سەلام عەبدوڵاو سلێمانی
2019-01-18 17:30:31
لەتیف فاتیح فەرەج
سەلام عەبدوڵا لەوتارێكدا كەمن لە درەو میدیا خوێندمەوە ، قسە لەوە دەكات بۆ سلێمانی وەك شارەكانی تری هەرێم نیە ، مەبەستیشی هەولێرو دهۆكە ، ئەوەی كە چەند ساڵ لەمەوبەر بڕیاری بە دوبەی كردنیان دراو هێشتا لە چەقی شاری هەولێردا تەلار هەیە لە 2013ەوە بە نیوە چڵی ماوەتەوە و بەردێك لە سەر بەردێك دانەنراوە ، هەروەها بە دوبەی كردن هەر بەرزكردنەوەی تەلارو جادەو بان نیە ، بگرە گۆڕینی ئاستی گوزەرانی خەڵك و باشكردنی ژیانی خەڵكە ، ئاخۆ سەلام عەبدوڵا ئاگادارە رێژەی بێكاری لە هەولێرو دهۆك چەندە ، لە هەولێرو دهۆك چەند كرێ نشین هەن ، رێژەی هەژاری لەوێ چۆنە ، ئەی بواری تەندروستی لە چ ئاستێكدایە ، ئەمە هەر بۆ بیر خستنەوەیەو هیچی تر .
ئەو دەڵێت زۆربەی رۆژنامەو میدیای سنوری سلێمانی بۆ دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان تەرخان كراون ، بێئاگا لەوەی هەولێریش هەمان بەزمی هەیە ، ئەگەر ئەوانەی سلێمانی تازەن و تەمەنیان زۆر نیە ، ئەوانی هەولێر تەمەندرێژو توند تریشن ، ئەوەش بەرهەمی دوو زۆنی و دوو حزبی و شتی ترە ، ئاخر كاك سەلام زۆر باش دەزانێ بە ناوی هەولێرەوە چی بەسنوری سلێمانی دەكرێت .
من لە سلێمانی نیم ، بەڵام رەخنەی زۆرم دەرهەق بە كارو خزمەتگوزاری ئەم سنورە هەیە و لاشم وایە حكوەمت بەرپرسیارە ، ئەگەر حكومەت هەبێت ناكرێ حزب بە ئارەزوی پارەی نیشتمان تەخشان و پەخشان بكات ، بە داخەوە لە هەردوو لا ئەو بەزمە هەیە ، ئاخر هەقە كاك سەلام ئەوە بزانێ كە لە هەردوو زۆن مافیای نەوت هەیە ، نزیكەی 300 بیر نەوت نەوتی لێ تاڵاندەكرێت ، دۆخی هەولێرو دهۆك لە تاڵانی شوێنەوارو نەوت و گردو بانەكان لە دۆخی سلێمانی باشتر نیە ، خراپتر نەبێت .
بە باوەڕی من " عەوام فەریبی " ئەوەیە كە مرۆڤ یەك دیووی روداوەكان ، وێنەكە ، بابەتەكە ببینێ و خۆی لەو دیوی نەبان كات ، عەوام فەریبی ئەوەیە كە مرۆڤ بۆ شاردنەوەی عەیب و عارەكانی خۆی قسە لە سەر عەیب و عاری ئەوی دی بكات ، راستیەكە ئەوەیە كە هەرێم بە گشتی داڕزاوە ، ستەمكاری و نادادی و گەندەڵی و دزینی نەوت بووە بە دیاردەو كەس نیە بەریپێبگرێت .
باشتر بوو كاك سەلام بە زمانێكی تر قسە ی كردبا و تەواوی برینەكانی نیشانی دەسەڵات دابا ، نەك ئەوەی بە هەمان ئاوازی زۆنویستی قسە بكات كە كادیرە حزبیەكان قسەی پێدەكەن .