شۆرش ویاخیببون بۆ شکۆمەندی کۆمەڵگە بوو
2019-01-14 14:33:22
لاوك سەڵاح
هەموو شۆرشەکان و یاخیبوونە رۆمانسییەکان بۆ بەدەستهێنانی فۆرمە جیاوازەکانی شکۆمەندی وکەرامەت بوو، بۆ دانپیادان بوو بەوەی کە ئەو بوونەی هەتە دەبێت شکۆی هەبێت.
زۆربەی شۆرشەکانی دونیا لە سەرەتادا، بەر لەوەرچەرخانە دڕندەکانی، هەوڵدان بووە بۆ وەدەستهێنانی شکۆمەندی سیاسی، هەر لەم پێناوەشدا دونیایەک پرس و کێشەی دادوەری کۆمەڵایەتی و مافی جۆراوجۆری کەسەکانی پێشێلکردووە. لە غارداندا بۆ وەدەستهێنانی شکۆمەندی سیاسی پێی بە هەزاران حیکایەت و سەرگوزشتەی عەشق و منداڵ و ئافرەتدا ناوە بە پاساوی سیاسی جیاواز لە سەرو هەموویانەوە پاساوی ئەوەی کاتەکە و دۆخەکە شیاو نییە؛ دۆخی پیادەکردنی دادوەری کۆمەڵایەتی نییە، دۆخی یەکسانی مافی سیاسی نییە، دۆخی پەرەپێدانی ئابووری نییە، لەوە سەیرتر دۆخی کۆنگرە و هەڵبژاردن نییە! بۆ شۆرشگێرە قەدیمەکان شکۆمەندی و دانپیانانی سیاسی بەر لە هەموو شکۆمەندییەکانی دیکە دەهات، ژیان هەمیشە دوادەخرا و بە مەرگ ئابلۆقە دەدرا نەوەک پیرۆزی شۆرش و کۆڵەکە و شکۆمەندی سیاسی شۆرش دارمێت. کۆی پرسیار؛ ئایا شکۆمەندی تەنیا شکۆمەندی سیاسی دەگەیەنێت؟ ئایا لە شکۆمەندی سیاسییدا هەموو ئەوانەی دیکە دەستەبەر دەکرێن؟ ئەم پرسیارە راستەوخۆ دەبێت زەین و دیدمان هەڵتەکێنێت.
پێوەرەکانی کۆمەڵگەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی رادە و ئاستی شکۆمەندی خۆی کامانەن؟ سەرەتا، ئایا هەمانن؟ ئەگەر هەمانن لەسەر کاغەز، ئەو پێوەرانە چۆن لە کاغەزەوە دەگوازرێنەوە و شۆردەبنەوە بۆ ناو دادگاکان و دامەزراوەکان و خێزانەکان؟ چۆن دەبنە یاسا و وەک رێوشوین و میکانیزم دادەرێژرێن بە شێوەیەک کە کەسەکان هەر لە ساتی لەدایکبوونیانەوە هەست بکەن لە کۆمەڵگەدا خاوەنی شکۆن و کۆمەڵگە وەک مافێکی سروشتی لە چەندان یاسادا بەرجەستەیان دەکات، ئەمە دوور لە دروشمی سیاسی کە هەموو پارتە سیاسییەکان بە فۆرمی جۆراوجۆر دەیڵێنەوە، زۆر نزیک لە بەها مرۆڤدۆستییەکان و مرۆییەکان.
بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک خاوەنی ئەو ئیرادە و توانایە بێت کە هاواری بۆ دەکەین، دەبێت پرۆسەیەکی دوورمەودا لە پەرەسەندی سیاسی ستراتیژی دامەزرێنیت، بۆ ئێمە ئەمە خەونە، پێتان وایە وڵاتێکی وەک ئیمارات یان ئێران یان تورکیا خاوەن شکۆمەندییەکی سیاسیین کە بەرجەستەی هەموو فۆرمەکانی دیکەی شکۆمەندی دەکات؟
لەگەڵ دەرکردنی بەیاننامە سیاسییە پەرتەوازەکان و تەقەی تفەنگە ژەنگ هەڵگرتووەکان و زۆر بوونی کێلە شکاوەکانی شەهیدەکان، ئەوەی نەکراوە و ئەوەی فەرامۆشکراوە شکۆمەندی چیین و توێژ و کەسەکانی کۆمەڵگە بوون لەو دیوو بەناو دونیای سیاسەتی ئێمەوە، ئەمەش بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر بووە، ئێمە هەمیشە داوای شکۆمەندی خۆمان لە دونیای دەرەوە کردووە، راستە ئێمە هەمیشە بە رووی داگیرکەراندا هاوارمان بۆ شکۆمەندی نەتەوەیی کردووە، بەڵام هەرگیز بە توورەیەوە ئاورێکمان لە خۆمان و ناوەوە نەداوەتەوە، هۆشمەندییەک نەبووە کۆمەکمان بکات بۆ هێنانەدی شکۆمەندی خۆمان بەرامبەر خۆمان کە رێ لە سوتان و لاقەکردنی ئافرەت و فڕێدانی منداڵ و زوڵمی پیاوێکی بەد بکات. کۆمەڵگەیەک خۆی کەرامەت بۆ کەسەکانی خۆی دابین نەکات هەمیشە داواکردنی مافی لە دونیایی دەرەوە بەتاڵ دەبێتەوە، بە مانایەکی دیکە کۆڵەکەکان لە ناوەوە هەڵنەچنرێن چەندان نەهامەتی دیکە بەدوای خۆیاندا راپێچ دەکەن.
بۆ نموونە، مەبەستی سەرەکی لە بەهاری عەرەبی لە سەرەتا و لە کرۆکدا، پانتاییە گەورەکەی بۆ یەکسانی کەسەکان و بۆ گەشەسەندی سروشتی کۆمەڵگە و وەدەستهێنانەوەی دانپیانانی شەرعیەت و بەرجەستەکردنی شکۆمەندی و کەرامەت بوو کە خۆیان لە دادوەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەهێشتنی مۆنۆپۆلکردنی ئابووریدا بەرجەستە دەکرد، مۆنۆپۆلکردنێک کە بەر لە زیاتر لە ٦٠ ساڵ لە وڵاتە عەرەبییەکاندا سەپێنراوە و تازە بە تازە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە سەرەتاترین فۆرم و شێوە خەریکە سەرهەڵدەدا. وڵاتێکی وەک لیبیا گرفتی برسێتی ئابووری نەبوو، ئەوان گرفتی مۆنۆپۆلکردنی سیاسی و ئابوورییان هەبوو، گرفتی بێ رێزگرتنی یاسای ئافرەت و منداڵیان هەبوو، گرفتیان خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاو کارەبا نەبوو، گرفتیان نەبوونی یاسا و رێوشوێنی یاسایی بوو کە لە پاش هاتنی عەسکەر و نوقڵانەی شۆرشگێرەکان بەوەی هەوڵ بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی بەهەشتی دەدەن، لە پاش چەندان ساڵ ئەو کۆمەڵگەیە نەوەک هەر بەها و شکۆمەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە دەستدا بەڵکو ئەو کۆڵەکە سیاسییەی کە دەیوویست وەک قەوارەیەکی سیاسی بەر لە هاتنەکایەی پرۆسەکانی تر هەبێت داڕما. بەداخەوە، بەهاری عەرەبی لە چرکە ساتی خۆیدا یاخبوونێک بوو بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رەهەند و فۆرمە دادپەروەریانەی کە هەمیشە مێژوو کەڕیکردووین بە بوونیان بەڵام هەر لە ناو لاپەڕەی بەڵگەنامەکاندا هەبوون و کاریان پێنەکراوە.
بۆ ئێمە، لە ئێستادا لە نەبوونی دامەزراوە ستراتیژییەکان و فیکرییەکان و نەبوونی دامەزراوە شەرعییە ئاساییەکانی وەک پەرلەمان و نەبوونی خیتابی سیاسی دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و لە نەبوونی ئەکتەری سیاسی بە توانا ونیشتمانپەروەر و بەرپرسیار لە دۆخێکدا کە کەس بڕوای بە مزگێنی و مژدە و گفتەکانی شۆرشگێرەکان نەماوە، شکۆمەندییە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و ئابوورییەکان و مافەکانی مرۆڤ چۆن دادەمەزرێنین؟ ئایا متمانەتان ماوە؟
لە دۆخێکی دیفاکتۆی وەک ئەمەی ئێمە، گروپە سیاسییەکان، لانی کەم، هەر بۆ مانەوەی خۆیان تا قۆناغێکی دیکە، دەبێت هەست بەو مەترسییە بکەن کە چیدی بێ کاری هاوبەش سەختە کاری سیاسی بکرێت، سەختە کۆمەڵگە بپارێزیت. لە کۆمەڵگەیەک وەک کۆمەڵگەی کوردیدا بۆ پاراستنی خۆی لە دیکتاتۆریەتی ناوچەکان پێویستی بە چەترێکی هاوبەش هەیە لە بەردەم هەموو ئەو مەترسییە گەورانەی دەوریان داوە، بەڵام هەر کەسە و بە توانای واقیعی خۆی.