Draw Media

شه‌قڵلوجه‌

شه‌قڵلوجه‌

2019-01-28 10:50:22


د. هەردی مێد   

له‌ به‌ر ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی به‌شمه‌ینه‌تی فه‌للوجه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌ زۆرێك ناوی شه‌قڵاویان نابوو <شه‌قڵلوجه‌>، واته‌ تێكه‌ڵێك له‌ شه‌قڵاوه‌ و فه‌للوجه‌. ئه‌و رۆژانه‌ش كه‌ هه‌ندێك له‌ خێزانه‌ فه‌للوجه‌ییه‌كان به‌ره‌و زێدی وێرانه‌یان ده‌رۆشتنه‌وه‌، شه‌قڵاوه‌ییه‌كان وه‌ك وه‌فا و به‌ئه‌مه‌كی بۆ ئه‌و چه‌ند ساڵ ژیانه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ریانبردوو له‌گه‌ڵ فه‌للوجه‌ییه‌كان رۆشتنی ئه‌مانیان كردبووه‌ <بۆنه و ریتواڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تی>‌ بۆ به‌ڕێكخستنێكی شكۆمه‌ندانه‌یان.

ئاخر، له‌ به‌ر ئافاتی شه‌ڕ زۆرجار ئاگایمان له‌ سه‌ر وێرانه‌ی شه‌ڕ، زه‌بروزه‌نگ، كوشتن، بڕین…چرده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام زۆر شتی دیمان له‌ بیر ده‌چێت. نازانم به‌ راستی له‌ بیرمان ده‌چێت، یان له‌ به‌ر سام و وه‌یشومه‌ی شه‌ڕ وزه‌ و حه‌وسه‌ڵه‌ی بیركردنه‌وه‌یمان نییه‌. یه‌كێك له‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی شه‌ڕ دروستی ده‌كات <تێكه‌ڵی و ئاوێزانی كۆمه‌ڵایه‌تیه>‌. شه‌ڕ خه‌ڵكێك تێكه‌ڵ به‌یه‌كده‌كات كه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌رگیز رۆژگارێك له‌وه‌و پێش بیریان له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان و رێكه‌وته‌ی یه‌كتر نه‌كردبێته‌وه‌. ئه‌وه‌تا شه‌ڕ شه‌قڵاوه‌ییه‌كان و فه‌للوجه‌ییه‌كان به‌یه‌ك تێكه‌ڵ ده‌كات. به‌ شێوه‌یه‌ك شه‌قڵاوه‌ وه‌ك پانتایی ده‌بێته‌ هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی زاكیره‌یه‌كی گشتی نێوان شه‌قڵاوه‌ییه‌كان و فه‌للوجیه‌كان. هه‌ر فه‌للوجییه‌ك كه‌ هاتبێته‌ شه‌قڵاوه‌ له‌مه‌ودوا به‌شێك له‌ یاده‌وری له‌ شه‌قڵاوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. مۆریس هاڵباك، باوك و تیۆرسازی زاكیره‌ی گشتی، به‌ تێروته‌سه‌لی باسی په‌یوه‌ندی نێوان زاكیره‌ و پانتایی ده‌كات و ده‌ڵێت <زاكیره‌ هیچ كات به‌ بێ شوێن دروستنابێت. زاكیره‌ هه‌میشه‌ لانه‌ و پانتاییه‌كی هه‌یه‌ و تێدا نشونما ده‌كات>. شه‌قڵاوه‌ بۆ فه‌للوجه‌ییه‌كان بووه‌ پانتایی زاكیره‌یه‌ك كه‌ له‌مه‌ودوا هه‌ر ته‌نها به‌ هاتنه‌وه‌یان بۆ شه‌قڵاوه‌ بیریان بۆ ئه‌م شاره‌ ناجوڵێت‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شه‌قڵاوه‌ و ژیان له‌ شه‌قڵاوه‌ له‌ جه‌سته‌ و زه‌ینی فه‌للوجییه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌ و لێره‌وه‌ ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌كات به‌ شه‌قڵاوه‌یی.

سه‌یره‌، چه‌ند سه‌یره‌ شه‌قڵاوه‌ ده‌بێت به‌ دروستكه‌ره‌وه‌ی عێراقش، چونكه‌ فه‌للوجییه‌كان له‌ رۆشتنه‌وه‌یان بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كانیان به‌ ناوی شه‌قڵاوه‌وه‌ ناو ده‌نێن و لێره‌وه‌ فه‌للوجه‌ و شه‌قڵاوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێده‌ده‌ن و ده‌یكه‌ن به ڕایه‌ڵی هاونیشتمانیبوون و هه‌ستێكی هاوبه‌ش بۆ وڵاتێك كه‌ پێی ده‌ڵێین عێراق. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م سه‌رنجه‌ به‌ لای هه‌ندێكتانه‌وه‌ هێشتا زوو بێت و وانه‌ده‌رنه‌چێت، منیش هاوڕاتانم. ده‌شێت هه‌ڵه‌ بم، به‌ڵام ناشتوانم ڕێ له‌ خۆم بگرم كه‌ بیرم به‌ لای ئه‌م دیارده‌یه‌وه‌ نه‌چێت، من كه‌ به‌ قوڵی هاڵباك٠م خوێندۆته‌وه‌ ده‌زانم شوێن چی به‌ زاكیره‌ و دیدی مرۆڤ ده‌كات.

له‌ لایه‌كی دی، شه‌ڕ شه‌قڵاوه‌ ده‌كات به‌ كارخانه‌ی دروستكردنی <سه‌رمایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی> به‌ ماناو گوزارشتی بۆردیۆ. واته‌، شه‌قڵاوه‌ ده‌بێت به‌ پانتایه‌ك تێدا فه‌للوجیه‌كان و شه‌قڵاوه‌ییه‌كان چه‌نده‌ها رایه‌ڵ، په‌یوه‌ندی و ئاوێزان دروست ده‌كه‌ن. نازانم هێشتا ئه‌م سه‌رمایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ چ ره‌نگ و بۆیه‌كی هه‌یه‌: هاوڕێیه‌تیه‌‌، هاوسێیه‌تیه‌، هاوسه‌رگێریتیه‌…نازانم. هه‌موو ئه‌مانه‌ شایه‌نی بیركردنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ن.

خۆزگه‌ به‌م نزیكانه‌ سه‌رێكی فه‌للوجه‌م بدایه‌. من شه‌قڵاوه‌ باش ده‌ناسم، ئاخیر له‌ بیرتان نه‌چێت من ماسته‌ره‌كه‌م له‌ سه‌ر شه‌قڵاوه‌ هێنا. بۆیه‌ ئێستا وه‌ختی ئه‌وه‌یه‌ بچم بۆ فه‌للوجه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا زیاتر بیر له‌ <شه‌قڵلوجه‌> بكه‌مه‌وه‌ و بزانم دواجار شه‌قڵلوجه‌ چی پێییه‌ بۆ زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و چیمان فێرده‌كات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand