ئاكارو سیاسیهت؛ دوانهیهكی لێكدانهبڕاو
2019-01-16 19:10:12
ئارام قادر
پرسی ئاكار لە سیاسەتدا یەكێكە لەو بابەتانەی كە گفتوگۆ و ناكۆكیی لەسەرە، ڕای جیاواز لەو بارەیەوە هەیە، بەشێك لایەنگری ئەوەن كە سیاسەت ئاكار (ئەخلاق)ی تێدا نییە، بەشەكەی تریش دووپاتی گرنگیی بوونی ئاكار لە سیاسەتدا دەكەنەوە.
هاوپەیمانیی نیشتمانی بە تەواوی قەناعەتەوە لایەنگری بۆچوونی دووەمە و پێی وایە سیاسەتكردن بێ ئاكار زیانی گەورە لە (گشت) دەدات، بەو مانایەی ئەگەر سیاسەت بۆ ڕێكخستنی كاروباری گشتی و بەدیهێنانی هیوا و جێبەجێكردنی داخوازی و پێداویستییەكانی خەڵك بێت و كار بۆ هێنانەدیی (چاكەی گشتی) بكات، ئەوكات هەر بێئاكاری و لادانێك لەو ئامانج و چاكە گشتییانە و پابەندنەبوون بە سیاسەتێكی بەئاكار، ئەوكات دەرەنجامی ئەو سیاسەتە بە زیان بۆ خەڵك و گشت دەشكێتەوە و دەرەنجامەكەی خزمەت نابێت بە ئامانج و چاكەی گشتی.
دەكرێت سیاسەتی بێئاكار و بەرژەوەندخوازانە ببێتە هۆی دەستكەوتی كاتی بۆ گروپ و كەسێك، بەڵام ئەو دەستكەوتە هەم كاتییە، هەم لەسەر حسابی ئەو (گشت)ە دێتە دی كە بڕیارە تۆ سیاسەت بۆ ئەوان بكەیت نەك خۆت، بۆیە هیچ سیاسەتێكی بێمۆڕاڵ و بەرژەوەندخواز سەركەوتوو نابێت لە ڕاكێشانی ڕایگشتی بۆ خۆی و دواجار هەر شكست بەشێتی.
كلیلی گۆڕانكارییە ئابوری، ئایینی، كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، كلتوری و فەرهەنگی و ...هتد، سیاسەتە، چونكە سیاسەت توانای ئاراستەكردنی هەموو ئەو بوارانەی هەیە، بۆیە سیاسەتێكی بەئاكار و بەرپرسیارانە دواجار بە خزمەت بۆ تەواوی بوارەكانی دیكە دەشكێتەوە.
لە كوردستان زۆرجار بانگەشە بۆ ئەو ڕایە دەكرێت كە سیاسەت ئاكاری تێدا نییە، بەڵام ئەو بانگەشەیە بۆ ناشرینكردنی سیاسەت و دوورخستنەوەی خەڵكە لە سیاسەت و بێئومێدكردنیانە لە هەر گۆڕانكارییەكی سیاسی، بۆ ئەوەیە خەڵك لە فشاركردن لەسەر حزب و لایەنەكان بخەن و درێژە بە مانەوەی خۆیان لەسەر دەسەڵات بدەن، واتە ئەو بانگەشەیەی لە هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ نەبوونی ئاكار لە سیاسەتدا، پاساوە بۆ مانەوەی كۆمەڵێك لایەن و گروپ لە دەسەڵاتدا و كوشتنی خەونی گۆڕانكارییە لای خەڵك.
بۆیە هاوپەیمانی بەوپەڕی باوەڕەوە دەستدەگرێت بەو ڕایەوە كە لە سیاسەتدا ئاكار پێویستییەكی بێ ئەملاو ئەولایە و پێی وایە سیاسەت و سیاسی و حزب ئامرازن، گشت و كۆمەڵگە بە ڕەنگە جیاوازەكانەوە ئامانجن، بۆیە هاوپەیمانی لەسەر بنەمای ئاكار و نەرێتی دوور لە خۆویستی و بەرژەوەندخوازی سیاسەت دەكات و سوورە لەسەر پەرەپێدانی ئەو كلتورە سیاسییە گشتخوازە لەكۆمەڵگەی كوردیدا.
دواجار سیاسەت زانستێكی مرۆییە و مرۆڤ خۆی ڕەنگی پێدەبەخشێت و بەرگی پێدەپۆشێت، بۆیە لەچارەی سیاسەت نەنوسراوە كە ئاكاری تێدا نەبێت و ئەوە مرۆڤەكانن ئاكاری لێدەسەننەوە، یان ئاكار دەكەن بە بەریدا.