Draw Media

دیبلۆماسی یان دوژمنداری لەگەڵ بەغداد

دیبلۆماسی یان دوژمنداری لەگەڵ بەغداد

2019-01-24 13:59:17


سەرکەوت شەمسەدین

دیدی جیاکردنەوەی “موچە لە بودجەی هەرێم" و سیراعی سیاسی نێوان هەرێم و بەغداد بابەتێکی نوێ یە روئیای نەوەی نوێ بوو.

پێشتر لە خولی پێشوی پەرلەمان تەنیا شەر لەسەر ۱۷٪ دەکرا بەڵام لە خولی پێشو بزوتنەوەی گۆران دوای تێکچونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی، گۆران تەبەنی ئەوەیکرد کە ئەگەر هەرێم ئیلتیزامی نەکرد ئەوە بەغداد راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات، وە ئەم هەوڵە زیاتر چوەپێش لە پاش ریفراندۆمە شومەکەی بارزانی.

بەڵام ئەو هەنگاوە نادەستوری بوو جێبەجێکردنی ئەستەم بوو وە پارێزگارەکانی هەرێم نەچونە ژێر باری ئەم هەوڵەوە.، دواتر پێشنیاری ئەوە کرا کە فەرمانبەران راستەوخۆ لە بانکەوە موچەکانیان لە عێراق وەربگرن (هاوشێوەی ئاوارەکانی موصڵ) بەڵام ئەوەش عەمەلی نەبوو چونکە عێراق بەیاناتی دەقیقی فەرمانبەرانی هەرێمی لا نییە.

دیدی ئێمە ئەوەبوو موچە نابێت بە مەرج بدرێت وە بەپێی مادەی ۱۱۲ دەستور داهاتی وڵات بەپێی رێژەی دانیشتوان دابەشدەکرێت بێ جیاوازی.

هەروەها ئێمە لەگەڵ کوتلەی سائیرون و نەصر کەوتینە گفتوگۆ کە ناکرێت لە یاسادا بەرپرسیاری سزا پێکەوە دابنرێت بێئەوەی دادگا ناکۆیکە یەکلاییبکاتەوە، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم وبەغداد لە دادگا ناکۆکیەکانیان یەکلایبکەنەوە ئەگەر هەر لایەکیان پێشێلی رێکەوتنەکەیانکرد، نەک حکومەتی عێراق تاکلایەنە بریاربدات و قوتی خەڵک ببرێت.

باسی ئەوەمان کرد کە ئەگەر بەغداد لانیکەم موچە نەنێرێت ئەمە جگە لەوەی نادەستورییە بەڵکو وادەکات کورد بەغداد وەک دوژمن سەیربکەن وە خەڵک زیاتر باوەر بە موهاتەراتەکانی بارزانی دەکات دژبە عێراق ئەوەش بۆ ئایندە مەترسیدارە و دژی پێکەوە ژیانە لەنێوان کورد و عەرەب، ئەمە زۆر کاریگەری هەبوو لەسەر یان بەڵام داوایانکرد کەپشتیوانیان بین لە چاودێریکردنی چۆنییەتی سەرفکردنی بودجەی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وە لەپرسی نەوتی هەرێم دیسان پێکەوە کار بکەین چ لە پەرلەمان یان دادگای ئیتیحادی.

لە ناو کوتلە کوردییەکان بۆچونێکی باو هەبوو کە "پێویست ناکات شەر لەسەر ۱۷٪ یان هەر هیچ بابەتێکی بودجە بکەین ئەگەر دڵنیا نەبین کە پارتی رازیدەبێت بە هەناردەکردنی (۲٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەرێگەی سۆمۆ" وە بۆ ئەوەش ئەزمونی ساڵانی رابردو وەک نمونە دەهێنرایەوە کە پارتی "بەهیچ جۆرێ نەوت تەسلیمی بەغداد ناکات، بۆیە پێویستناکات خۆمان ماندوبکەین،" ئەمە قسەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد بوو.

بەڵگەش هەبوو کە پارتی نایەوێ نەوت رادەست بکات بۆیە پارتی بەدوای بیانودا دەگەرا وە بە فواد حسین یان راگەیاندبوو کە "ئەگەر ۱۷٪ نادرێت ئەوە پێویست ناکات زۆر شەر لەسەر بودجە بکات،" تەنانەت فواد حسین لەسەر داوای پارتی بە مەبەست پشکی هەرێمی کوردستانی لە ۱۲.٦۷٪ نەکرد بە ۱٤٪ کە دەیتوانی ئەوە بکات، ئەمەش بۆ ئەوەی پارتی بیانوی هەبێت نەوت تەسلیمی عێراق نەکاتبەیانوی رەتکردنەوەی ۱۷٪ .

خۆشبەختانە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پشتیوانی ئەو بۆچونەبون کە موچە لە سیراعی نەوت جیابکرێتەوە و وە ئەوە چەسپێنرا ، هەرچەندە ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پێیان وابوو چەسپاندنی برگەیەی "جیاکردنەوەی موچە لە سیراعی نەوت" ئەستەمە لە پەرلەمان تێپەرێنرێت.

بۆیە زۆربەی هێزەکان ئومێدیان بەم برگەیە نەبوو کەمتر باسی لێوەدەکرا لە میدیا، بەڵام یەکەم هێز کە پێش چەند هەفتەیەک ئەم برگەیەی لە میدیاکان باسکرد "نەوەی نوێ" بوو چونکە شێوەیک لە دڵنیاییمان لە سائیرون و نەصر وەرگرتبوو کە ئەوان رێگەنادەن قوتی هاوڵتیانی هەرێم ببرێت ئەگەر هەرێم وبەغدادیش رێکنەکەون لەسەرنەوت.

بەڵام ترسی ئێمە وەک نەوەی نوێ ئەوەبوو ئەم برگەیە لە لیژنەی دارایی تێنەپەرێت ئەوکات کارەکە زەحمەت دەبوو،بۆیە رۆژانە لەگەڵ لیژنەی دارایی لەسەرخەت بوین.

هەنگاوی دواترمان لێپێچینەوەیە لە چۆنیەتی سەرفکردنی ئەم پارەیە بەهاوکاری پەرلەمانی کوردستان وە پەلکێشکردنی بەرپرسانی هەرێمە بۆدادگای فیدراڵی لەسەرمەلەفی نەوت وە دەرهێنانیەتی لە دەستی تاڵانچییەکانی پارتی و یەکێتی، چونکە خەڵکی کوردستان بەهۆی مەلەفی نەوتی هەرێمەوە ملیارەها دۆلار قەرزارکراون.

ئێمە لە نەوەی نوێ خاوەن ستراتیژی "پەیوەندی ئاشتیانە و دەستوریانەلەگەڵ بەغداد" وەک تاکەگەرەنتی خۆشگوزەرانی وبوژاندنەوەی کوردستان ین وە دەزانین ئەمەرێگە دروستەکەیە، نەک شەرفرۆشی و شەرانگێزی بارزانی، ئێمەبەغداد بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانین، نەک بە هەرەشە بۆیە هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ هێزە نیشتیمانییەکان گرێدەدەین، نەک وەک بارزانی ببینە داردەستی وڵاتانی دراوسێ دژی عێراق و خەڵکی کوردستان بخەینە بەر مەترسی .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand