بریتانیا بەرەو کوێ؟
2019-01-17 08:15:44
دانا حەمەعەزیز
ڕوداوەکانی دوێنێ و پێرێی ناو پارلەمان، ئەرکی تیریزا مەی قورستر کرد. ئەو بە جیاوازیەکی کەم، متمانەی پارلەمانی بەدەسهێنایەوە. بەڵام ڕەتکردنەوەی ڕەشنوسی ڕێکەوتن نامەی جیابونەوە لە یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن زۆرینەی رەهای پارلەمانتارانەوە، کە بەرهەمی دوو ساڵ و نیو وتوێژ بوو لەگەڵ برۆکسل، توانای حکومەتەکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسێ یە خستە ژێر پرسیارەوە. ئیستا لای بریتانیەکان، ئەو ڕەشنوسە بایەخی نەماوە، ئەوروپیەکانیش ئامادەی سازش یان وتوێژی زیاتر نین.
تەنها ٧٠ ڕۆژ لەبەردەم بریتانیادا ماوە بۆ ماڵاویکردن لە یەکێتی ئەوروپا. کەواتە حکومەتی کەمینە، ناچاری چەند بژاردەیەکی خێرایە.
١- جیابونەوە بەبێ هیچ ڕێکەوتنێك لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش کارەساتی گەورەی ئابوری لیئەکەوێتەوە و شانشینی بریتانیا گۆشەگیر ئەکا.
٢- گەڕانەوە بۆ لای خەڵك و، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دووەم. ئەمەیان زۆر لە شارەزا و ئاقڵمەندەکانی بریتانیا پشتیوانی ئەکەن و رەنگە زۆرینەی پارلەمانیشی لەگەڵدابێ.
٣- گرتنەبەری ستایلی نەرویجیی لە مامەڵە کردن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا. ئەم ڕێگەیە لای پارلەمانتاران ناپەسند نیە.
نەرویج، ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نیە، بەڵام وەك ئەندام لە کۆمەڵەی بازرگانی ئازادی ئەوروپا (EFTA)، لە ناوچەی ئابوری ئەوروپا(EEA) دایە. نەرویج ئەکسێسی تەواوی هەیە بۆ سینگڵ مارکێت و، ئازادیی ئالوگۆڕ و گواستنەوەی کەل و پەل و سیرڤزەکانی هەیە. هاوڵاتی نەرویجی ئازادە لە ژیان و کارکردن لەهەر وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپادا و، هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپاش لە نەرویج.
دوا ڕێگە لەبەردەم حکومەتی کەمینەدا، هەڵبژاردنی گشتی یە. ئەم بژاردەیە، ڕەنگە سەری مەیی و حزبەکەی بخوا، بەڵام چارەسەری تەواو نیە بۆ کێشەی جیابونەوە لەیەکێتی ئەوروپا کە لە ئێستادا بریتانیای توشی ناجێگیریی و دابەشبوون کردوە.