ئەو كوردییە جوانە دەزانن بۆچی سوڵحی خۆتان ناكەن؟!
2019-01-19 13:28:15
بورهان حاجی سلێمان
لە گەرمەی پرسەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و ناوەندو قوڵبوونەوەی كێشەكانی كەركوك و پەرەسەندنەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران و مانۆڕەكانیان لەسەر خاكی هەرێم و عێراق و كوڵانی تەواوی ناوچەكە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رێكەوتی (17/1/2019) یەكێتی بە سەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی و ئامادەبوونی ئەقتاب و بنەماڵە جیاجیاكانی ئەو حیزبە كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سەركردە، لە چالاكییەكی نەوعیدا پرۆسەی سوڵحی نێوان هەردوو بنەماڵەی گوندێكی دەشتی كۆیەی بەسەركەوتوویی ئەنجامدا.
كورد دەڵێت "ئەگەر كەچەڵ حەكیم بوایە عیلاجی سەری خۆی دەكرد"، من نازانم ئەو تیمەی یەكێتی چۆن باسی سوودەكانی تەبایی و گرنگی سوڵحییان بۆ دوو بنەماڵەكە كردووە، چونكە یەكێتی دۆخی ناوخۆیی خۆی زۆر لە حاڵی گوندی مەلا زیاد خراپترە كە هەموو قورسایی خۆی بۆ ئەنجامدانی داستانی سوڵحەكەی نێوان دوو بنەماڵەكەی خستەگەڕ، تەنانەت پێكهاتەی ئەندامانی تیمی سوڵحەكەی یەكێتی لە ناو خۆیاندا پێویستی بە خێرخوازێك هەیە سوڵحێكی باش لە نێوان باڵ و بنەماڵەكانیدا بكات، جگە لەوەی تەواوی ئەو حیزبە پێویستی بە كۆنگرەیەكی سوڵح ئاساو پەیڕەو و كتێبێكی نوێ هەیە بۆ روخاندنی دیوارە پتەوەكانی كوتلەو نوسینەوەی ئەلفو بێی سروشەكانی ئاشتەوایی و یەكڕیزی و تێكشكاندنی بتەكانی فرە ناوەندی بڕیارو ئاڕاستە.
لە راستیدا یەكێتی تەنها پێویستی بە سوڵحكردن لەگەڵ خۆی نییە، بەڵكو پێویستی بەسوڵحێكی گشتگیرە لەگەڵ جەماوەرو مێژووی خۆی، سوڵحێك لەسەر گۆڕی مام داوای لێبوردن لە جەماوەرێكی بەئەمەك و مێژوویەكی پرشنگدار بكات و دەستی دایكی هەزاران شەهیدی ماچ بكات و سەر بۆ كەمئەندامانی سەنگەری دابنوێنێت، نەك هەر ئەوە بەڵكو پێویستە داوای لێبوردن لە تەواوی خەڵكی كوردستان بكات، چونكە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەرچییەكیان بەسەردا هاتووەو بێت و لەسەر دەستی كێ بێت، هەر یەكێتی بەرپرسیارە، چونكە ئەوە خۆخۆری و پەرتەوازەیی ئەو حیزبەیە باڵانسی هێزی لە كوردستان گۆڕیوەو چارەنووسی قەوارەی هەرێم و تەواوی دەستكەوت و چارەنووسی گەلێكی داوە بە دەست تاكە حیزبێكەوە كە چەند ساڵێكە تەواوی ئیرادە و مافی بڕیاردانی گەلی كوردی زەوتكردووەو بە بڕیارە تاكلایەنەكانی هەرێمی كوردستانی بەرەو تونێلێكی تاریك بردووە... ئەگەر منداڵێكی كوردیش لەم هەرێمە و ناوچە دابڕاوەكان خوێن لە لووتی بێت بەر لە هەموو كەسێك یەكێتیەكی پەرتەوازەو دژ بە یەك بەرپرسیارە، بۆیە تا زووە سوڵحەكانتان بكەن واز لە خێڵ و بنەماڵەكان بێنن، چونكە ریش سپی زۆرە بچێتە نێوانیانەوە!