پارتیبوون و یه‌كێتیبوون چییه؟
2019-01-25 21:06:43
ئومێد حه‌مه‌عه‌لی
سه‌رنجێك له‌باره‌ی ته‌سلیمبوونی كه‌لتوریی و جیهانبینییه‌وه
ئه‌توانین نمونه‌یه‌كی ئاسایی مێژوویی بۆ ده‌ستپێكی ئه‌م قسه‌كردنه‌مان باسبكه‌ین: پارتی نازی ئه‌ڵمانی دیارده‌یه‌كی سیاسی و ئایدۆلۆژی سه‌رده‌مێكی دیاریكراوی ئه‌ڵمانه و سه‌رۆكایه‌تی ره‌های ئه‌و وڵاته‌ی كردووه، به‌تایبه‌ت له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا تا دۆڕاندنی یهكجارهكییانهیان له‌و جه‌نگه خوێناوی و كاولكارهدا. من مه‌به‌ستم نییه بچمه ئه‌و مێژووه‌وه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه هێمای پێبكه‌م و بیرتانی بخه‌مه‌وه كۆتایهاتنی پارتی نازی و روخاندنی رژێمه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام به‌رده‌وامی شوناس و ئایدۆلۆژیای ئه‌و حیزبه‌یه له ده‌می تری مێژوودا و له جوگرافیا و كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌واو جیاوازدا. ئێمه له ئێستا شوناسی نازیبوون و فاشیستبوون بۆ هه‌ر هێز و كه‌سێك قایلبین، زۆر به ساكاریی هه‌موو كه‌س له‌وه تێده‌گات، كه مانای ئه‌وه‌نییه پێمانوابێ، ئه‌و هێز و كه‌سانه ئه‌ندامی راسته‌قینه و راسته‌وخۆی پارتی نازی ئه‌ڵمانی، یان پارتی فاشی ئیتالیین، ئه‌گه‌ر كه‌سێك واتێبگات كه ئه‌و مه‌به‌سته‌مان هه‌بێ دیاره له‌رووی هزرییه‌وه ناكامڵه. ئه‌م قسه‌یه‌مان بۆ ئه‌وه‌یه پارتیبوون و یه‌كێتیبوون ته‌نیا نه‌به‌ستینه‌وه به‌وه‌ی ته‌نیا ئه‌ندامی ئه‌و دوو حیزبه سیاسییه بیت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری شوناسی سیاسیی ئه‌وان بیت. هه‌ر هێز و كه‌سێك ده‌توانێت له‌گه‌ل ئه‌و دوو حیزبه بچێته شه‌ڕه‌وه، ته‌نانه‌ت شه‌ڕ له هه‌ر فۆرمێكیدا بێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ببێته له‌خۆگر و هه‌ڵگری شوناسی سیاسی پارتیبوون و یه‌كێتیبوون، چونكه لێره‌دا پارتیبوون، یان یه‌كێتیبوون ئاماژه‌یه بۆ جۆرێكی جیهانبینی، به‌ڕێوه‌بردنی حیزب و ئیداره‌دان و په‌یوه‌ندی به مرۆڤ و ئازادییه‌وه، كه بێگومان ره‌گوریشه‌ی هه‌موویان له‌و جیهانبینیی و ئهقڵییهتهدایه كۆی پرسه‌كانی پێ ئاراستهئهكهن.
ئه‌گه‌ر بۆ نازیبوون و فاشیبوون كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی ئایدۆلۆژی و سیاسی لهئارادابن، به‌دڵنیایی بۆ پارتیبوون و یهكێتیبوونی هه‌ر هێز و ئینسانێكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگری راسته‌وخۆی ئه‌و دوو حیزبهبێت، چه‌ند خه‌سڵه‌تێك پێویسته هه‌بن:
یه‌ك، قه‌بوڵكردنی بنهماڵهییكردن: پارتی له پرسی بنه‌ماڵییكردنی هه‌موو شتێك‌دا مێژوویه‌كی دوورودرێژی سیاسی هه‌یه و، یه‌كێتیش سه‌رباری زه‌مه‌نێكی دیاریكراو له به‌رێوه‌بردنی شه‌ڕێكی سیاسی و تائه‌ندازه‌یه‌كی سنورداریش شه‌ڕی فیكری دژی بنه‌ما خێڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌ییه‌كان و، داگیركردنی فه‌زای حیزب و سیاسه‌تی گشتی، ته‌سلیمی هه‌مان نه‌هجی سیاسی خێڵایه‌تی-بنه‌ماڵه‌چێتی بوو و، نه‌یتوانی به‌رده‌وامی به‌خۆی بدات و، دواجار له‌شوناسی پارتیبون دا دۆخێكی تراژیدی ده‌ژی. قسه‌یه‌كی نیتشه‌ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی هه‌یه زۆر گونجاوه بۆ دۆخی ئه‌و جۆره ململانێیانه‌ی كه‌س، یان هێزێك تێیدا ده‌دۆڕێت، نه‌ك له‌رێگه‌ی ته‌سلیمبوونی راسته‌وخۆی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه، به‌ڵكو له‌رێگه‌ی ته‌سلیمبوونی جیهانبینی و فۆرمی بیركردنه‌وه‌ی سیاسییه‌وه به جۆری بیركردنه‌وه‌ی دوژمن، یان نه‌یاری سیاسییه‌وه ده‌رباره‌ی سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی حیزب و فه‌رمانره‌وایی؛ ئه‌م فه‌یله‌سوفه گوتویه‌تی:" له شهڕكردنتا له‌گه‌ل دێوه‌كان، پێویسته وریابیت خۆت نه‌بیت به دێ‌و". ئه‌مه‌یه كێشه‌ی دونیای سیاسیی و حیزبی ئێمه، مێژوویه‌كی خوێناوی، یان مێژوویه‌كی پڕ له ململانێی دژوار ده‌ژی و، له‌جیاتی خوڵقاندنی ژیان و دونیایه‌كی تازه و به‌رجه‌سته‌كردنی پرۆژه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤی ته‌واو جیاواز، به‌هه‌مان ئاراسته‌ی به دێ‌و-بوون دا تێده‌پڕێ و، له‌بری داهێنانی مێژووییانه، ئه‌بێته‌وه به‌هه‌مان كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مێژوو، كه ئه‌شێ له چوارچێوه‌ی سیاسی دیكه‌دا به‌رده‌وام بێت.
دوو، موقه‌ده‌سكردنی حیزب و سه‌رۆك: هه‌موو ئه‌و هێز و كه‌سه سیاسییانه‌ی توانای خوڵقاندنی سیاسی له‌ده‌ستده‌ده‌ن و ئیراده‌ی رووبه‌رووبونه‌وه‌یان نامێنێ و له ئازادبوونی راسته‌قینه‌ی خۆیان تۆقیون، په‌ناده‌به‌نه به‌ر ئه‌و فۆرمه دواكه‌وتووانه‌ی په‌یوه‌ندی به حیزب و سه‌رۆكه‌وه، كه جێبه‌جێكردنی شێوه‌یه‌كی په‌رستنه، نه‌ك په‌یوه‌ندی سیاسی گرێ‌دراو به ئاگامه‌ندییه‌كی قووڵ و روانینێكی فیكری ره‌خنه‌گرانه‌ی تیژه‌وه، كه ته‌نیا مه‌رجن بۆ ره‌سه‌ناێتی هه‌ر ئینسانێك و ته‌ندروستبوونی په‌یوه‌ندی سیاسی به حیزب و سه‌رۆكه‌وه.
ژماردنی تایبه‌تمه‌ندییه ترسناك و چه‌وتیی و تراژیدیاكانی ئه‌و دوو حیزبه ته‌نیا بۆ دوو به‌ش پۆلێن و دهستنیشانناكرێن، به‌ڵام من ئاماژه بۆ ئه‌و دوو مانا ره‌مزییه ئه‌كه‌م و، پێموایه بناغه‌یترین خه‌سڵه‌تی ئه‌و دوو هێزه‌ن و سه‌رچاوه‌ی زۆرێك له كێشه و فه‌سادییه زۆرزهوهندهكانی دیكهیانن. مه‌به‌ستمه بڵێم پارتی و یه‌كێتی دوو حیزبی سیاسیی نین به‌ته‌نیا، ئاماژه‌ن و سیمبۆل و شوناسێكی دیاریكراون بۆ هه‌موو ئه‌و هێز و كه‌سانه‌ی كه‌لتوری سیاسیی ئه‌وان به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه و پیاده‌ی ئه‌كه‌ن له ژیانی سیاسیی خۆیاندا.