Draw Media

قۆناغێكی نوێی دانوستاندن ده‌ستپێده‌كات

قۆناغێكی نوێی دانوستاندن ده‌ستپێده‌كات

2019-01-18 19:52:47


سەرتیپ وەیسی كەریم      
له‌ دوو ڕۆژی داهاتوودا هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت چڕترو خێراتر ده‌بن، له‌سه‌ر ئاستی لیژنه‌ باڵاكان و لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامی ده‌بێت.
قۆناغی داهاتووی كۆبوونه‌وه‌كان، گفتووگۆكردن ده‌بێت له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی سیاسی و داڕشتنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و دابه‌شكردنی پۆست و ناوی كاندیده‌كان.
پارتی ئامانجیه‌تی له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا یه‌كلابۆته‌وه‌ سه‌رۆك بۆ یه‌كێتیی و جێگری یه‌كه‌م بۆ پارتی و جێگری دووه‌م بۆ پێكهاته‌كان ده‌بێت، پارتی جێگری دووه‌م نادات به‌ هیچ هێزێكی دیكه‌، چونكه‌ نایه‌وێ جارێكی دیكه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی زۆرینه‌ نه‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ململانێكانی نێوان ماڵی مام جه‌لال و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ چووه‌ قۆناغێكی دیكه‌، دوای ئه‌وه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ بڕیاریدا خۆی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌ڵبژێرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌ر ئێشه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ قوباد تاڵه‌بانی و ماڵی مام جه‌لال.
هه‌رچه‌نده‌ گۆڕانیش داوای پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مان ده‌كات، به‌ڵام ئاماژه‌كان بۆئه‌وه‌ده‌چن له‌ باشترین حاڵه‌تدا ئه‌و هێزه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش تاوه‌كو ئێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌، چونكه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌گان ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌ك جێگری هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕووبدات گۆڕان له‌ بڕی ئه‌م پۆسته‌ وه‌زاره‌تی زیاتر وه‌رده‌گرێت.
له‌ نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زیاتر له‌ چوار هه‌زار سیڤی بۆ وه‌رگرتنی پۆست له‌كابینه‌ی داهاتوودا پێشكه‌شكراوه‌، به‌ڵام یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كان بێ كێشه‌ تێپه‌رنابێت، به‌تایبه‌ت چه‌ند كه‌سێك له‌ (خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی عومه‌ری سه‌ید علی وكوڕه‌كانی نه‌وشیِروان موسته‌فا)، نیازی خۆ كاندیدكردنیان هه‌یه‌و،كێبڕكێكان له‌ نێوانیان توند ده‌بێت.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ڕۆژانی داهاتوو، پارتی داوای ئه‌و پۆست و وه‌زاره‌تانه‌ له‌ یه‌كێتیی و گۆڕان ده‌كات، كه‌ داوای ده‌كه‌ن، خۆشی لیستی ئه‌و وه‌زاره‌ت و پۆستانه‌ی دیاریكردوه‌، كه‌ نایه‌وێ بیدات به‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌و ڤیتۆی له‌سه‌رداناون.
به‌پێی زانیارییه‌كان پارتی ئه‌مجاره‌ داوای هه‌ندێ وه‌زاره‌ت ده‌كات، كه‌ له‌ كابینه‌كانی دیكه‌دا لای ئه‌وان نه‌بووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ستبه‌رداری هه‌ندێكیان ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سامانه‌ سروشتییه‌كان و ناوخۆو هێلی سوورن، به‌ نسبه‌ت ئه‌وحزبه‌، ئاره‌زووی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ دارایی به‌ گۆڕان بدات و پێشمه‌رگه‌ش به‌ یه‌كێتیی.
پارتی له‌ دیاریكردنی كاندیده‌كان زۆر كێشه‌ی نابێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بوونه‌ وه‌زیرو وه‌رگرتنی پۆست له‌ نێو ئه‌و حزبه‌دا ئاسان نابێت، ده‌م چاوی نوێش دێنه‌ پێشه‌وه‌. 
له‌ نێو یه‌كێتیشدا هێشتا شه‌ڕێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆست ، له‌ نێو باڵه‌كانی ئه‌و حزبه‌ ماوه‌، كه‌ خۆی له‌ باڵی ماڵی مام جه‌لال و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و لاهور تاڵه‌بانی و كه‌ركووكییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ ده‌بینێته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand