وێنەکە وەک خۆی..
2019-01-25 19:18:58
كاوە محەمەد
بۆئەوەی گەشبینییەکی لەرادەبەدەر و دوور لەواقیعی (دزی و تاڵانی) دەسەڵاتداران، بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مووچەخۆران دروست نەکرێت و ئێمەی پەرلەمانتارانی کوردیش تەنها لەدیوە عیراقییەکەوە مژدەی پێدانی مووچەی تەواو و بێ پاشەکەوت بەخەڵکی خۆمان نەدەین، زەروورە بەبێ چوونە ناو وردەکاری ژمارەکان، ئەوە بڵێین کە ئەوەی لەیاسای بودجەی ئەمساڵدا بۆ هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە (بە بەراورد بە لاوازیی کورد لەدوای ریفراندۆم-ەوە)، باشترین بڕگە و داڕشتنە کە لەنێو ململانێی فراکسیۆن و رەوتە جیا جیاکانی ناو پەرلەمان و عیراقدا بەدەستبهێنرێت.
بەڵێ بەپێی یاساکە، ئەگەر رۆژانە حکومەتی هەرێم (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتەکەش رادەستی بەغدا نەکات، مانگانە ئەو بڕە پارەی بۆ مووچەخۆران و پێشمەرگە تەرخانکراوە کە زیاترە لە (٥٠٠) ملیار دینار، دەبێ لەبەغداوە بنێردرێت، خۆ ئەگەر هەرێم ئەو نەوتەش رادەست بکات، بێگومان باشتر دەبێت و لەساڵەکەدا زیاتر لە(١٠) تریلیۆن دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت، هێشتا زیاتر لە (١٥٠) هەزار بەرمیل (رۆژانە)ش بەدەست هەرێمەوە دەمێنێتەوە خۆی بیفرۆشێت، ئیتر لەهەردوو حاڵەتەکەدا حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەزیادەوە مانگانە (بەبێ پاشەکەوت و دواکەوتن) مووچەی خەڵکی هەرێم دابەش بکات..
بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە، ئاخۆ حکومەتی هەرێم (بەو سیستمە پڕ لەگەندەڵی و راوووتە حزبی و شەخسیە بێ چاودێرییەی پێی بەڕێوەدەچێت) ئەهلیەت و ئامادەیی ئەوەی تێدایە، ئەو داواکارییە رەوا و سادەیەی خەڵک بەدیبهێنێت ؟ یان دیسان (دەبێتەوە گۆشت بە پشیلە سپاردن) و هەر پارەیەک (چەندە زۆریش بێت) لەبەغداوە بگاتە هەولێر، دەخرێتەوە نێو ژێرزەمینە تاریکەکانی حزب و ئینجا تیمەکانی بەرپرسان (لەراوێژکار و شرۆڤەکار و میدیاکاران) دەست دەکەنەوە بە هۆنینەوە و داتاشینی بڕوبیانووی پووچ و بێ مانا، بۆ داپۆشینی دزییەکان ! کە هەر ئەم ئەگەرەشیان بەهێزتر دێتە بەرچاو..
خۆ لەکاتی رادەستنەکردنی نەوتی هەرێمیش، رەنگە لەهەر کاتێکدا گۆڕانکاریی سیاسی بێتە پێشەوە و بەغدا لەرێککەوتنی ژێر بەژێری سیاسی و دەقی ناو یاسای بودجەیش پاشگەزبێتەوە و ئەو پارەیە ببڕێت، کە رەنگە لەمەشدا بۆ دادگای فیدرالی بگەڕێتەوە و تەفسیری دەستووری بۆ نادەستووریبوونی ناردنی پارەی مووچەی خەڵکی هەرێم بەدەستبهێنێت..
بۆیە لێرەدا گرنگە ئەوەی پەیوەندی بە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٩)ی عیراقەوە هەیە، هەموو رەهەند و ئەگەر و کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بخرێتەڕوو، بۆئەوەی (وێنەکە وەک خۆی) بخرێتە بەرچاوی خەڵک و کەس بە گەشبینیی و خۆشباوەڕی مەست و حەیران نەکەین.
کاوە محەمەد