Draw Media

ئەركی هاوڕێیانی چەكدار

ئەركی هاوڕێیانی چەكدار

2019-01-12 14:14:33


پۆڵات جان
 

ئێمە وەك خەڵكی ڕۆژئاوا چەند دەیەیەك بەدەست ستەم و چەوسانەوەی دەستەڵاتی بەعسی ڕەگزپەرستەوە دەناڵاند ، نكوڵی لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان وەك گەلێك دەكرا ، لە گوندەكانمان دەركراین و عەرەبیان لە شونەكانمان نیشتەجێ دەكرد و سەدان هەزاریشمان لە ناسنامەی سوری بێبەشكراین و لەسەر خاك و ماڵ و گوندەكانی خۆمان بوینە كەسانێكی نامۆ و بێگانە و زمانی دایكی و گورانی و ڕۆشنبیری و جلوبەرگی كوردیمان لێ قەدەغەكرا و سزا و زیناندان و بگرە لەسەر ئاسانترین هۆكاریش دەیانكوشین و ناسنامە و زمان و كلتوری عەرەبیشیان بە زۆر بەسەرماندا سەپاند و هەركەسێكیش سەرپێچی بكردایە هەڕەشەیان لێ دەكرد و بۆ ماوەی چەند ساڵێك زیندانیان دەكرد یان ناچاری كۆچبەری یان لە وڵات هەڵبێت بۆ هاندەران ، بەم شێوەیە لە دەستی سیاسەتی بەعسی شۆڤێنی و داپڵوسنەر ڕزگارمان نەبوو تا ئەو كاتەی لە لایەن دەیان گروپی ئیسلامی سەر بە (جەیشی ئازاد) و گروپی جیهادی هەر لە تیرۆرستانی (ئەحرار شام) تا دەگاتە بەرەی نوسرە و داعش و گروپە توندرەوەكانی تر و ئەم گروپانە لە لایەن وڵاتانی درەوە دژمان هان دەدران كە لە سونگەی بیری شۆڤێنی ومەزهەبی و ئاینیانەوە سەرچاوەی دەگرت و جارێ بە كوردی جیاخواز و (كافر و مرتد و بەكری گیراوی بیانی ) تاوانبار دەكراین و جارێكیش بە (دوژمنی شورش و هاوپەیمانی بەعس) تاونبار دەكراین .

ئەو گروپانەی كە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد (گروپگەلێكی شورشگێرن)و (سەربازی ئازاد) و (لە پێناو ئازادی و دژی ئەسەد و ڕژێم ) تێدەكۆشن بەڵام بینیمان بەرەی شەری دژی ئەسەدیان جێ هێشت و لە باتی ئەوە ی بە ئاڕاستەی پایتەخت و هەوڵێ ڕۆخانی ڕژێم بدەن و شۆرشەكەیان سەر بخەن بە فەرمانی دەوڵەتی توركیا و بە هاوكاری لۆجستی ئەوان و لەڕێی خاكی دەوڵەتی توركیاوە دژی كوردەكان شەڕیان لە (سەری كانی)ەوە دەست پێ كرد لە ساڵی (٢٠١٢---٢٠١٣) و دەستیان كرد بە كوشت و كوشتار و لە ناوچەی باكوری حەلەب كوچبەریان بە كوردان كرد لە شارۆچكەی (تەلعران و تەل حاسڵ) كە دوو شارۆچكەی كوردی ڕەسەن بون و ماڵەكانیشیان تەقاندنەوە و لە گرێ سپی كەلوپەلەكانیان تاڵان كردن لە ساڵی (٢٠١٣) و بۆ ماۆەی سێ ساڵ گەمارۆی گەرەكە كوردیەكانیان دا لە (شێخ مەقسود و ئەشرەفیەو نشینگەی شەبابی ) لە حەلەب . دەستیان كرد بە كوچبەری و بومبارانی هەڕەمەكیان دەكردن بە بۆمبی جەهەننەم و گازی كلۆر و هەروەها لەساڵی (٢٠١٣) دا كوردەكانیان لە ڕققە دەركرد و پەلاماری شارە كوردەكانیان دا لە ڕومێلان و قامیشلو و حەسەكە و تەلتەمر و دێرك و هیچ گەڕەك و ناوچە و شارێك لە هێرشەكانیان بێبەش نەما .
بەڵام ئێمە دەسەوسان نەماین و چەند یەكەیەكمان پێك هێنا و بەرگریمان لە ناوچەكانی خومان كرد و هاوپەیمانیمان لەگەڵ نەتەوە جیاوازەكانی تری وەك عەرەب و سریان و ئەرمەنی ناوچەكەدا بەست و بە هەموو شێوەیەك بەرگریمان لە ناوچەكانمان كرد لە كاتێكدا شار و ناوچەكانی تر سوریا نوقمی وێرانكاری و كوشت و كوشتار و تاڵانی بوبون .

بەڵام ئێمە لە خۆبوردەییەكی مەزنمان لە خومان نیشان دا و ئازایەتی مان لە جەنگ دژی گروپە ئاینیە توندڕەوەكان و گروپە تیرۆرستەكان و بە تایبەت ڕێكخراوی قاعیدە و داعش و لەو ڕێیەوە توانا سەربازیەكانی خۆمان سەلماند و توانیمان بەرپەرچیان بدەینەوە و توانیمان هەزاران یەزیدی (كوردی شەنگال) باشوری كوردستان لە كوشت و كوشتار ی داعش و لە كوبانیش بەرپەرچی تیرۆریستەكانمان دایەوە .

ئازایەتی و قارەمانی شەرەڤانانمان و بیری ئازاد و كراوە و ڕێكخستنی بەهێزمان و دیسپلینی سەربازیمان سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاكێشا و پاڵی بە زۆرێك كەسایەتی و ڕێكخراو و حكومەتەكان نا تا پەیوەندیمان پێۆە بكەن و نزیك بونەوە لە نێوانمان دا ڕویدا كە بووە هۆی ئەوەی پشتیوانی ئاسمانیان پێشكەش كردین و دوای ئەوە ڕاوێژكاری سەرباز ی و دوای ئەوە هێزی سەربازی لەسەر زەوی تا ببینیە هاوبەش لە شەر دژی هەڕەشەئامێزترین و دڕندەترین ڕێكخراو ی تیروریستی لە جیهاندا و پێكەوە توانیمان گورزی كوشندەیان لی بدەین ، توانیمان هەموو ئەو پلانانەی كە هەندیك لایەن و دەوڵەتی ئیقلیمی بو ئەم ناوچەیە دایانڕشتبوو پوچەڵ بكەینەوە . بە درێژایی ئەم جەنگی حەوساڵەمان دژی ڕێكخراوە تیرۆریستی و گروپە توند ڕەوەكان زیاد لە (٨٠٠٠) شەهیدی كورد و عەرەب و سریان و نەتەوەكانی ترمان بەخشی . 

هەشت هەزار شەهید مان دا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناچەكەمان و جیهان و مرۆڤایەتی بكەین و لە دەستی وێرانكاری تیرور بیپارێزین ، هەشت هەزار بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتە جیاوازەكان لە ئاشتی و ئارامیدا بژین ، هەشت هەزار شەهید بۆ ئەوەی زەنگی كڵێساكان لێبدرێن و نوێژ و نزا لە مزگەوتەكاندا بكرێت، بۆ ئەوەی كورد و سریان فێری زمانی دایكیان بكرێت و فێری كلتور و ڕۆشنبیری و مێژوی قەدەغە كراویان بكرێن. ، هەشت هەزار شەهید بو ئەوەی جیهان و شارەكانی ئەوروپا و ئەمریكا لە ئاشتیدا بژین و ڕزگاریان بێت لەترسی ئەوەی تیرۆریستێك بە بارهەڵگرێك تەقینەوە خوی بتەقێنێتەوە یان ئاهەنگێڕەكان بكات بەژێرەوە یان تەقەی هەڕەمەكی بكرێت بە سەرنشینانی میترۆ ، بۆ ئەوەی جارێكی تر ڕوداوەكانی (نیس و شارلی ئەبدوو) و كوشت و كوشتاری پاریس ی فەڕەنسا و مانشستەری بەریتانیا و میترۆی ماڵبك و فڕۆكەخانەی بڕوكسل ی بەلجیكا و هێرشەكانی ١١ ی ئەیلول و تەقنەوەكانی بۆستن و لە ئەمریكا دوبارە نەبێتەوە .....

ئێمە لەبری هەموو جیهان جەنگاین و قوربانیمان دا و سەركەوتنمان بەدەست هێنا، لە كاتێكدا لەشكری وڵاتان و حكومەتەكان لە بەرامبەر تیرۆرستاندا شكستیان هێنا ، ئەمڕۆش دوای ئەو هەموو ئازارانەی گەلەكەمان و تەواوی كەمایەتیەكانی ناوچەكە پێیەوە دەیناڵاند و دوای جەنگێكی خوێناوی لە ماوەی حەوت ساڵەدا و دوای هەزاران شەهید و بریندار و ئاوارە ، مافی ئەوەمان هەیە ئازادیمان بەدەست بهێنین و ڕێكخراوە نێو دەوڵەتیەكان ڕێزمان لێ بگرن و دەوڵەتە زلهێزەكان

ڕێز لە بژاردەكانمان بگرن و دەبێت وەڵامدەرمان بن لە بەرامبەر ئەوەی ئێمە لە بری هەموو جیهاندا ئەنجاممان دا ، ئێستاش بەرپرسێاریەتی ئەم پێزانینە لە بەرامبەر گەلی كورد و تەواوی كەمە نەتەوایەتیەكانی تر كەوتووەتە ئەستوی هەموو جیهان . نەتەوە یەكگرتووەكان ، یەكێتی ئەوروپا ، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ، لە ئەستویدایەتی ڕێز لە قوربانیەكانی گەلی كورد و ئەو هێزە سەربازیانەی دژی تیرۆر جەنگان و جیهانیان لە هەڕەشەی تیرۆر ڕزگار كرد ، ئێمە هاوڕێ و هاوپەیمانی وهاوبەشی كرداری و بنەڕەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین كە دژی تیروری جهیانی جەنگاین و دەجەنگین كە بە داعش ناسراوە . هەروەك چون ئێمە هاوڕێی چەكداری هەموو ئەو كەسانەین دژی تیرۆر داعش جەنگاوەن . هەروەك چون بنەما و بەها و ئاكارێك لە نێوان هاوڕێیان چەكداردا هەیە ، ئەوانەی لەیەك خەندەقدا شان بە شانی یەكتر جەنگان نائەخلاقی و بێمێشكیە لە كاتی جەنگدا پشت لە هاوڕێی چەكدارت بكەی و پشتت بۆ دوژمن چۆڵ بكات، ئەویش بو دوژمنێك كە لە یەكەمین هەلدا بوی بڕەخسێت هەوڵی لە ناوبردنی بدات . هاوڕێی چەكداری ڕاستەقینە لە كاتی شەردا خەندەقەكان بەجێ ناهێڵن و پاشەكشێش ناكەن تا دڵنیا نەبن لەوەی كە سەركەوتنیان دژی دوژمن بەدەست هێناوە و دڵنیا بنەوە لە پاراستنی ئەو دەستكەوت و سەركەوتنانەی بەدەستیان هێناوە لە گوڕەپانی جەنگدا، ئەوەش ژیری نیە كە هەموو ئەو دەستكەوت و دەرئەنجامانە لەسەر سینیەكی زێڕیندا پێشكەشی وڵاتانێك بكەیت كە خوی تیرۆر لە وڵاتەكەیدا جێبەجی دەكات و پشتیوان و هاوكاری گروپە تیرۆریستیەكانە

لە كاتێكدا دەزانین داعش هێشتا كۆتایی پێ نەهاتووە و تەنها بریتی نین لە چەند یەكەیەكی سەربازی چەكدار ، بەڵكو هەڵگری ئایدۆلوجیا و بیر وباوەڕێكن كە لە كات و هەلی گونجاودا دەكرێت قەتێیس یان بەرفراوانتر بكرێن ، هەروەك چون تیرۆر تەنها داعش نیە ، بەڵكو دەیان ڕێكخستن و گروپگەلی توندڕەو ی وەك (قاعیدە) و هاوشێوەكانیان لە ناوچەیەكدا چالاك دەبن . هەروەك چون هێشتا ئەم هەڕەشەیە بەرۆكی كورد و كەمە نەتەوەكانی تری و بە تایبەت مەسیحی و یەزیدیەكانی بەرنەداوە ، بگرە ئەگەر هەڕەشەی داعش نەمێنێ ئەوا هەڕەشەی توركیا و گروپە ئاینیە توندڕەوەكان وەك هەڕەشەیەك بۆ ئەرمەن و سریان و ئێزیدیەكان دەمێننەوە و هەمیشە لەژێر هەڕەشەی پاكتاوكردنی نەژادیدان . بە تایبەت زۆربەی مەسیحی و یەزیدی و هەندێك لە كوردەكانیش لە دەست كوشت و كوشتاری توركەكان هەڵهاتون بو سوریا . هەروەك چون پلانی ئێران و گروپە شیعە توند ڕەوەكان ئەوانیش هەڕەشەن لەسەر عەرەبە سوننەكان و كورد بەگشتی و ئاشتی جیهانی و ئیقلیمیەكانیش بە هەمان شێوە ، ئەم گەلە شایستەی ئەوەیە بە ئازادی و كەرامەتەوە بژیت، شایستەی ئەوەیە لە نێو كەلتور و فەرهەنگی خۆیدا بژیت ، شایستەی پشتوانی و هاوكاری نێو دەوڵەتیە ، شایستەی ئەوەیە نیە دوبارە بۆ ئاژەڵە دڕندەكان بە جێ بهێڵرێن كە هەڕەشە ی لە ناوچونیان لێ دەكات و كەڵبەیەیان لێ چیڕ دەكەنەوە و پاشماوە تیرۆرستەكان لە سەر شارە سنوریەكانی كوردەكاتەوە بو توڵەكردنەوە و لە ناوبردنیان ، بەم شێوەیەش توڵە لەو خەڵك و قارەمانانە دەكەنەوە كە لەبری هەموو جیهان دژی تیرۆر جەنگاون . دوای ئەوە چیتر هیچ هێزێك نیە لە هەموو ڕوژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادە بێت ڕوبەڕوی گروپە تیرۆریستیە نوێكان ببێتەوە كەلەوانەیە دوای چەند ساڵێك لە بیابان یان ژۆری دەزگا زانیاریەكان سەر هەڵدەدەنەوە . 

ئێمە لەمڕۆدا چاوەڕێی ئەوە لە هاوڕێ چەكدارەكانمان دەكەین بە وەفا و ڕاستگۆ بن لە بەرامبەر هەموو ئەو شتانەی پێشكەشمان كرد هەر لە قوربانیدان و ئەو سەركەوتنە مێژوویانەی كە پێكەوە بەدەستمان هێنا . ، ئەركی هاوڕێ چەكدارەكانمان ئەوەیە دەسبەرداری هاوڕێكانیان نەبن و پشتیان تێنەكەن و ئازادی بۆ خۆیان و خێزان و گەل و خاكیان دابین بكەن و لە ڕوی نێودەوڵەتیەوە دانیان پێدا بنرێت ، تەنها لەو كاتەدا هاوڕێ چەكدارەكان وەفای و ڕاستگۆیی و دادپەروەری خۆیانیانمان بۆ دەسەلمێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand