Draw Media

چی رووئه‌دات ئه‌گه‌ر یه‌كێتی وگۆڕان ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن ؟

چی رووئه‌دات ئه‌گه‌ر یه‌كێتی وگۆڕان ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن ؟

2019-01-16 13:25:59


شێرزاد شێخانی    

هه‌مومان ئه‌زانین حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پارتی مه‌سرور بارزانی بۆ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی كاندیدكردوه‌، حكومه‌تێكی ئه‌منی سه‌ركوتكه‌ر ئه‌بێ ، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌وا مه‌سرور په‌روه‌رده‌ی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری سه‌ركوتكه‌رو خوێناوییه‌و ، تا ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی ئێستاشی ئه‌زمونێكی سیاسی ئه‌وتۆی له‌ناو گۆڕه‌پانی سیاسیدا نه‌بوه‌ . هه‌ڵبه‌ت ئه‌زمونی گه‌لانی دونیاش سه‌لماندویانه‌ كه‌وا حكومه‌تی ئه‌منی زۆر له‌حكومه‌تی عه‌سكه‌ریش خراپتره‌ كه‌ به‌ كوده‌تای سه‌ربازی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست . عاده‌ته‌ن حكومه‌تی ئه‌منی له‌كاتێكدا سه‌رهه‌ڵئه‌دات ئه‌گه‌ر وڵات به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌تی تاكحیزبی هه‌نگاو بنێ . نزیكترین نمونه‌ش حكومه‌ته‌ ئه‌منیه‌كانی به‌عس بوه‌ له‌عیراق دوای ده‌ستگرتنی سه‌دام حوسین به‌ ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ، كه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌ داپلۆسێنه‌ره‌كانی رژێم هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبو .

داهاتوی كوردستان به‌هۆی ئه‌و حكومه‌ته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌وه‌ زیاتر به‌ره‌و كاوڵكاری ئه‌ڕۆات ، چونكه‌ هێشتا حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سروریش دانه‌مه‌زراوه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ بینیمان ئاساییشه‌كه‌ی هه‌ولێر كه‌ به‌شێكه‌ له‌ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كه‌ی پاراستن چۆن كه‌وته‌ ره‌شبگییری كادیرانی یه‌كێتی ، به‌بێ ئه‌وه‌ی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت نقه‌ی لێوه‌ بێت ، قسه‌ش هه‌یه‌ گوایه‌ ئه‌م كاره‌ به‌ره‌زامه‌ندی ئه‌و كرابێت ، ئه‌مه‌یان جارێ دیار نیه‌ چه‌ندی راسته‌. به‌ڵام خۆ هه‌ر نه‌بێ ئه‌م كاندیده‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت تۆزێك له‌سیاسه‌ت بگه‌یشتایه‌ لانیكه‌م ئیدانه‌یه‌كی ئه‌مكاره‌ی بكردایه‌ مادام ئه‌یه‌وێ چوار ساڵی حوكمڕانییه‌كه‌ی به‌ئارامی به‌ڕێوه‌ بچێت . به‌هه‌رحاڵ پێموایه‌ به‌شداریكردنی هه‌ر لایه‌نێك له‌م حكومه‌ته‌ی داهاتودا ، به‌شداری كردنه‌ له‌حكومه‌تێكی ئه‌منی داپلۆسێنه‌ر.

 كاتی خۆیشی كه‌ كاك نه‌وشیروانی نه‌مر داوای رای منی كرد بۆ به‌شداریكردنیان له‌حكومه‌ته‌كه‌ی ساڵی 2014دا ، به‌ راشكاوی پێموت  كه‌وا به‌شداری نه‌كه‌ن وته‌نها سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وه‌ربگرن ، چونكه‌ ئه‌وان كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ گه‌نده‌ڵ ئه‌زانن ، بچنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش ئه‌بنه‌ به‌شێك له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی حكومه‌ت له‌به‌رچاوی جه‌ماوه‌ردا. به‌ڵام دیاره‌ فشاری  پۆست په‌رستانی ناو گۆڕان كاك نه‌وه‌یان له‌خشته‌بردو به‌شدارییان له‌حكومه‌ت پێكردو ، چاره‌نوسه‌كه‌شمان بینی كه‌ به‌ده‌ركردنی وه‌زیره‌كانیان‌ كۆتایی هات .

ئێستا باشترین فرسه‌ته‌ بۆ هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بیر له‌چاره‌نوسی خۆیان بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری چونه‌ ناو حكومه‌ته‌ ئه‌منیه‌كه‌ی پارتی بده‌ن ، بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ی داهاتو ببنه‌ ئۆپۆسزیۆن و له‌به‌ره‌ی میلله‌تدا بمێننه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌ :

1- بێگومان پارتی له‌حكومه‌ته‌كانی پێشوتردا به‌ژماره‌ كورسییه‌كی كه‌میشه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی حكومه‌تدا گرتبو ، ئێستا به‌ 45 كورسی و به‌و غروریه‌ی توشی بوه‌ مه‌حاڵه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بدات به‌حزبه‌ نه‌یاره‌كانی له‌ناو حكومه‌تدا .

2- خه‌یال پڵاوییه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی وگۆڕان وا ته‌سه‌ور بكه‌ن كه‌وا پارتی وسه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌یان پابه‌ندی به‌رنامه‌كه‌ی ئه‌وان بێت و، كار بكات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئه‌وان دایانناوه‌ بۆ‌ حكومه‌ت ، چونكه‌ پارتی ده‌سكه‌وتێكی له‌مشێوه‌یه‌ ناداته‌ نه‌یاره‌كانی ، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر ئه‌جیندای خۆی ئه‌كات له‌ناو حكومه‌تدا .

3- بونی یه‌كێتی وگۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ویه‌كگرتووش به‌ هێزێكی ئۆپۆسزیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌بێت به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسی و گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ش دێنێته‌ كایه‌وه‌ ، به‌وه‌ی ئه‌توانن ببن به‌ ئۆپۆسزیۆنێكی به‌هێزو كاریگه‌ر  بۆ چاودێری حكومه‌ت و ته‌ئسیر كردن له‌سه‌ر بڕیارو سیاسه‌ته‌كانی .

4- بونی ئه‌م هێزه‌ گه‌ورانه‌ به‌ ئۆپۆسزیۆن داهێنانی كلتورێكی دیموكراسی تازه‌و جیایه‌ له‌و كلتوره‌ سه‌قه‌ته‌ی 27 ساڵه‌ میلله‌ته‌كه‌مان به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵینێ كه‌ له‌ ئاكامدا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی پارتی وه‌كو تاكه‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رده‌وام له‌سه‌ر كایه‌ی سیاسیدا یه‌كه‌م حیزب بێت و، ئه‌وانی تریش هیچ رۆڵێكیان نه‌بێ ته‌نها وه‌كو پاشكۆیه‌كی پارتی كاری سیاسی بكه‌ن .

5- داهێنانی ئه‌م كلتوره‌ دیموكراسییه‌ ئه‌بێته‌ بناغه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتودا ئه‌گه‌ر میلله‌ت بڕیاریدا حزبێكی غه‌یری پارتی زۆرینه‌ی بهێنێ ، ئه‌و كات پارتیش ناچار بكرێ له‌ده‌سه‌ڵات بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و رێگه‌ بدات حزبیتر خۆی تاقیبكاته‌وه‌ .

6- به‌داهێنانی كلتوری ئۆپۆسزیۆنی ده‌سته‌جه‌معی نمونه‌یه‌كی جوان پیشانی دونیای ده‌ره‌وه‌ ئه‌ده‌‌ن و دیموكراسییه‌تی راسته‌قینه‌ له‌م هه‌رێمه‌ جێگیر ئه‌كه‌ن وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی دیموكراتخوازی دونیا ، به‌مه‌ش رێزی زیاتر له‌ ئه‌زمونه‌كه‌مان ئه‌گێرێ .

به‌ ئۆپۆسزیۆن بونی ئه‌م چوار لایه‌نه‌ی هه‌رێم قییامه‌ت هه‌ڵناسێت و دونیاش كۆتایی پێنایه‌ت ، بۆ چوار ساڵیتر زۆر شت گۆڕانیان به‌سه‌را دێت ، ئه‌توانن له‌ناو په‌رله‌ماندا هێزێكی كاریگه‌ر دروست بكه‌ن كه‌ رێگر بێت له‌ پیلانه‌ تاكڕه‌وییه‌كانی پارتی ، به‌مه‌ش هه‌م متمانه‌ی خه‌ڵكیان بۆ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، هه‌میش پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌خه‌نه‌ سه‌ر رێره‌وی راسته‌قیینه‌ی خۆیه‌وه‌ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand