە . بەڵام لە دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دورکەوتنەوەی بەتەواوی لە ساحەی سیاسی، یەکێک لەو کێشە گەورانەی بەرۆکی ئەو حیزبەی گرت ، نەبونی توانای بریاردان بوو لەمەڕ پرسە گرینگ و چارەنوسسازەکان کە بەشێکی گەورەی دەگەرێتەوە بۆ ئەنجام نەدان یاخود دواکەوتنی کۆنگرەی حیزبەکە ، راگەیاندنی ناوەندی بریار و دواتریش جیابونەوەی بەرھەم سالحیش و ھەموو کێشەکانی تری ئەو حیزبە بەھۆی نەبونی مەرجەع و قسەکەری یەکەمەوە بوو ، بەڵام لەدوای ھەڵبژاردنەکانی مایسی ٢٠١٨ ی عێراق و رۆڵ وکاریگەری بافڵ تاڵەبانی ، یەکێتی لەو کێشە قوڵە رزگاری بوو ، وێرایی ئەوەی تواندرا تۆراوەکان ئاشت بکرێنەوە ، سیاسیەکی بەھێز و بەسەنگی وەک بەرھەم سالحیش گەرایەوە ناو حیزبەکە و لە ئێستادا ھەموو یەکێتی نەک ھەر سەرکردایەتییەکەی یەک تیمی کار کردنیان ھەیە و لەمەڕ پێشھات و رووداوەکانی ناوچەکەش یەک ھەڵوێست و سیاسەت پەیرەو دەکرێ.
بزوتنەوەی گۆرانیش لە دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا گیرۆدەی ھەمان کێشمەکێشمی نەبونی مەرجەعی باڵای حیزبە ، لەو رۆژەوە تا ئێستا بزوتنەوەکە نەیتوانیوە لەسەر پرسە گرینگەکان بریارێکی یەکانگیر و یەکلایکەرەوە بدات، ھەر لە ھەلوێستیان لەسەر ریفراندۆم کە خەلکیان سەرپشک کرد و نەتوانینیان بۆ دواخستنی ھەلبژاردنی کوردستان و ئێستاش یەکلا نەبونەوەیان لە سەر بەشداری کردن یا نەکردنی حکومەت و ھەر ئەمەش بوو کە وای کرد بزوتنەوەکە نیوەی کورسییەکانی لەدەست بدا.
پەتای لاوازی یان نەبونی مەرجەع ، بە زیندووی پارتی گرتۆتەوە ، کە رەنگە پەتای ئەو حیزبە لە ھەموو حیزبەکانی تر قورستر و کاریگەرتر بێ ، چونکە یەکێتی و گۆران لە دوای نەمانی کەسی یەکەمی حیزبەکە دوچاری ئەو کێشەیە بوون ، بەڵام ئێستا بارزانی باوک لە ساحەکە ماوە و ململانێکانی ئەو حیزبەش لەھەموو کات گەرم و گورترن ، بەجۆرێک ھەر وەفدێکی بیانی سەردانی ھەولێر دەکا ، دەبێ بەر لە ھەموو کەس چاوی بە بارزانی باوک بکەوێ و دواتر نێچیرڤان بارزانی و پاشانیش مەسرور بارزانی ، کە بارەگاکانیان چەند سەد مەترێک لە یەکەوە دوورە و سەرجەمیشیان ھی یەک ماڵن . ئەو ململانێیانە لە ئێستادا رەنگدانەوەی لەسەر کەش و ھەوای کۆبونەوەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ ھەیە و ھەندێ لێدوای بەرپرسانی ئەو حیزبە کە لەسەر کەسانێکی دیاریکراو حیسابن ، بوەتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی چەند کۆبونەوەیەکی گرینگی پێکھێنانی کابینە و تەنانەت لە میدیاکانیشیانەوە ئەو ململانێیانە بە ئاشکرا دەبیندرێ. لە ئێستادا پەتایی نەبونی مەرجەع رەنگە بۆ پارتی قورسترین پەتابێ و دەرئەنجامەکانی بێگومان بە خراپ بەسەر حیزبەکەی و دواتر خەلکەکە دەشکێتەوە...