Draw Media

گۆڕان دەیەوێت چی بكات؟

گۆڕان دەیەوێت چی بكات؟

2019-01-27 11:19:02


لەتیف فاتیح فەرەج       
هەڵبەتە تا ئێستا هۆكاری زۆر هەبوە بۆ ئەوەی لە سەر كەم و كوڕی و كەندو لەندەكان قسە نەكەین ، سەرەكی ترین هۆكار هەر ئەوە بووە هێشتا ئومێدی زۆرمان بەوە بووە ،ئەم بزوتنەوەیە بتوانێت بەسەر كێشەو گرفتەكانی نێو خۆیدا زاڵ بێت و بگەڕێتەوە سەر راستە رێی ئیشكردن ، لە ماوەی رابردوداو لە سەرەتای دروست بوونی ئەم بزوتنەوەیەوە ، بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بێت ، خۆی بەو مانایەی لەوانی تر نەچێت ، لەو پێناوەشداو لە پێناوی ئەوەشدا كە ئەمبزوتنەوەیە ببێتە بزوتنەوەیەكی جیاوازو روحی تولە رانس و پێكەوەی پەرە پێبدات دیدو سەرنجی زۆرمان داوەبە خاوەنبڕیارەكانی ناوی ، مەبەستیشمان بووەلانی كەم لە رێگەی ئەم بزوتنەوەیەوە ئەو بارو دۆخەی كوردستانی تێكەوتوە ، بە تایبەت ئەو ململانێ‌ ناشرینەی نێوان پارتی و یەكێتی بە كۆتا بێت و هەنگاوەكانی بە نیشتمانی كردنی هێزی پێشمەرگە ، نوسینەوەو دانانی دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان ، كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان ،  چارەسەری بارو دۆخی خەڵك ، پرسی نەوت و سامانی ژێر زەوی بگەنە ئەنجام .
بزوتنەوەی گۆڕان  لە ئێستادا لە دۆخێكی زۆر خراپدایە لە بەر ئەوەی :
یەكەم : كورسیەكانی لە پارلەمانی كوردستان نیوە كەمیان كردوە .
دووەم : دەنگەكانی بەڕادەیەكی بەرچاو هاتوەتە خوارەوە .
سێیەم : ژمارەیەكی یەكجار زۆری هە ڵسوڕاوو هەواداری نائومێد كردوە ، یان لێیان ناپرسێتەوە .
چوارەم : بە كردوە ئێستا دوو دیدی جیاواز لەو بزوتنەوەیەدا هەیە  دیدێكی دەرەوەی گردەكەو دیدێكی نێو گردەكە .
پێنجەم : لەسەر چوونە ناوحكومەت یان نەچوون هیچ كۆدەنگیەك نیە ، بەرچاو ڕوونی نیە ، لە چوون و نەچوون گومان و دوودڵی هەیە .
شەشەم : ناتوانێ‌ كۆنگرەی چارەسەرو گەڕانەوەی راستەڕێ‌ ببەستێ‌ .
حەوتەم : نەیتوانیوە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بێلایەنی خۆی بپارێزێ‌ .
هەشتەم :بزوتنەوەی گۆڕان خەریكە دەبێتە بەشێك لە نائومێدی .
نۆیەم : بۆیەكجاریش ئەم بزوتنەوەیە بایەخی بە پەروەردەی سیاسی نەدا هەتا ئەو خزان و لادانانە دروست نەبن كە بوون .
دەیەم : چ لە سەردەمی كاك نەوشیرواندا چ تا ئێستابزوتنەوەی گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی بگۆڕ نا وەك دیاردەیەكی دەنگی هەیە ، ئەمە كێشەیەكی گەورەی ئەو بزوتنەوەیەیە .
سێ‌ خاڵی گرنگ لە نێو ئەم بزوتنەوەیەدا ونن :
یەكەم : بەرپرسیارەتی و رێزی ناوەكی .
دووەم : لێپرسینەوەو بە دواداچوون .
سێیەم : دیدگای سیاسی  كە ئەمەیان لە خاڵەكانی تر گرنگترە .
لە راستیدا ئەم كێشەو گرفتانە پێویستە بە ئاشكراو بە بەر چاوی خەڵكەوە قسەی لە سەر بكرێت ، نەك ئەوەی بەردەوام قسە لەسەر ئەوە بكرێت كە ناكرێ‌ كێشەكان بكەونە سەر ڕووپەڕی میدیاكان ، لە كاتێكا بزوتنەوەی گۆڕان خۆی دژی ناڕوونی و شاردنەوەیە .
لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەر لە سەرەتاوە جۆرێك لە فەوزا هەبووە ، یان رونتر خودی بزوتنەوەكەش كاری لە سەر فەوزا كردووە ، لە كاتێكا ئەمە بەرە بەرە دەبێت بە دیسپیلین و بەرنامە چارەسەر بكرێت ، كەچی خراوەتە سەریەك و بۆ رۆژگار لێی گەڕاون، رۆژگار هیچ كاتێك كێشەكان چارەسەر ناكات .
ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان كێشەی شوناس و ناسنامەشی هەیە ، ئەمەیان پەیوەستە بەوەوە كە تا ئێستا نەتوانراوە كۆنگرەیەكی دروست ببەسترێت ، كۆنگرەیەك بەرپرسیارەتی و دەسەڵات و خاوەندارێتی و خۆخاوەنی بزوتنەوەكە یەكلا بكاتەوە .
من لەم رۆژانەدا زۆر سەیرم بەو دەستەواژانە دێت كە ئەم بزوتنەوەیە  بڵاوی دەكاتەوە ، بۆ نمونە یەكێتی حەز دەكات ئاشت بینەوە ، پارتی حەز دەكات بڕۆینە حكومەتەوە ، لێرەدا قسە لە سەر ویستی گۆڕان و پێویستی ئاشی یان بەشداری ناكرێت ، لێرەدا بزوتنەوەی گۆڕان ونەو ئەوانی تر لە بارەی خۆیان و ئەویشەوە قسە دەكەن ، ئەوە جگە لەوەی لەوە دەچێت جیفاتی نیشتمانی ئیدی هۆیەك بۆ مانەوەی نەمابێت ، چونكە لە نێو ئەو بارو دۆخەدا هیچ پڕۆژەیەكی رونی نیە .
ئەم بزوتنەوەیە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە داهاتوی نزیكدا لە ئێستا زیاتر داغان دەبێت ، بەوەش نەوشیروان مستەفاو هەموو ئەوانەی لە تەكیدا دەستیان دایە ئەم پڕۆژەیەوە بەرەو بیر چوونەوە دەچن لای خەڵك ، كە نەمن و نەكەس مەگەر نەیارەكانی ئەو بزوتنەوەبە ئاواتە خوازی ئەوە بن .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand