جەمسەرە نوێکانی جیهان: دونیایەک بە سیستمێکی دیکە
2019-01-19 12:28:09
لاوك سەڵاح
کە جەنگی سارد کۆتای هات، کە دیواری بەرلین داڕما، کە نوقڵانەی دونیایەکی زۆر جیاواز وەک کڵپە و پریشکی ئاگر بە دونیادا بڵاوبۆوە، کە مەرگی هەموو ئایدۆلۆجییەکان راگەیەندرا، جیهان خۆی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە یەک جەمسەریدا بینییەوە.
بە درێژایی مێژوو، دۆخی دوو جەمسەری باڵی بەسەر دونیادا کێشابوو، هەمیشە ململانێکان بە پارسەنگی بەرژەوەندی دوو زلهێزی دونیا دەپێوراو چارەسەرەکان لەسەر بنەمای دابەشکردنی هێز بوو، ئەمە دۆخە کە بوو هەر لە سەردەمەی کۆلۆنیالیزمی پرتوگال و ئیسپانییەکان و بە تێپەربوون بە کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزەکان و فەرەنسییەکان تا جەنگی ساردی نێوان سۆڤیەتی پێشوو و ئەمەریکا کە لە سەرەتایی ساڵانی نەودەکانی سەدەی رابردوو کۆتایی بەو پارسەنگە لە هێز هێنرا کە سیستمێکی نێودەوڵەتی دیاریکراوی دارشتبوو.
لە جیهانی یەک جەمسەریدا کە لەلایەن ئەمەریکا و ئەورۆپای رۆژهەڵات وەک یەک بلۆک سەرکردایەتی دەکرا، پەیمانی سپۆنسەرکردنی سیستمێکی نێودەوڵەتی نوێ درا کە تیایدا دونیایەکی نوێ لە دیموکراسی و سیستمێکی لیبرالی نێودەوڵەتی هەتا هەتایی پەیرەو دەکەن و گفتی ئەوەیاندا ئەوەی روویدا لە جەنگ و نەهامەتی و کاولبوون دووبارە نابنەوە. هەموو سەرمەست بووین، شانازیمان بەو ساتە لە ژینمان دەکرد کە ئێمە دەبینە نەوەی رۆژگارێکی بێ گەرد لە ئاشووب.
بەڵام بەداخەوە ئەم سیستمە نوێیە هەر زوو رووبەرووی چەندان قەیرانی سیاسیی نێودەوڵەتی بۆوە، لە سەرتا زۆر ئاسایی وەرگیران بەوەی کە قۆناغی گواستنەوەیە و ئەو قەیرانانە هەر روودەدەن، بەڵام لەگەڵ کاڵبوونەوەی بەهاکانی بانگەشەی جیهانگیری و شەرە سەربازییە نێودەوڵەتییە شەکەتە بەردەوامەکان و لێشاوی کۆچبەری و تەوژمە رەگەزپەرست و پۆلۆلیستەکان و دارمانی سیستمی وەبەرهێنانی بانکەکان کە هاوکات بوو لەگەڵ هەرەس و کارکرنەکردنی چەمکە فەلسەفییە سیاسییە نیولیبرالیزمییەکانی بازاڕ و هەلی کار و پارە بەگەرخستن و شێواندنی شیرازەی کۆمەڵگەکان لەسەر بنەما و ستراتیژیەتی تاقیکردنەوە سەرکێشەکان، بێ گوێدانە ئەو زیان و کاریگەر خراپانەی روودەدەن، روخساری سەرەکی دونیای پاش جەنگی سارد بەدەرکەوت، رۆخسارێک تێدەگەیەنێت کە ناجێگیری و شپرزەیی و پۆپۆلیستی و دڵەراوکێ و نیگەرانی لە سەر هەموو ئاستەکان شوناسی راستەقینەی ئەم سەردەمەیە، دیسانەوە جەنگە بەدەکان یادەوەری هەموو نەوەکانی داهاتووش داگیر دەکەن. بەداخەوە لە ئێستادا، دۆخی وڵاتەکان و کەسەکان و چیین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەکان تا دێن گۆشەگیرتر دەبن و لە نێوانیاندا چەندان دیوار هەڵدەچنرێن و بەرژەوەندییە ئابووری و تەماعە سیاسیەکان بێ گوێدانە سەرەتاترین بەهای مرۆڤدۆستی هەڵپەی سەرکێشانەی بۆ دەکرێت و شەرانگێزیانە دوور لە هەر بنەمایەکی سیاسی رەوا و بە پاساو و بەهانەی قێزەوەن وهەندێ جار ساویلکانە ئیدعای رەوایەتی بۆ دەکەن.
لە ئێستادا جیهان، سەرلەنوێ، لە قۆناغی گواستنەوەدایە لە یەک جەمسەرییەوە بۆ زیاتر لە یەک جەمسەر، دونیا لە بەردەم ئەرکی دارشتنەوەی سیسمێکی دیکەیە کە دەبێت رەچاوی دابەشکردنی هێز و ئابووری و ناوەندەکانی دەستەڵات و پەرەسەندە سیاسییەکان بدات. دونیا وردە وردە بەرەو ئەو راستییە خۆی پەلکێش دەکات کە بە چەندان دەوڵەتی گەورە بەرێوە ببرێت، ئێستا وڵاتی چیین و رووسیا و هەندێکی دیکە کاریگەرییەکی شاراوەیان لەسەر وزە و ئابووری و سەرماییەی جیهان هەیە. هیوادارم جەنگی دیکە روونەدات لە بەرئەوەی لە وەچەرخانە مێژوویەکاندا بۆ هێنانەدی سیستمێکی نوێی نێودەوڵەتی، جەنگ هەمیشە یاوەری وەچەرخانەکان و سیستمە نێودەوڵەتییەکە بووە تا سەپێنراوە!
ئەوەی راستی بێت ئەو کاتەی جیهان لە سەردەمی جەنگی ساردا دوو جەمسەر بوو، ئەمەریکا و سۆڤیەتی جاران دونیایەک رێکەوتنامە و لەیەکتێگەیشتنیان بۆ راگرتنی پارسەنگی هێزی سەربازی و ئابووری هەبوو کە پاڵپشت بوو بەو هێزە ئەتۆمییەی کە هەردولا هەیانبوو. هەردوولا ناچاربوون رێز لەو رێکەوتننامانە بگرن، بەڵام تا چەند لە قۆناغی گواستنەوەی ئیستادا بۆ جیهانێک کە زیاتر لە جەمسەرێکی تێدا بێت گرێنتی ئەو پابەندبوونە سیاسی و یاسایی و ئەمنییە هەیە و تا چەند رێزگرتنی یاسایی دەخوات بە تایبەتی رێکەوتن لە نێوان چەند جەمسەرێکدا قورسترە لە نێوان دوو جەمسەردا ئەگەر بەرژەوەندی راستەوخۆی هەریەکەیان رەچاو نەکرێت.
ئەوەی پەند و عیبرەتە بۆ ئەم سەردەمە ئەوەیە تا چەند تیۆری سیاسی کاریگەر بووە لە ئاراستەکردنی رووداوە سیاسییەکان بۆ هێنانەکایەی سیستمێکی نێودەوڵەتی میانرەو؟ ئایا شیکردنەوە و تیۆرە سیاسییەکان بەدوای رووداوەکاندا وەک سێبەر لە غارداندا نەبوون؟ کێ کێی دروست کرد، رووداوە سەرکێشەکان یان تیۆرە سیاسییە بەتاڵەکان؟
لەمەش گرنگتر، راستیییەکی دیکە، ئەوەیە کە بەداخەوە پێشبینی گۆرانکاری لە بنکە و هێزی سیاسی و ئابووری دونیادا نەدەکرا، وا مەزەنە دەکرا کە ئەوە ئیتر رۆژئاوایە بەسەرکەوتوویی لە جەنگەکان هاتۆتە دەرێ و سیاسەتە ئابووری و دەرەکییەکانی سەرکەتوو بوون و لە ئاییندەشدا پەرسەندی تەکنەلۆجیا زیاتر سەرکەوتنی بەرجەستە دەکات، ئیتر ئەوە دەوڵەتەکانی رۆژئاوایە سیاسەتی دونیا ئاراستە دەکەن و هەر بۆیە بۆ پاراستنی سیستمی نێودەوڵەتی هەموو مافێکییان هەیە.
هەموو ئەم گۆرانکارییانەی لە پێگەی سیاسی و ئابووری دەوڵەتەکاندا دەبینرێن ئەو تێگەیشتنانەی سەرەوە پووچەڵ دەکەنەوە. دونیا لە بەردەم چەندان جەمسەردایە کە رەنگە پێویستی بە زیاد لە سیستمێکی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە دوورگرتنی کۆمەڵگەکان لە تارماییەکانی جەنگ.