مەترسیەکان بەشداربونی گۆڕان لە حوکمرانیدا
2019-01-23 20:49:34
چیا عەباس
بەشداری پێکردنی گۆڕان و نەکردنی لە کابینەی نۆ بۆتە بابەتێکی گەرمی نێو بزوتنەوەکە و دۆخی سیاسی هەرێم. بەرەی نارەزای ناو گۆڕان زۆر بەرفراوان و گەورەترە لە لایەنگرانی بەشداربون، ئەم بەرەیە بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستی ئەزمونەکانی رابوردوی کردۆتە پێوەری سەرەکی بۆ هەڵوێستی.
لە دوای راپەرینەوە زۆربەی رێکەوتنە سیاسیەکانی نێوان هێزە کوردیەکان، جا ئەوانەی لە گەڵ یەکتر شەریان کردوە، جا ئەوانەی لە حوکمرانی بەشداربون و چی رێکەوتنە سیاسیەکانیشە پێشێل کراون، نیوەچڵ جێبەجێ کراون، بێ ساختە و فروفێڵکردن بەرێوە نەچون و بە مزاجی سیاسی رۆژانە مامەڵە کراون.
ئەو کەسەی مێژوی هەمو رێکەوتنەکان و واژۆ زل و خەستەکان و دیباجە بریقەدارەکانی رێکەوتنەکان بخوێنێتەوە تێدەگا سیاسەتی کوردی لەم بەشەی کوردستان لە نێو خۆیدا چەند خۆخۆر و خۆپەرستە و چەند تەنراوە بە تولەرێ و لارێ و درک و داڵ و خرنۆک و داو و چاڵ.
تەنها رێکەوتن تا ئەم چرکەیە بری کردوە رێکەوتنی واشنتۆنە بۆ راگرتنی شەری ناوخۆ، ئەمەش بە زەبری ئەمریکا بو و ئێستاشی لە گەڵدا بێت هەر بە چاوسورکردنەوەی ئەو پارتی و یەکێتی پێوەی پابەندن. رێکەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی هەر لە یەکەم چرکەی واژۆکردنیەوە بە کێشە و ئاڵۆزی گەورە تەنرابو، مەسیری رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتیش سەلماندی کە هیوا هەڵچنین بە رێکەوتنەکان خەیاڵ پڵاویە و وەهمێکە خاوەنەکانی توشی هەڵوەسە دەکات.
گۆڕان ئەزمونێکی تاڵی لە حوکمرانیدا هەیە، لە سیاسەتدا ناشێت ئەوە بکرێت بە پێوەری بنەرەتی بۆ ئێستا و ئایندە. بەڵکو دەبێت وانەی لێ فێر بین و بە ئاگاییەوە مامەڵە لە گەڵ پرسی حوکمرانیدا بکرێت، چونکە لە لایەکەوە هێزە سەرەکیەکانی دەسەڵات ئێستا گەورەترن لە جاران و گۆڕان بچوک بۆتەوە، لە لاکەی ترەوە گۆرانکاری بنەرەتی لە سروشتی ئەو هێزانەدا رویان نەداوە تا کوێرانە شایەتمان بێنین، هاوکات ئەوەی گرنگە و تایبەت لە غیابی کاک نەوشیرواندا، گۆرانکاری لە سروشتی دەسەڵاتدارانی گۆڕان رویان داوە، ئەو گۆرانکاریانەی کە ئەم دەستە و تاقمەی گۆڕان کە وێڵی کورسیەکی حکومەتن بێ ئیرادە و لاواز و پەرتەوازە کردوە، نامۆی کردوە بە بەها بەرزەکانی گۆڕانبون و بە پرەنسیپەکانی گۆڕان. بە کورتی و کوردی تاقمێکی خۆپەرستی لەکەدارکەری هزری گۆران، بە هیچ شتێک تێر نابن و بەشێکیان دەمێکە ژێر بەژێر بونەتە بازرگان و لە گەڵ ئەم و ئەو چاوبازی سیاسی و ئاڵوگۆری بازرگانی دەکەن.
مەترسی بنەرەتی لە بەشداربونی گۆڕان نیە لە حکومەت. بەڵکو لەو کاراکتەرانەیە کە بە ناوی گۆڕانەوە بەشدار دەبن و گوایە بە خەیاڵی خۆیان نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن، خەیاڵیکی نەزۆک کە بە یەقینەوە هەڵسواروان و گۆرانخوازان لێیان دێنە دەنگ.
ئەزمونی گۆڕان لە حوکمرانیدا بۆمان دەردەخات چەند لەو کاراکتەرانە بازرگانی سیاسی بون و هەن، چۆن تۆری بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان لە گەڵ چەند جومگەیەکی دەسەڵات گڕیداوە، چۆن چۆکیان داداوە و لە بەر تەماعی پارە و دەسەڵات چەماونەتەوە.
با ئەم باسە هەڵگرین بزانین پرسەکە بە کوێ دەگات، ئەوکات قسەمان دەبێت.
رۆتەردام: ٢٤ ی جانواری ٢٠١٩