Draw Media

شارەزایانی زمانی جەستە; ئەم وێنەیەشمان بۆ شیکار بکەن!

شارەزایانی زمانی جەستە; ئەم وێنەیەشمان بۆ شیکار بکەن!

2019-01-17 11:19:27


هادی حەمەرەشید 

ئەزانم ئەم لۆژیکەی کە ئێمە پێی ئەدوێین و تەنانەت بیری پێئەکەینەوە کڕیاری کەمە، بەڵام ناکرێت لەبەر بێ بازاڕیی و نەبوونی کڕیار، عەقڵیشمان بگوێزینەوە بۆ ناو گوزەرێکی پڕ حەشامات و دەست بکەین بە پاتاڵ فرۆشیی!

ئەمشەو غەمگینانە سەیری دەیان پۆستی سەرئاوکەوتوو بە کەفوکوڵی کوردایەتییم ئەکرد، سەدان کۆمێنتی پڕ لە هەیەجانی بۆش و بێ بنەمام بینی(نایشارمەوە، شەیتان بە لەعنەت بێت خەریك بوو نیوەی ئەوانە ئەنفرێند بکەم، چونکە بەجدیی ناکرێت خۆت بەدەستی خۆت بچیتە ناو زوباڵەیەك لە نووسین و هەر هێڵنجت بێت بەو پۆست و کۆمێنتانە و هێشتاش هەر بەردەوام بیت لەگەڵیان!)

ئەو خەڵکە بۆ وای لێهاتووە؟!
لە ئەدەبیاتی ئاینییدا بە مناڵیی باسی ئاخر زەمانیان بۆ ئەکردین( گوایە لەکۆتایی دنیا و وەقتی بەدەل زایع)ـدا یەکێك لە فیگەر و جەمسەرەکانی ململانێ لەو کاتەدا (دجال) ئەبێت، ئەم کابرایە بەخۆی و گوێدرێژەکەیەوە زۆربەی موسڵمانان لە خشتە ئەبات، یەکێك لەو مەقولە زۆر شایعانەی کە لەو بارەیەوە ئەوترا و بیرم ناچێتەوە، ئەیانووت: خەڵکی زۆر ئیماندار و دژ بە دەجال، شەو بە ئیمانەوە ئەخەوێت، بۆ سبەی لەخەو ڕائەبێت ئەکەوێتە دوای ئەو و حاشا مین حوچور (کەر)ـەکەی؟!

ئەمشەو وێنەیەکی مەسعود بارزانییان هێناوە سەدان پارتی و پارتی مەزهەب بە دەوریدا حاڵ گرتوونی و پرچ و ڕیشیان تێکەڵ کردووە و زیکر بۆ گەورەیی و بێ نەزیریی ئەو ئەکەن!
چی بووە؟!
حەزر و ئابڵوقەی لەسەر هەڵگیراوە و ئەوە چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێك وەزیر و گزیر هاتوونەتە دیداری!!
پارتی مافی خۆیەتی سەرسام بێت بەم بەزم و بازاڕە، بەڵام ئەوانیتر بۆ؟!! ئەوانەی کە شەو لەسەر مەبدەئێك ئەخەون و سبەی کە ڕادێن سەرسام و حەپەساون بەو دیمەنەی کە جاران بۆ خۆیان ڕەخنەئاژێنیان ئەکرد؟!!

کاتی خۆی، کۆمەڵێك خەڵکی جدیی ئەچنە لای مام جەلال و ڕەخنەی توندی لێئەگرن، لەسەر ئەوەی بۆچی گرنگی بە فڵان سەرۆك هۆز ئەدات کە کۆنە بەعسییە و دەستی لە ئەنفالیشدا هەبووە!
مام جەلالیش ئەڵێ: بۆچی گرنگیی پێنادەم، هەر لە هۆزەکەی خۆیدا ۲۵٠ پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین کەوتوونەتە شوێنی و وەك پاسەوانی ئەو خۆیان نمایش ئەکەن!
کۆمەڵێك حیزبی بێ فیکر و بێ مۆراڵ لە هەوڵی تەمجیدکردنی ئەم بنەماڵە و ئەو بنەماڵەدان، ئیتر ئێران بۆچی حەز نەکات بەم حاڵە زۆر بێ تفاقیی و لۆژیکی دیوەخانەیەی ئێمە؟!

ئەمریکا و ئێران لەململانێدان لەگەڵ یەکتردا لەسەر زەوی و ئاسمانی عێراق، ئەچنە بەغدا سەرۆك کۆمار و سەرۆك وەزیران و دامەزراوە حکومیی و فەرمییەکان پێشوازییان ئەکەن، ئێ لە هەولێر سەرۆکی حیزب پێشوازییان ئەکات، ئەمە شیاوی شەرم و سەرکۆنە کردنە یان مەدح و پیاهەڵدان؟!

پاشان لە بەغدا لەسەردەمی مەجلیسی حوکمەوە تا قۆناغی جەعفەریی و عەللاویی و مالیکیی و عەبادیی و ئێستاش عەبدولمەهدیی، هەر کەسێك ئەبێت بە سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی بەسەر کۆی ۱۵پارێزگادا وەك یەکە، نەك بەسرە کانتۆنێکی جیا و پاوانی هێزێك بێت و پارێزگاکانیتر قەڵەمڕەوی خەڵکیتر بێت!

مالیکیی هەندێ خۆی مشەوەش کرد و ویستی لاسایی پارتی و یەکێتی بکاتەوە، خەڵکی باشور(کە بەداخەوە ئێمەی قەومچیی زۆر بە بەربەریی و شروگییان ئەزانین)شاباڵەکانیان هەڵکێشاوە و کردیان بەو تەیرەی کە ئێستا هەیە، لێ ئەمە بۆ کوردستان وا نیە، مەسعود بارزانیی لە هەولێر و دهۆکدا هەمە کارەیە، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجەدا ئۆپۆزسیۆنە، لێرە دوو خێزان (بەقەولی ئاری هەرسین): ناتوانن برابن و لەماڵێکدا پێکەوە بژین، دوو دراوسێی خراپیشن پێکەوە.

هەر وەفدێك ئەچێتە لای نێچیرڤان(ئەمە بۆ چەند ساڵی ئایندەش هەر وا ئەبێت!) ئەو سەرنجەکانی خۆی ئەخاتەڕوو، بەڵام ئامۆژگارییشیان ئەکات کە لازمە مامیشی ببینن، ئێرە قەڵەمڕەوی ئەوە نەك کەسیتر!

بەڵام بارزانی لە هەرێمۆکەکەی ماڵی تاڵەبانیدا بەقەدەر ئەندامی کۆمیتەیەکی یەکێتی دەسەڵاتی نیە، هەر ئەوەیە کە ئاراسی شێخ جەنگی پێی ووت:((نەك خۆی، باوکیشی درۆزن بووە))!
جا ئەم لۆژیکەم قەبوڵە یان نا، ئەوە بابەتێکیترە، بەهای دید و تێڕوانینی ئێمە هەر ئەوەندەی ئەو دیدە بایەخی هەیە کە کۆمەڵێك فرێندی سادەدڵمان یاداشتیان کردبوو (( پێتانخۆش بێت یان نا، بارزانیی هەموو شتێکە))!!!

لە سەڵتەنەتنشینەکەی ئالی بارزاندا ئەو (وا براگەورەش)هێشتا سەرۆك و هەموو شتێکن، لێرەش کوڕ و کاڵەکانی ئالی تاڵەبانیی قسەی سەرەتا و کۆتایی ئەکەن، ئیتر لەدەرەوەی ئەم دوو قەڵەمڕەوییە چی ئەگوزەرێت و ئۆردۆگان و خامنەیی و زلهێزان چی ئەکەن، ئەوە ئەبێت شەوانە بخەوێت و بۆ سبەینێ خەوزانەکانی وەك هێمن هەورامیی و ئومێد خۆشناو و بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا و ئەوانیتر بۆی لێك بدەنەوە کە چ باسە!
هەر بۆ وێنە; بۆ کەرکوك پاش داستانی (قارەمانانە و بێ وێنەی) پردێ کە (هاوکێشەکانی گۆڕی!) هێشتاش ئەبێت شەوانە بە ئیختیفا بچنە ناویەوە!!

ئەستەمە بینینی ئەم دیمەنە ناشیرینانە، چەند ماڵباتێکی سیاسیی پێنج ملیۆن مرۆڤیان بەدبەخت کردبێت و بۆ خۆیان شاهانە بژیین و کۆمەڵێك موتەمەلیقیش بەم چەند وێنەیە بکەونە وشکە مەلە و لەشکرێك سادەدڵیش سەرسام بن بەم تابلۆ شێواوە و تۆیش مەحکوم بیت بەخوێندنەوەی (تێز و شاکار)ەکانیان، باسی زمانی جەستە و خوێندنەوەی وێنەت بۆ بکەن تیاححححح!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand