Draw Media

ئەگەرەكانی روداوەكانی شیلادزێ

ئەگەرەكانی روداوەكانی شیلادزێ

2019-01-26 20:03:44


سەرتیپ جەوهەر       

پاراستنی ئەو هێزانەی توركیا لەئەستۆی پارتییە، تۆ بڵێی روداوەكان خۆڕسك بن؟!

روداوەكانی ئەمڕۆی شیلادزێ لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، دەشێت ریشەو سەرەداوی ئەو روداوە لەناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتبێت، هاوكات دەشێت پەیوەندی بەبارودۆخی ناوخۆی سوریاو گوشارەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستانەوە بێت، بەڵام لەوەناچێت هیچ پەیوەندیەكی بە جوڵانەوەی خۆڕسك و راپەڕینی جەماوەرییەوە هەبێت، ئەگەرچی خەڵكی ناوچەكەو كوردستان زۆر بێزارو ناڕازین لەبونی دەیان بنكەی جەندرمەو میتی تورك لەناوچە جیاوازەكانی هەولێرو سلێمانی.
لەوەدەچێت روداوەكانی ئەمڕۆ لێكەوتەی نزیك بونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە ئێران و ئاغای قاسمی بێت، هەروەك لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق هاوكاریی زۆری پارتی كرد لەململانێكانی بەغدا، لەدەستنیشانكردنی سەرۆك كۆماری عیراق هەوڵێكی زۆری دا كاندیدەكەی پارتی (فوئاد حوسێن) ببێتە كاندیدی كورد، بەڵام لەوەدا سەرنەكەوتن.
لەپاڵ ئەو نزیكبونەوەیەی پارتی لەئێران، جۆرێك لەخاوبونەوەو نەمانی گرژی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و توركیا هەستی پێدەكرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی پەیوەندییەكی ئاسایی، بەڵكو تەنها فرۆكەخانەی سلێمانی كرایەوە.
یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكانی روداوەكانی ئەمڕۆ ئەوەیە پەیوەندی بەو نزیكبونەوەیەی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەئاغای قاسمیی و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە هەبێت، چونكە بارزانی باوك مەبەستییەتی حكومەتی نوێی هەرێم بەخێرایی دروست بێت و كوڕوكەی (مەسرور بارزانی) ببێتە سەرۆكی حكومەت، لەوانەیە هەوڵدەن لەو رێگەیەوە گوشار بۆسەر نێچیرڤان بارزانی دروستبكەن! دروستكردنی پشێوی و ئاڵۆزی لەنێوان حكومەتی هەرێم و توركیا لەخزمەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتدا نییە، كە پەیوەندییەكی زۆر تایبەتی شەخسی و بازرگانی لەگەڵ ئەردۆغان و بەشێك لەكاربەدەستانی توركیا هەیە. چونكە بەهیچ شێوەیەك ناكرێت خەڵك كۆببێتەوەو بەبێ رێگری هێرش بكەنە سەر بنكەیەكی سەربازی توركیا ئەگەر رێخۆشكردنێك نەبێت، بەتایبەت ئەو بنكەو بارەگایانە، جگە لەبازنەی ئەمنی خۆیان بۆ پاراستنی بنكەكان، بازنەیەكی دیكەی ئەمنی هەیە كە ئاسایش و پێشمەرگەی پارتی كوردستان لێی بەرپرسن و لەئەستۆی دامودەزگاكا ئەمنییەكانی پارتیدایە! بگرە لە ئایاری 2018 كاتێك هێزێكی هاوبەشی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە دەبرێن بۆئەوەی وەك هێزی پارێزگاری لەبنكەیەكی سەربازی تورك لەكانی ماسی دابمەزرێن، توركەكان ناڕەزایی دەردەبڕن كە هێزێكی هاوبەش هاتوە، پێان باش نەبوو لەو هێزەی پارێزگاریان دەكات پێشمەرگەو ئەفسەری سەر بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەبێت! كەوایە بونی ئەو هێزانە بەهێزێكی تایبەت پارێزگاریی دەكرێن نەوەك هێزی سەربازیی دیكە هێرشیان بكاتەسەر یان لەدورەوە چاودێریی بكرێن، ئێستا چۆن دەكرێت هاوڵاتیان بێ‌ چەك و سڤیل وا بەئاسانی لەو بنكەو بارەگا سەربازیی و میتی تورك نزیك ببنەوە ئەگەر رێگەیان پێنەدرابێت؟!
خراپتر لەوە، پەیوەندی نێوان هێزەكانی توركیا بەجەندرمەو میتی توركی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێكە، لەهەندێ بارودۆخدا بەپێی زانیاریی بەئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگە سەربازو كاربەدەستانی توركیا هاتوچۆیان پێكراوە! ئەمە جگە لەوەی هاتنی ئەو هێزانەو جێگیربونیان لەباشوری كوردستان بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختە بووەو یەكێك لەمەرجەكانی هاتنیان پارێزگاری لێكردنیانە لەلایەن پێشمەرگەو ئاسایشی پارتی.
یەكێكی دیكە لەئەگەرەكانی روداوەكانی ئەمڕۆی شیلادزێ، بەستنەوەیەتی بەروداوەكانی ئەو دواییەی رۆژئاوای كوردستان و هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ پەلاماردانی ئەو ناوچەیەی بەرۆژهەڵاتی فورات ناسراوە، ئەگەرێكی لاواز هەیە كە ئەمریكییەكان لەڕێی ئەو دروستكردنی زەمینەی هێرشكردنە سەر بارەگاكانی توركیا لەباشوری كوردستان نامەیەك بۆ توركیا بنێرن كە دەتوانن ئاڵۆزیی بۆ نفوزی توركیا دروست بكەن، بەڵام ئەو ئەگەرە لاوازە، چونكە بۆ ئەمریكا ئاسان نییە جوڵاندنی شەقام و كردنەوەی ئەو رێگەیە بەڕوی خەڵك تا هێرش بكەنە سەر بنكەو بارەگای تورك لەباشوری كوردستان.
خولاسەی كەلام روداوەكانی ئەمڕۆ بۆنی زۆری لێدێت، دیارترینیان پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و پەرەسەندنی ئەو ململانێیەوە هەیە كە لەناوخۆی ئەو حزبە لەنێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا با چاوەڕێ بكەین لەرۆژانی داهاتوودا بزانین ئەنجام و لێكەوتەكانی چی دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand