Draw Media

ئێوە نابنە مام جەلال، تكایە ستۆپ

ئێوە نابنە مام جەلال، تكایە ستۆپ

2019-01-16 14:31:01


هوشیار حسێن     

هۆكاری هەڵسوكەوتەكانی ئەم دواییەی یەكێتی، لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
ئایا لە پێناوی رزگاربوون لە بنبەستبوون، خۆی ناخاتە نێو تەنگەژەیەكی ترسناكترەوە؟
ئایا سەرانی ئەمرۆی یەكێتی بەو رەوشەی خۆیان لەو ئاستەدان، وەك مام جەلال هاوكێشە و هاوسەنگییەكان بخوێننەوە و ئیدارە بكەن؟
ئەقڵی مودەبیری یەكێتی لەمڕۆدا كێن و دەیانەوێت چی بكەن؟

ناوەڕۆكی هاوكێشەكە ئەوەیە؛
( یەكێتی فشاری ئێرانی لەسەرە و مەرجەكانی جێبەجێ دەكات، لە هەمان كاتدا دەیەوێت ئەو كارانەی بۆ ئێرانی ئەنجامدەدات بە توركیاشی بفرۆشێتەوە
یەكێتی سەرلەنوێ لەهەوڵدایە دیسان خۆی بگەیەنێتەوە هاوسەنگی هێز و هەژموون، لەبەرامبەر پارتی )

پێتان سەیر نەبێت، تۆمەت بۆ كەس هەڵنابەستم، وەك ئاگادارم و تێیگەیشتووم هۆكارەكانتان یەكبەیەك بۆ رووندەكەمەوە 

هۆكارەكانی بێسەروبەری، سیاسەتی یەكێتی و رەوشی ئێستای:

هۆكاری یەكەم:
یەكێتی و ئێران
زۆر ناكەومە نێو ووردەكارییەكان، بەڵام
-     ماوەیەك لەمەوبەر، لە ئەنجامی ئەوەی پەكەكە چەند داواكارییەكی ئەمریكای رەتكردەوە، كە یەكێك لەو داواكاریانە دژایەتیكردنی ئێران بوو
ئەمریكا بە خستنە ناوی سێ سەركردەكەی پەكەكە بۆ نێو لیستی داواكراوان و دیاریكردنی پاداشت بۆ زانیاری دەربارەیان، هەڵوێست و كاردانەوەی لە بەرامبەر پەكەكە نیشاندا
-    ئێران هێشتا لە پەكەكە بە گومانە، دڵنیا نییە كە ئایا لە ئەگەری لێدان یان فشاری جەرگبری ئابلۆقەی ئەمریكا و لاوازبوونی دەسەڵاتەكەیان و ئاڵۆزبوونی ئەمنییەتی نێوخۆی ئێران، هەڵوێستی پەكەكە چیدەبێت؟
ئایا ئەمجارە پەكەكە بۆ ئەمریكاش نەبێت، هەر بۆ خۆی دەرفەتەكە بەكارناهێنێت و ناكەوێتە جووڵە؟

-    ئایا لە ڕەوشێكی وادا، پەكەكە هەوڵی دوبارەكردنەوەی مۆدێلی رۆژئاوا لە ئێرانیش نادات

-    ئێران ئەوەی خوێندۆتەوە كە تاكە هێزێكی سیاسی و جەماوەری و سەربازی و ئاكتیفتر لەهەموان لەمەیداندا، كە كاریگەری لەسەر رۆژهەڵات و بەشێكی ئێران هەبێت، پەژاك ی نزیك لە پەكەكەیە
ئەوەش دەزانێت، ئەوە پەكەكەیە دەتوانێت لەماوەی تەنیا یەك هەفتەدا، پەژاك بكاتە هێزێكی سەربازی خاوەن 2 تا 3 هەزار شەڕڤانی خاوەن ئەزموون و ئاكتیف 
بۆیە ئێران لە ئێستاوە بە حسابی تەدابیرگرتنەوە، هەوڵدەدات بە یارمەتی یەكێتی، هەژموون یان وجودی پەكەكە لەو ناوچانە لاواز بكات كە لە داهاتودا دەبن بە ئەگەری مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەكەی

هۆكاری دووەم:
یەكێتی و توركیا

-    یەكێتی بەهەر نرخێك بێت دەیەوێت نوێنەرایەتییەكەی ئەنقەرەی بكاتەوە و چەند بابەتێكی وەك فرۆكەخانەو ... چارەسەر بكات، بەڵام داواكارییەكانی توركیا لە یەكێتی زۆر و زەحمەتن
-    یەكێتی بەبێ رەزامەندی ئێران ناتوانێت هەموو مەرجەكانی توركیا جێبەجێ بكات، ئێستا دەرفەتێكە و دەبێت بیقۆزێتەوە، هەم داواكارییەكانی ئێران و هەمیش مەرجەكانی توركیا پێك دێنێت

-    بێگومان یەكێتی بشیەوێت، توانای پێكهێنانی هەموو مەرجەكانی توركیای نییە، هەندێ داواكاری زیانی بۆ یەكێتی زۆرترە لە قازانج، ئاخر توركیا تەنیا ئەو كاتە ئافەرینی بۆ دەنێرێت و گرنگی پێویستی پێدەدات كە سەری هەندێ سەركردەی پەكەكە تەسلیم بە توركیا بكاتەوە، یانیش هێز كۆكاتەوە و بچێتە سەر قەندیل

-    بریاڕ بەدەستانی ئەمرۆی یەكێتی دیارە كێن! لاوازی ئەزموون، دەرچوون لە پرەنسیپی سیاسەت، گوێنەدان بە هێلی سوور، فەرامۆشكردنی پەیرەوی نێوخۆ و گوێنەگرتن لەوانی دیكە، پەرچەكرداری هەرزەكارانە و گەڵێك تایبەتمەنی دیكەی مەترسیدار كە دەبنە هۆی زیانی گشتی و تەنانەت گەورەترین زیانیش لە خودی یەكێتی
بۆیە دیارنییە ئەو دەرچوونە لە پرەنسیپ، دەگاتە ئەوەی لەڕووی سەربازی و ئەمنیشەوە ژێراو ژێر رازی بووبن بۆ هەوڵی دیكەی مەترسیدار و نەبووبن بەهاوبەشی پیلانگێرییەكی ترسناك؟

هۆكاری سێییەم
یەكێتی و پارتی     

هەر لەدوای بەزمەكەی 16ی ئۆكتۆبەری شووم و لێكەوتەكاتی، پارتی لەئەمریكا تووڕە و لەتوركیاش دڵشكاو، سەرەرای رۆلی خراپی ئێران لەكاتی ریفراندۆمەكە و دواتریش وەك لایەنی ئەساسی لە داگیركردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی كێشە لەسەر
-     پارتی پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەڵبژارد

-    ویستی ئەو كارتە بەهێزەی دەستی یەكێتی كە ئێرانە لاوازبكات، ئیدی ترافیكی سەردان و هاتوچۆی نێوان تاران و هەولێر قەرەبالغ بوو

-    یەكێتی ئەمەی بەدڵ نەبوو، هاوسەنگی سیاسی و سەربازی و ئابووری هەرێم گۆڕانی بەسەردادێت، رەنگە ئاكامەكەی بۆ یەكێتی لەئایندەدا بەخراپ بگەڕێتەوە

-    پارتی كارتەكەی توركیاشی ماوەو خەریكە كارتی ئێرانیش لە دەست یەكێتی لاواز یان هاوبەش دەكات 

-    ئێران ئەگەر لە زۆنی زەردیش گوێی لێبگیرێت، ئەوەندە ناچاری زۆنی سەوز نابێت، تێچووی داواكاریەكانی كەمتر و مەرجەكانیشی زیاتر دەبن بەسەر یەكێتییەوە

-    یەكێتی نەیتوانی ببێت بە بەربەست لەبەردەم ئەو پەیوەندییەی پارتی - ئێران، كەواتە:

1-     لە تەشكیلكردنی حكومەتی ئێراقدا پارتی دەتوانێت رەزامەندی ئێران بۆ هەندێ لە داواكاری یان ویستەكانی خۆی مسۆگەر بكات
2-     لە تەشكیلكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا، یەكێتی ناتوانێت وەك جاری پێشوو پاڵپشتی ئێران بەدەست بێنێت، لە فشار خستنە سەر پارتی بۆ داواكارییەكانی خۆی 

یەكێتی بریاریداوە، هەمان تاكتیكی پارتی پیادە بكات
ئیدی یەكێتی لەچارەیەكی دیكە دەگەڕێت، ناچارە و دەبێت ئەو تەوازنە بەلای خۆیدا بهێنێتەوە لەبەرامبەر پارتی، وا دیارە بریاری خۆیداوە، بەوەی هەمان تاكتیكەكەی پارتی ئەنجام بدات

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئەوەیە؛
یەكێتی دەیەوێت لەگەڵ توركیا پەیوەندی توندوتۆڵ بكات، بەمەش كارتی پارتی لای توركیا لاواز بكات،( چەندە سەركەوتوو دەبێت یان نا، ئەوە شتێكی دیكەیە )، بەڵام بەرنامەكەی وایە
ئەوەی ئێستاش لە سنووری خۆی ئەنجامی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەیە و هیچی دیكە نییە، بەڵام باجەكەی لەسەر لاوازبوونی دیموكراسی و ئازادییەكان و ئازاردانی مۆرالی مرۆڤەكانە 

بەداخەوە
سیاسەتێكی هەرزان لەم هەرێمەی ئێمەدا دەگوزەرێت، زیانبەخش و خۆخۆرییە
 ئەگەر یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی یەكەم حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمایەكی راست و دروست بنیادنرابایە و هێلی سوور لە بەرامبەر داگیركەران و پرەنسیپی پەیوەندییە دەرەكییەكان دیاری و جێبەجێكرابان، بێگومان كۆمەڵێ هەڵەی دیكەی كوشندەش ئەنجام نەدرابان، ئەوا ئەمرۆ هەرێمی كوردستان لە ئاست و پێگەیەكی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دەبوو، ئەو نەهامەتی و لەدەستدانە جەرگبرانەیشی بەسەرنەدەهات، كە تا رۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە
تەنیا چارەسەریش لەمڕۆدا، بە دامودەزگاكردنی سیتەم و دەسەڵات، سەروەركردنی یاسا و تەبایی نێو ماڵی كوردە، ئەگینا خراپتر لە چاوەڕوانیماندایە! 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand