پارتی و یەكڕیزی و پێكهێنانی كابینەی نۆیەم
2019-01-21 14:24:04
دانا مهنمی
پارتی دیموكرات لەپشت شیعارانی قەومییەوە زوو زوو ئەیقەومێنن ، هیچ هێزێك هێندەی پارتی دیموكرات قسە لەسەر یەكڕیزی كوردو پێكەوە ژیان ناكات ، هەربۆخۆشی بووەتە كۆسپ لەبەردەم یەكڕیزی و هەرچی و هونەرەكانی پێكەوە ژیانە تێكیشكاندووە ، پارتی یەكڕیزی بۆبەرژەوەندی خۆی دەوێت نەك میلـلەت ،یەكڕیزی بۆ گیرفانەكان لەپێشترە تا پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان ، پارتی ساڵی ۲۰۱۳ لەدژی یەكێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان حكومەتی پێكهێنا ،بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی سەرۆكی پەرلەمانو چوار وەزارەتو سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت لەگەڵ چەند پۆستێكی دیكە لەناو حكومەت، بەڵام لەمانگی ۱۰ی ۲۰۱۵ دوای ساڵێك سێ مانگ لەگەڵ گۆڕان یەكڕیزی و هاوپەیمانیەتییەكەی تێكو پێكداو وەزیرەكانی گۆڕانی لەهەولێر شاربەدەركردو دوری خستنەوە لە حكومەت ، دوای تێكچوون لەگەڵ گۆڕان میدیای پارتی بۆ بەشەیتانكردنی گۆڕان قۆڵی لیهەڵماڵی وموعەلیق و ڕۆشنبیرە كوتوكوێرەكان نانیان كەوتە ڕۆنەوە بۆ هۆنینەوەی بوختانی سیاسی دژ بەگۆڕان ، لەلایەكی تریشەوە پارتی داوای لە یەكێتی دەكرد كە پۆستەكانی گۆڕان لەحكومەت پڕ بكاتەوە بەڵام یەكێتی هەڵوێستێكی جوانی هەبوو نەچووە ژێرباری داواكارییەكەی پارتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەتدا .
كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پایەكانی لەرزۆك بوو ،چونكە پارتی هەر لە سەرەتاوە بێ چاوەڕوانی و دژ بە یەكێتی و دەرچوون لە یەكڕیزی نیشتیمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ڕێكەوتن ، لەو قۆناغەشدا باڵەكانی ناو یەكێتی كۆدەنگ نەبوون بۆ شەریكایەتی ڕاستەقینە بۆ پێكهێنانی كابینەكە لەگەڵ پارتی ، بۆیە بەشداری یەكێتی بەشدارییەكی بێ ڕۆڵ و شەریكایەتی ڕاستەقینە نەبوو كە بە ناچاری ملی ڕێگایان گرت وبۆ ئەوەی لە شەمەندەفەرەكە جێنەمێنن و پۆستەكانی خۆیان پڕكردەوە .
دۆخی ئیستای پێكهینانی حكومەتی نوێ جیاوازە بۆ یەكێتی نەك پارتی ،ئێستا یەكێتی كەمێك خۆی كۆكردووەتەوە هەم لە ڕووی ئۆرگانی و هەمیش لە ڕووی پێكهاتەوە ،خەریكە یەكێتی دەبێتەوە بە موڵكی هەموو یەكێتیەكان ،بەڵام پارتی بەهەمان عەقڵیەتی كابینەی هەشتەم لە دژی یەكێتییەكان لەگەڵ گۆڕان گۆران لەیەكتر ڕازین وپارتی تەواو ئامادەیە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ گۆڕان ، دۆخەكە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانیش گۆڕاوەو لە هێزی دووەم بووە بە هێزی سێیەم ، ڕاستە یەكێتی هێشتا هێزێكی پارچەپارچەی پڕ ناكۆكیی و پڕ ململانێ و ڕق و بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی یە،بەڵام لەپرسی بەشداریكردن لە حكومەتدا بەباڵ و قاچەوە كۆدەنگن و یەك داواكارییان هەیە ئەویش ئەوەیە كە داوای هاوبەشی ڕاستەقینە و پشكەكانی خۆیان دەكەن.
هەرچی كۆمەڵی ئیسلامی هەر باس مەكە چونكە پارتی نیگەرانی ئەو هەڵوێستەی لەدڵدایە كاتێك كۆمەڵی ئیسلامی چارەنووسی خۆی گرێدا بە چارەنووسی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وپێكەوە پاشەكشەیان لە كابینەی هەشتەم كرد ، ئەمە سروشتی پارتی دیموكراتە بەعەبەسیەتەوە جارێك دژ بە یەكێتی كابینە پێكدەهێنێت و لایەنێكی تر پشتگوێ دەخات جارێكیش دژ بە گۆڕان هاوپەیمانەتیەكەی لەگەڵ یەكێتی ئەكتیڤ دەكاتەوە ، یاری بە كات دەكات هەروەكو چۆن دەستی بڕوات و لەپەرلەمان نیسابی یاسایی بۆ تەواو بكرێت سیستەمی سیاسی پەرلەمانییە و دەستیشی نەبێت بۆ سەرخوراندن سیستەم سەرۆكایەتییە، یەكڕیزی و پێكەوە ژیان دروشم و دەستەواژەیەكی ساختەیەو بۆ فریودان بەكاری دەهێنن .
ئێستا بەشداری گۆران لە كابینەی نۆیەم پەیوەندی نییە بە پێكهینانی حكومەتێكی بەهێزەوە كە لەئاست چاوەڕوانی خەڵكدا بێت و بتوانیت خزمەتی خەڵك بكات ،حكومەتی بەهێز هەرگیز لە كوردستان بنیات نانرێت ،چونكە دامەزراوەكانی حكومەت نیشتیمانی نین و یاسا لە كوردستان سەروەرنییەو هەمووان لەبەردەم یاسادا یەكسان نین ، بزوتنەوەی گۆران ئەگەر بەهەمان عەقلیەتی كابینەی هەشتەم بەشداری لە حكومەتێكی شكستخواردودا بكات ،ئەوە بەهەڵەدا چووەو قەرەبوی زیانەكانی كابینەی هەشتەمی بۆ ناكرێتەوەو دەنگدەر زیاتر سزای ئەدات ،هەڵبەت بەشداری گۆران یان هەرهێزێكی سیاسی ترلە دەرەوەی یەكێتی و پارتی فرسەتێكی باشە بۆ دوو حیزبی فەرمانڕەوا كە شانی خۆیان پاكبكاتەوە لەو هەموو گەندەڵی كەموكورتی و نا عەدالەتیەی كە لە ناو سیستەمی حوكمڕانیەتیدا هەیە.