لەبارەی رووداوەکەی (شیلادزێ) وە
2019-01-27 19:31:35
پەیڕەو ئەنوەر
پرسیاری سەرەکی و بەرایی ئەوەیە تورکیا چۆن بیر لە کورد دەکاتەوە! دیارە بۆ تێگەیشتن لە تورکیا و جوڵەکانی، تێگەیشتن لە تورکیا وەک ئەکتەرێک کە زیاتر دەیەوێت لە دواوەی کورد دەربکەوێت نەک لە تەنیشت و لەتەکی دەگەڕێینەوە بۆ ئەدەبیات و رووداوەکانی جەنگی کۆتایی جەنگی سارد و کوێت. کوردانی باشوور لە کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ دا روودەکەنە سنوور! ئەم جوڵە بە کۆمەڵەی کورد بۆ سەر سنوور و بەدیار چاوی میدیا گەورە و رۆژنامەنووسانی دونیاوە خەم و ترسێکی گەورەی بۆ تورکیا دروستکرد. ترس لەوەی کوردانی باشوور بۆیەکەمین جار لەدوای رووخان و پارچە پارچەبوونی ئیمپڕاتۆری عوسمانییەوە پەیوەندی بەیەکترەوە بکەن و سنووری لۆزان و هێڵەکانی لۆزان تێکبشکێنن! تورکیا یەکێک لە خەمە هەرە گەورەکانی لەو جێگۆڕکێ و راکردنەی کوردانی باشوور بۆ سەر سنور مەسەلەی پەیوەندیکردن و ئامێزانبوونی باشوور و باکوورییەکانی کوردستان بوو! ترس لەوەی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان بە یەک زمانی ناسیۆنالیزم و بەیەک خەمی سیاسی و نەتەوەیی گفتوگۆبکەن؛ بە یەک خەیاڵی سیاسی و بە یەک پڕۆژە و چاوەڕوانی سیاسی و نەتەوەیی لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدابن. دیارە تورکیا نەیدەویست لەڕووی جیۆپۆلەتیک و سنوور و ناسنامەی فەرمی وڵاتەکەیەوە لاواز دەربکەوێت و بخنکێت.
(تورکت ئۆزاڵ) هەر زوو لەدوای کۆڕەوەکەوە پێشنیاری کرد کە ناوچەی ئارام لە باکووری عیراق دروست بکرێت. ئۆزاڵ دەیویست کوردانی ئەم دوو پارچەیە دابڕاو، دوور لەیەکتر، بە دووزمانی سیاسی و خەیاڵی سیاسی بمێننەوە! باشوورییەکان لە سنوورەوە بەرەو ناوەندی شارەکان بکشێننەوە تاکو لەگەڵ باکوورییەکان لە پەیوەندیدانەبن و بەیەک زمان و چاوەڕوانی سیاسی گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر نەکەن. پێدەچێت دەستەبژێری سیاسی تورکی لەوکاتدا ترسیان لەوە هەبووبێت بەهۆی گٶڕانی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و بنەماکانی New World Order و تاک جەمسەرییەوە کورد ناسنامە و سنوور بەدەستبهێنێتەوە! باکوورییەکانیش هاوشێوەی برا باشوورییەکانیان جوڵە بکەن، زمانی سیاسی و جەستەی سیاسیی و نەتەوەییان رێکبخەنەوە! داواکارییەکی بونگەراییانەیان لەو سیستمە سیاسییە تازەیەی دونیا هەبێت و جەستەی تورکیا رووبەڕووی ماندووبوون و لەت لەتبوون بکەنەوە!
تورکیا لەدوای راپەڕینەوە هەرزوو ئامادەیی دەبێت لە باشووری کوردستاندا. ئامادەبوون لەڕێگەی PMF ەوە، ئامادەبوون بەزمانێکی ئاشتییانە. پڕۆسەکە وەهابوو کە تورکیا بەشێوەیەکی سیمبوڵی لە باشووردا بژی، بمێنێتەوە و ئاگاداری دونیای کوردی بێت. دواتر چەندین بنکەی سەربازی تورکی لە باشووردا دەرکەوتن. لێرەوە ئامادەبوونی تورکیا لە فۆڕمێکی نەرمەوە دەگۆڕێت بۆ سەرباز و هێز. هێز لێرەوە نوێنەرایەتی دۆخێک دەکات کە ئەوانی تر پارچە پارچە و دابڕاو بکات، یان دەرفەتی تێکەڵبوون و پەیوەندی ئەندامانی نەتەوە بەیەکتر نەدات. ئەمڕۆ تورکیا لە شیلادزێ ناسنامەی سەربازبوونی خۆی لەدەستدەدات؛ تانک و هێما سەربازییەکانی دەسوتێنرێت! تورکیا ترسێکی گەورەی لەوە هەیە ئەم کردەیەی شیلادزێ لە کردەیەکی سیمبوڵییەوە خۆی بگۆڕێت بۆ کردەیەک جەماوەری و بچێتە نێو جەستە و پەیکەری تورکیاوە وەک چۆن لەدوای جەنگی ساردەوە سۆڤیەت پارچە جیاوازەکانی لە جەستەی جیابوویەوە! یوگسلاڤیای پێشوو رووبەڕووی دابڕان و دابەشبوون بوویەوە. دیارە تورکیا هێشتا خەمی ئەوەیەتی ئەگەر وەک سەرباز لەباشوور ئامادەنەبێت باشوور و باكوور هەستی هاوبەش و خەمی هاوبەش کۆیانبکاتەوە یان بەلایەنی کەمەوە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی تێری تری Territory بێتەوە کایەوە. ئەم ترسە لەزۆربەی دۆخەکاندا وای لە تورکیا کردووە مەسەلەی کورد لە مەسەلەی شوناس و بوون بگۆڕێت بۆ مەسەلەی ئاسایش. تورکیا دەترسێت بەبێ بوونی سەرباز لە شیلادزێ و بەبێ فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکە جۆرێک لە تێری تری بەرهەمبێت ماناکانی تورکبوون و دەوڵەتبوون دەستکاری بکات. دەکرێت لەڕێگەی تێزەکانی (بیندکت ئەندەرسن) زیاتر لەدۆخی بەرهەمهێنانی ناسیۆنالیزم و تێپەڕاندنی سنور و جیۆپۆلەتیک و جەستەی دەوڵەت و لەیەکترنزیکبوونەوەی ئەندامانی نەتەوە بگەین.