هەرێمی کوردستان لە نێوان واشنتۆن و تاراندا
2019-01-20 18:45:25
ئەنوەر حسێن (بازگر)
تارماییەک لە (ناوچەکەدا) دێت و دەچێت، کە (تارمایی ئەمەریکا)یە... ئەمە یەکەم دێری مانفێستی حزبی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگڵسە.
بە دوای ڕووادوەکانی بەهاری عەرەبی 2011 کە چەند دەوڵەت و هێزگەلی سەرکوتگەری ڕاماڵی، پێدەچێت لە 2019شدا، چەند ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو بێنەپێش، کە هەرێمی کوردستان و کوردستان بە گشتی چەقی ئەو ململانێی و گۆرانکارییانە بێت.
سەردانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەرێم و ناوچەکە مەسجی "کێ لەگەڵ ئەمەریکایە و کێ لەگەڵمان نییە؟!" دواین پەیامی بوو بۆ هەرێم، تورکیا، ئوردون و سعودیە... کە مانا و مەغزای زۆری لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەشی ڕاگەیاندبوو کە لوتکەی پۆڵەندا، چەند دۆسییەکی گرنگی تاوتوێکرد لە گرنگترنیان فایلی ئێران و پاشەکشەیە لە سوریا.
کە ئەسڵی تارمایی ئەمەریکا لە ناوچەکە هەر ئەم دوو فایلەیە و پاشەکشەشی لە سوریا لەسەر حسابی ئێرانە و جێهێشتنییەتی بۆ ڕوسیا و تورکیا وەکو بەخشیش لە بەرامبەر بێ دەنگی ئەوان یان پشتیوانی لە دۆسیەکی بە بەها بۆ واشنتۆن.
داپۆشینی فایلی خاشقچی لەگەڵ سعودیە، ڕازیکردنی تورکیا بە پاشەکشەی لە سوریا وەکو ئیمتیاز و جێهێشتنی کوردەکان، گواستنەوەی باڵوێزخانە بۆ قودس لە ئیسرائیل، کۆتاییهاتنی بە قەیرانی چل ساڵە لەگەڵ کۆریای باکور، گەشتی خێرا و گەرمی ئەمەریکییەکان بۆ عێراق بۆ پێکهاتنی حکومەت، بەشداریکردن لە پشتەوەی مێزەکانی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە چواردەی ژانوییە لە هەولێر، هەموویان یەک پاکێجن کە واشنتۆن بە پەلەیە لە ڕاپەڕاندنی کارێک کە ترامپ دەیەوێت ناوچەکە بشڵەقێنێت.
پاش ماوەیەکی زۆر لە پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم، هەولێر و سلێمانی و بارزانی چەند ڕۆژێکە بەردەوام فەرشی سوور بۆ گەمەکارانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕادەخەن، کە دیارە کاریان بە هەرێم هەیە و خەریکی پلانێکن کە بۆنی گەلەکۆمەکی یان هاوپەیمانی لێدێت.
سەردانی ژان لوردیان بۆ هەولێر، سەردانی جەواد زەریف بۆ سلێمانی و هەولێر بە ئاشکرا، چەندین بەرپرسی سەربازی و هەواڵگریش بە نهێنی، ئاماژەن کە دوو لایەنی کێشەکە، هەرێم بە شوێنی گرنگی ململانێکانیان دەزانن و ڕەنگە بەرژەوەندی و پێکدانانەکانیشیان پێویستی بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەگەرنا هیچ ڕاستی نییە گەر وا بیر بکرێتەوە بۆ بەرژەوەندی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانە، چونکە زۆر دوور نییە پار ساڵ خەریکبوو هەموو شتێک بگەینەوە خاڵی سفر و پشتیان تێکردین و هەرەشەیان لێکردین.
سەرەڕای هاتنی هێزێکی زۆری سوپای ئەمەریکا بۆ کەرکوک و موسڵ، ئاماژەن بۆ ئارامکردنەوەی تەل ئەبیب کە لەسەر سەبرگرتنی بەردەوام بێت و کارێک نەکات دۆخەکە تێکبدات، ئاماژەکان وادیارن واشنتۆن بێ تەل ئەبیب لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هیچ ناکات و مەبەستیشیەتی کە تاران سنورەکانی ڕابگرێت و هەڕەشە ناوچەییەکانیشی لێ دوور بخاتەوە بە تایبەتی لە سەردەمی ترامپدا.
هەرچی تارانە لەسەر وجودی هەژموونی خۆی لە یەمەن، عێراق، سوریا و لوبنان بەردەوام دەکات و گوێ لەو بۆچوونانە ناگرێت کە داوای پاشەکشەیان لێکردوە، چونکە ئەوە قوڵایی سیاسی، ئەمنی و عەسکەری ستراتیژی تارانیشە و پێناچێت میانگیرییەکانی سوڵتان قابوس ئاکامێکی بوو بێت.
بۆیە واپێدەچێت هەردوولا گفتوگۆ و دانوستانەکانیان شکستی هێنابێت و بۆ ڕێگای تر بگەڕێن بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان، کە ئەمەریکا پێناچێت تێیدا سەرکەوتوو بێت و ئێرانیش لەهەر حاڵدا لە سوریا و عێراق باشتر نابێت.
ڕەنگە ئەوەش شازز بێت، كە هاوكات و لە یەك كاتدا دوو فڕۆكەی دوو وڵاتی نەیار و كێبڕکێكار، دوو فایل و ئەجێندای جیاواز لە فڕۆكەخانەی هەولیر دادەبەزن. (ژان لۆردیان-فەرەنسی) و (جەواد زەریفی- ئێرانی) كە هەردووكیان بۆ پشتیوانی هەرێمی كوردستان هاتوون.
قسەكانی زەریفی كە وتی : "هەرێمی كوردستان خۆی بە دۆستی نزیكی ئێران دەزانێت" ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە "ئەوەی لە لایەن واشنتۆن و پاریسەوە داواكراوە كە لەگەڵ ئێمەن یان ئێران" بە بۆچوونی زەریفی هەرێمی كوردستان دۆستی ئێرانە.
هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی هەرێم لەو بارەیەوە هیچ راگەیاندنێكیان نەداوە بەڵام مەرج نییە هەموو جار هەرێمی كوردستان لە ناو سایسەت و چوارچێوەی دۆسیە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئەوروپادا بخولێتەوە بەڵكو دەكرێت پێچەوانەكەی ڕاست بێت، چوونكە مەرج نییە هەموو جار هەرێم مل بۆ سیاسەتەكانی ئەوان بدات واتا مەرج نییە گەر ئەمریكا خواستی بێت پەلاماری ئێران بدات هەرێم بەشێك بێت لەو سیناریۆیە، هەرچەندە ئەوە بە مانای ئەوە نییە كە هەرێم پاڵپشتی ئێران دەكات، بەڵام دەكرێت جارێكیش هەرێمی كوردستان (نا) بەو زلهێزانە بڵێت. چوونكە لە خراپترین حاڵەتیشدا هەر بە قەدەر پشتتێكردنمان توڕە دەبن كە لە ڕاپەڕین و ڕیفراندۆم و ڕۆژئاواو و باكوری كوردستان بە جێیان هێشتووین. بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان نابێت لە هیچ سیناریۆیەكی ئەمریكا و ئەوروپا بەشدار بێت كە نەزانێت قازانج و داهاتوو و دەستكەوتەكانی كامەیە.
هەرێمی کوردستان کە چەقی جوگرافی و جیوپۆڵەتیکی دۆسیەکەیە، نە دەتوانێت ڕۆڵی میانگیری بگێڕێت، نە دەتوانێت بێ لایەنیش بێت، بۆیە گرنگە نەبێتە قوربانی و لەو ململانێیانە باش بێتەدەر و بەرژەوەندی هەرێم و خەڵکی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستانیش قازانجی تێدا بکات، دەبێت ئەوەش بزانین ئەمەریکا لەکاتی پێویستدا داوای هاوکاری لە کورد دەکات، بەڵام مەرج نییە لە سەرکەوتن و قازانجدا کورد بکاتە شەریک و هاوبەش و دوور نییە وەکو ڕابردوو گەر پێویستی کرد پشتی تێبکات، چونکە لای ئەمەریکا بەرژەوەندی لەسەروو هەموو شتێکەوەیە بە شەڕ و ئاشتیشەوە بۆ خۆی، بەڵام دەکرێت هەموو جار لانی کەم قوربانی نەبێت وەک ئەمجارە.