Draw Media

پەرتەوازەیی شۆرش، پەرتەوازەیی شوناس

پەرتەوازەیی شۆرش، پەرتەوازەیی شوناس

2019-01-23 09:47:12


لاوك سەڵاح

ئێمە کە لە خەون راپەرین و راچڵەکین، خۆمان لە بەردەم ئەو کارەساتانەدا بینییەوە کە قەت مەزەندەمان نەدەکرد رووبدەن، بۆ ئێمە، شۆرش و یاخیبوون هەموو حەقیقەتەکانی دیکەی لە بەرچاوماندا سڕیبۆوە، ئێمە خۆمان بە یەکێک لە فریشتەکان و پێغەمبەرەکان دەژمارد کە لە لایەن یەزدانەوە زۆر بەدەگمەن و لە سەردەمێکی ئاڵتونی و پیرۆزدا دەنێرێن بۆ سەر زەوی بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە شوێنی خۆیانەوە بەو شێوازەی دەیانەوێت بینابکەنەوە. لەم سەفەرە خوێناویەدا تەنیا هاورێ و دۆستی نزیکمان ئەو بیرورا رەهایانەبوو کە دەبوایە کوێرانە لە سەریان کۆکبین و هیچ جۆرە پرسیارێکیان ئاراستە نەکەین. بەداخەوە، نە شۆرش بواری پێداین خۆمان بناسین، و نە خۆشمان توانیمان شوناسێک بە شۆرش بدەین.

یاخبوونی ئێمە لە هاوارێک و قیژەیەک و قیرەقیرێک و بەخشینی شەهیدێکی بێ شومار و راچڵەکینێکی کاتی تێنەپەری، لە خوێندنەوەیەکی نەزۆکی بەیاننامە سیاسییەکان تێنەپەری، ئێمە خۆمان بە شۆرشگێر دەژمارد بەڵام هەرگیز جورئەتی ئەوەمان نەدەکرد سەرکردەکانمان بدەینە بە رێژنەی پرسیار، ئەو پرسیارانەی تا هەنووکەش هەر وەڵام نەدراونەتەوە، ئێمە دەبوایە لەگەڵ ئەواندا ببینە سەدای دەنگی ئەوان بۆ بەخشینەوەی تۆمەت و درۆ، ئەو تۆمەتانەی کە توندرەوانە دەیکردیتە خائین و پیاوی ئیستیعمار و کافر و دونیایەک تۆمەتی بەدی کۆمەڵایەتی، ئێمە ئاوا لە شۆرش تێگەیشتبووین!

هەموو بەرەکان, بێ جیاوازی، یەک میکانیزمی کارکردنیان هەبوو، کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە هەر هەمان کۆڵەکە بوون بۆ هەمووان، هەمان مێژوو، هەمان جوگرافیا و هەمان کەلتووری سیاسی، خاوەنی یەک لۆگۆ بوون، هەرچەندە رەنگەکانیان جیاوازبوون. کێ لە ئێمە خۆی دەناسێتەوە کە ئاورێک لە دواوە دەداتەوە؟ کێ گۆشەگیر نییە؟ کێ ئەو رۆژگار و سەردەمە دەناسێتەوە؟

ئەوەندەی شۆرش خەریکی لاوازکردنی خۆی بوو، ئەوەندەی لە ئەگەر و هەرەشە وەهیمییەکانی ناوخۆی خۆی دەترسا، ئەوەندەی سەری خۆی دەخوارد، نیو ئەوەندە خەریکی پەرەسەندی پرۆگرامی سیاسی و ئامادەکاری نەبوو بۆ ئەلتەرناتیڤێکی سیاسی، ئەگەر وانەبوایە رۆژمان نەدەگەیشتە ئەو رۆژەی کە چەند رێکخراوێکی بیانی لە چەندان کیشۆری دوورەوە بێن و باسی جەندەر و رێزگرتن لە فرە ئایینی بکەن و مرۆڤدۆستی و کرانەوە بە رووی کەلتوری دیکە و پرۆسەی سیاسی بۆ پیادەکردنی دیموکراسی فێری کەسانێک و خەڵکێک بکەن کە بۆ زیاتر لە سەدان سەدە هاوبەشی نیشتمانێكن کە هەمیشە فرە رەنگ و فرە ئایین بووە. بەداخەوە ئەوانەی بە ناوی شۆرشەوە فێڵیان لە خۆیان و ئێمە کرد شەکەت و پەرتەوازە و شەهیدیان کردین، هەر گروپێک و تاقم و دەستەیەک دۆڵێکی بۆ خۆی هەڵبژارد تا لە قوڵای دۆڵەکەدا هەناسەی سەربەستی هەڵمژێت، بێ ئاگا لەوەی لە دۆلەکەی ئەو دیوو چی دەگوزەرێت.

شۆرش بواری پێنەداین ئاشنای سایکۆلۆجیەتی سەرکردە و سیاسییەکانمان ببینین، ئەوانەی رێ نیشاندەرمان بوون، ئەوانەی بۆ مەرامی خۆیان، وتە بەنرخەکانی فەیلەسوفە مەزنەکانی دونیایان وەک کوکوختی دەوتەوە بەڵام یەک توولەرێی ژیانی ئێمەیان نەوەک رۆشن نەکردەوە بەڵکو کوێر کردەوە، ئەوان بە چواردەوری خۆیاندا چەندان قەڵغانیان بەست بۆ ئەوەی کەس شارەزای خاڵە لاوازەکانیان نەبێت.

پارتە سیاسیەکانی سەدەی بیست، ئەوانەی خۆیان بە سۆشیالیست و چەپ لەقەڵەم دەدا، ئەوانەی کە چەقی خەباتیان بۆ نەهێشتنی ملمڵانێی چینایەتی بوو، هەموو دونیای ئێمەیان بە خوڵقاندنی بە هەشتێکی سەرزەمین فڕیودا، ماناکانی شۆرش لە لایەن ئەوانەوە مۆنۆپۆڵکرابوو. لە کاتێدا پارتە سیاسییەکانی ئەم ساتە کە خۆیان لە تەوژمە ناسیونالیستە توندەرەوەکان و پارتە سیاسییە-ئایینیەکاندا دەبینێتەوە، دەخوازن لە نێو فۆبیای وەهمەکانیاندا کە ئەوەندەی رەنگدانەوەی گرێ دەروونییەکانە، ئەوەندە رەنگدانەوەی مەعریفەیەکی سیاسی نییە کە بخوازێت کۆمەڵگە لە هەرەشەکانی ژینگە و کارەساتەکان و جەنگەکانی ئابووری و ئەتۆمی و گۆرانکارییە دیموگرافییەکانی ئاییندە بپارێزێت.

هەر وەک چۆن هەموو موسڵمانەکانی دونیا توندرەونیین، مەسیحیەکانی دونیاش هەموویان میانرەونین، بەداخەوە، قەت ئەو پەراوێز و پانتاییانەی نێوانیان ئیشی لەسەر نەکراوە، نموونەیەکی سادە ئێمە وانەی ئایینمان لە قوتابخانە سەرەتاییەکان و تا ئامادەیییەکان هەبووە، بە درێژای ئەو ساڵانە ئەو وانەیە فێری نەکردین چۆن مامەڵەی ئایینەکانی دیکە بکەین یاخود بە ئایینەکانی دونیا ئاشنامان بکات و رۆڵی ئایینمان تێبگەیەنێت و لە پاڵ مزگەوت و کڵێسەدا ئەو رۆڵە فراوان بکات بەوەی بەهایەکی مەدەنی پێبدات؛ بەهای خێرکردن هەڵکری هەردوو بەهای ئایینی و مەدەنی بێت، یەک رێکخراوی خێرخوازمان نییە کە خێر بکات بەڵام پاشخانی ئایینی یان سیاسی نەبێت. یان ئەگەر خۆمان لە ژینگە و کەلتوورێکی دیکەدا بینینەوە نە ئێمە بەوان نامۆبین و نە ئەوان بە ئێمە. ئەو وانەیە، نە ئێمەی بە خۆمان ناساند، نە فێری کردین لەگەڵ خەڵک و گیانلەبەری دیکەدا لە جوگرافیایەکی دیکە بژین. شۆرش ئەو هێز و تواناییەی بە کوڕەکانی نەبەخشی کە هەموو وانەکان لە شوناسی خۆیدا بە تایبەتمەندێتی خۆیانەوە بپارێزێت، شۆرش نەفەرەتی لە هەموو ئەوانە کرد کە لە خۆی نەدەچوون.

ئێمە پێویستمان بە شۆرشێکی دیکە نییە دونیامان زیاتر و زیاتر تێکبدات، ئێمە پێویستمان بەوەیە کە پێکەوە، تەنانەت لەگەڵ گیانلەبەرەکانی دیکەدا بەس بژین.. بەس.
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand