سەرچـــــاوە و هـــــۆکـــــــاری بێ رێزێـــکان لە کوێوەن ..
2019-01-27 21:31:11
نەوزاد کەریم
ئەوەی کە رۆژانە دەگوترێ و گوێبیستی دەبین ، بەرامبەر بە پێشمەرگەو خەباتی رابردوو ،کە ئێمەش لەناخەوە ئازاری پێ دەچیژین ، هەتا نەزانین دەردەکە لەکوێیە ، ئەو دەردەی کە دەڵین بێحورمەتی بە پێشمەرگە و خەباتی رابردوو دەکرێت ، دەست نەخرێتە سەر برینەکان و دەستنیشانی نەکریت ، هەرچی دەکریت خۆلادان و خۆ گێل کردنە لە ئەسلی مەسەلەکە و بردنێتی بە ئاراستەیەکی تر و بۆ مەبەستێکی ترە ، ئەگەر بەراست ئێوە وەک پێشمەرگەی دێرین بەتەنگ شکۆی پێشمەرگەوە و خوێنی هاورێ شەهیدەکان و خەباتی خۆتانەوەن ، ئەتانەوەی وەک ئەوەی کە دەڵین بێحورمەتیەکان راگرن ، خۆ دەبێ بزانن ، سەرچاوەی بێحورمەتیەکان لەکوێوەن و بۆ هەیە ، دەبێ بزانن ، کێن ئەوانەی هەموو شتێکیان لە جوانی داماڵی ، سوێند بە خوێنی هاورێ شەهیدەکانمان ئەوانەی ئەمرۆ تورەن و قسە لەسەر پێشمەرگە و خەباتی رابردوو ئەکەن ، زوربەیان ئەوانەن کە تا ئیستاش خوینیان لێدەچۆریت و ئەوانەن کە خاوەنی گەورەترین قوربانین لە شۆرش و خەبات دا ،چونکە لەسایەی ئەم حوکمەدا هەلپەرستەکان لە ئیستادا لەهەموو کات زیاتر ژیانیان باشتر و لە سێبەر و سایەی گەندەڵکاراندان و لە هیچیان کەم نیە ،خۆیان خاوەن وڵات وخاوەن ماڵن ، هەر خۆتان برۆن ئەوانەی گوندەکان بدوێنن ، ئەوانەی کە خۆیان لەو سەختی ژیان و کولەمەرگیەدا هەمیشە دەرگایان بۆ پێشمەرگە لەسەر پشت بوو ، برۆنە گوندەکانی گەرمیان و بەجێماوەکانی ئەنفال بدوێنن ، برۆن ئەو پیاوە بدوێنن ، کە لەمەرگەساتی ئەنفال دا ، تفی لە زەوی دەکرد و دەیوت ژیانیم بەبێ ئیوە ناویت و بەجێتان ناهێلم ، دەمەوێت لەگەڵ ئیوە بمرم ، سەرێکیش لە تیلەکۆ بدەن ، بچنە لای ئەو کاکەیەی کە هێشتا ماڵ ومنداڵەکەی لەژێر تاشەبەرد وتاوێری شێوەکەدابوو ، لەچاوەرێی مەرگ دا بوون ، کە گەرایەوە گوندەکە و زانی نانەکەیمان خواردەوە ، وتی قوربانی ئەوە دەمەتان بم کە ئەو نانەتان پێ خواردوە ، برۆن و بزانن ، گوێیان لێبگرن و لەخۆیان و نەوەکانیان ، بزانن ئیستا چیمان پێ دەڵین ، خۆ لە بیرتان دێت ئەو شەوەی گەیشتینەوە ناو شاری سلێمانی و سەدان کەس لە پەنجەرەکانەوە سەریان دەرهینابوو ، بەخێرهاتنەوەی دەکردین و بەقوربانمان دەبوون و دەپارانەوە و دوعای سەلامەتیان بۆ دەکردین ، برۆن بزانن ئیستا چی دەڵین ،بزانن ئیستاش دوعای سەلامەتی و تەمەن درێژیمان بۆدەکەن ، بەراست ئەمە ئەو رۆژەبوو، کە خەباتمان بۆ کرد و قوربانیمان بۆدا ، ئەمەی کە هەیەو ئەگوزەری و ئەو ژیانەی کە ٢٧ ساڵە خەڵک لەسایەیدا بەرێی دەکات ئەوەیە کە خەباتمان بۆکرد و خەونمان پێوە دەبینی وئەوەبوو هاورێکانمان خوێنی خۆیانیان بۆرشت و گیانی خۆیان لە پێناوی دا دانا ؟
بۆیە دەبێت دان بەو راستیەدا بنێن کە سەرچاوەی بێحورمەتیەکان بەهەموومان ، لای ئەوانەن کە خوێنی هاورێ شەهدەکانمان ، رەنج و ماندووبونی گوندنشینەکان ، خۆراگری پیاوان و ژنانی ناو زیندانەکانیان ، کردە خشت و کۆشک و تەلارەکانیان پێ هەڵچنی ، لای زوحاکەکانی سەردەمن ، لای ئەوانەن کە بەناوی خەباتی رابردووە ، وڵاتیان دادۆشی و نیشتمانیان کردە دیوەخانێک بۆ خۆیان و، برۆن یەخەی ئەوانە بگرن کە ئاشتی کۆمەلایەتیان تێکدا و کۆمەڵگایان لەبەر یەک هەڵوەشاند ،بەڵێ دەردەکە لێرەیە ، هەر لێرەشەوە بە خەبات و وەستانەوە لە دژی دەتوانرێ نرخ و شکۆ بۆ رابردوو، بگێردرێتەوە ، ئەو دیوارە ئەستورەی لەگەڵ خەڵک دروست بووە بروخێندریت..