سازانی راسته‌قینه به‌بێ بڕوا‌و متمانە دروست نابێ
2019-01-10 14:35:22
جەلال جەوهەر
پێویستی مرۆڤایەتی و ئەزمونەکانی ژیان سەلماندویانه که پێکەوە بون و هاوکاری لە نێوان دولا یان زیاتر، بە گشتی ئەنجامی باشی لێکەوتۆتەوە، ئەگەر تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش (تێکگەیشتن) و ئامانجی هاوبه‌ش و پێویست هەبوبێ لە نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.
دیارە ژیان و کاروانی مرۆڤایه‌تی لە دونیادا ئاست و شێوازی جۆراوجۆری بەخۆیەوە گرتوە، بەهۆی جیاوازی ئاستی فیکری، سیاسی، ئابوری، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، ژینگە، و بەهۆی شەڕ و ململانێ و خۆسەپاندنی داگیرکەران.
بەشێوەیەکی گشتی تا ئاستی فیکری، سیاسی، ئابوری، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتیی میللەتان و هێزه‌سیاسیه‌کانی بەرزبێ ئەوەندە ئاستی تێگەیشتنی هاوبەشیان بەرز دەبێ، و لەهەر جێگایەکدا تێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لە ویستی یەکتر لە ئاستی بەرزدابێ، لەوێ پەیوەندی نێوان لایەنەکان بەهێز دەبێ، و هەمو پەیوەندیەکی بەهێز و باشیش بڕوا‌و متمانەی بەهێزی لێدەکەوێتەوە، و هەر کاتێ بڕوا‌و متمانەش دروست بێ لە نێوان لایەنەکاندا بێگومان ئەوکاتە سازانیش دروست دەبێ، و بە پێچەوانەشەوە، لەهەر جێگایەکدا ئاستەکان (فکری،سیاسی،..) نزم بێ، لەوێ تێگەیشتنی هاوبەش و پەیوەندیەکان و بڕوا‌و متمانە بەیەکتر نزم دەبێ، و بواری سازانیش له‌وێدا زۆر که‌م دەبێ.
بڕوا‌و متمانە بە یەکتر کاتێ به‌رهه‌م دێت و بە کرده‌وه دروست دەبێ لەنێوان دولایەندا، کە قسەکان ئەکرێن بە کردار، و په‌یمان و بەڵێن و رێککەوتنەکانیش جێ بە جێ دەکرێن.
پاڵنەر و هاندەریش بۆ جێ بە جێ کردنی بەڵێن و رێکەوتنەکان دەوەستێتە سەر بڕوابون و پابەندبونی کەسایه‌تی و لایه‌نه‌کان بە بنەما پیرۆز و ئەخلاقیەکانی ژیان و یاسا کارپێکراوەکان.
بڕوا و متمانه له ناو کورد
شوێنی کوردستان و میللەتی کوردیش وا هەڵکەوتوە لەم جیهانه، کە خاکەکەی تا ئەمرۆ بە داگیرکراوی بمێنێ، و میللەتەکەشی بندەست بێ، ئاستی فیکری و سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابوری لە خوارەوەی میللەتانی دونیاوه‌بێ،و تێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لە ویستی یەکتر،و پابه‌ندبون به بنه‌ما پیرۆز و ئه‌خلاقی و یاساکانیش له ئاستێکی زۆر نزمدابێ،و پەیوەندیه‌کانیش تەندروست نه‌بێ، و بڕوا‌و متمانە بە یەکتر، له هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی،و له ناو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانی عێراق به‌تایبه‌تی زۆر له خواره‌وه بێ.
ئاستی نزمی بڕوا‌و متمانە لەنێوان کورد و لایەنەکانی کوردستان و هۆکارەکان:
هۆکارەکانی که‌می و نزمی بڕوا‌و متمانە زۆرن لەناو کورد بە گشتی ، و لەنێوان هێز و لایەنەکانی کوردستان بەتایبەتی. ئێمە لەم بابەتە کورتەدا هەوڵ ئەدەین بە کورتی تیشک بخه‌ینه سەر هۆکارە گرنگەکان.
١- هۆکاره مێژوییه‌کان :-
ێ/ دۆخی بڕوا و متمانه له قۆناغی داگیرکردن .
کورد زۆر جیاواز لە بەشێکی زۆری گەلانی دونیا، تا ئەمڕۆش وڵاته‌که‌ی داگیرکراوە و میللەتەکەشی ژێردەستەیە، بەهۆی کورد خۆی، و لەبەر کۆمەڵێک هۆی بابەتی . ،،،
دۆخی داگیرکردنی کوردستان و کارەساتەکانی شەڕو کوشتن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات ، و سیاسەتی بەکارهێنانی هێزی مرۆیی کورد لە شەڕی نێوان داگیرکەران ، وله شەڕی دژی جوڵانەوەی کورد ، به‌م جۆره داگیرکه‌ران میلله‌تی کوردیان په‌رت و بڵاوکرد و هێز و توانایان لێ‌بڕی و دوایان خست له کاروانی مرۆڤایه‌تی.
درێژەکێشانی شەڕ و ململانێی زلهێزەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، و شەڕو ململانێی نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی ناوچەکە (عوسمانی وسەفەوی )بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده، و سیاسەتی داگیرکەران لە چاندنی تۆی تەفریقە و دوبەرەکی لەنێوان هۆز و خێڵ و عەشیرەت و خێزانی کورد، و سیاسەتی ترساندن،برسیکردن ،په‌راوێزخستن ، غەدر و خیانەت ،راگواستن و نه‌فیکردن ،... بوە هۆی ئەوەی ئاستی ژیان و گوزەران و ئاستی رۆشنبیری و سیاسی میللەتی کورد لە ریزبەندی خوارەوەی میللەتانی ناوچه‌که و دونیادا بێ . سه‌ر ئه‌نجام تێگەیشتنی هاوبەش له نێو کورد و جولانه‌وه‌که‌ی دروست نه‌بو له‌سه‌ر پرسی کورد و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد، و پەیوەندیەکانی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌شی سنوردار و لە ئاستی خوارەوەی میلله‌تاندا بێ، به‌م جۆره داگیرکەران توانیان نەخۆشی بەدگومانی لەنێو کورد و لایەنەکانیدا بڵاوبکەنەوە، و وابکەن کورد بڕوا و متمانەی بە جوڵاندنەوەکەی خۆی نەبێ، و لەنێو خۆشیاندا بروا و متمانەی تەواویان بە یەکتر نەبێ، و بێ بڕوایی و بێ متمانەییش بکەن بە بەشێک لە کەلتوری کورد و لایەنەکانی کورد لە کوردستان.
ب/ دۆخی بڕوا و متمانه له قۆناغی رزگاری و (٢٦) ساڵی دەسەڵاتداریەتی کورد لە کوردستانی عێراق .
بەهۆی بیری تەسک و کوێرانەی حیزبایەتی،و بەهۆی وابەستەیی هەندێکیان، و کاریگه‌ری که‌لتوری داگیرکه‌ران و رژێمه دکتاتۆره‌کان به‌سه‌ر هێزه سیاسیه‌کانه‌وه، دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق زۆر بێباک و که‌مته‌رخه‌مبون له بیناکردن و راستکردنه‌وه و چاککردنی پرسە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مه‌عنه‌وی و ده‌رونی خه‌ڵکی کوردستان لە ماوەی (٢٦) ساڵی رابوردو، ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ک هه‌ر چاکیان نه‌کرد، به‌ڵکو بیری تەسکی حیزبایەتی له کوردستان جێگای تێگەیشتنی هاوبەشی نیشتیمانی و سیاسی گرتەوە، و بەرژەوەندی خێزان و حیزبیش جێگای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی گرتەوە، و شه‌ڕی ناوخۆ جێگای ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی گرته‌وه، و داڕوخانی باری ئابوری جێگای بوژانه‌وه و ئاوه‌دانکردنه‌وه و بیناکردنه‌وه‌ی گرته‌وه، ئینتیما و وه‌لائی نشتیمانی گۆڕا ئینتما و وه‌لا بۆ تاکه‌که‌س و حیزب، دزی و تاڵانی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت و وڵات، جێگای دابه‌شکردنی داهاتی گرته‌وه به شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه، و هه‌ره‌س هێنانی به‌ها ئه‌خلاقیه‌کان جێگای بیناکردنه‌وه‌ی به‌ها ئه‌خلاقیه‌کانی گرته‌وه، قوتابخانه و زانکۆکان له جیاتی ئه‌وه‌ی بکرێن به ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌یی زانستی و په‌روه‌رده‌یی نیشتیمانی بون به ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌یی حیزبی، کارکردن بۆ به‌حیزبی و سیاسی‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، جێگای هه‌وڵه‌کانی گرته‌وه بۆ سه‌ر به خۆیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ،...ئەنجام هه‌مو ئه‌مانه، کەلتوری بێ بڕوایی و بێ متمانەیی لە نێو کورد و هێزەسیاسیەکانی کوردستان زیاتر و قوڵترکردەوە، و گەیشتە قۆناغی دژایەتی و دوژمنایەتی و هەڵگیرساندنی شەری ناوخۆ لە نێوان ئه‌و هێزانه.
٢/ هۆکاره‌کانی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و دەرونی .
مانەوەی کوردستان بە داگیرکراوی بۆ ئەو ماوە دورودرێژە، میللەتی کوردی دابڕی لە دونیای دەرەوە بە گشتی، و لەبواری فیکری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بەتایبەتی، ئەم دۆخە بوە هۆی ئەوەی که کورد نەک هەر بە کەلتوری گەلانی دونیا ئاشنا نەبێ، بەڵکو بە مێژو و کەلتوری خۆشی ئاشنا نەبێ، و داببڕێ و دوربکەویتەوە لە بەشێکی زۆری هاوزمانەکەی خۆی، بەهۆی داگیرکردن و دابەشکردنی وڵاتەکەی ، هەر لەبەر ئەوەشە، بازنەی بیر و کەلتور و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤی کورد بە گشتی سنوردار بوە ، و لە سنوری بیر و کەلتوری تاکه کەس و خێزان و هۆز و خێڵ و عەشیرەت تێنه‌په‌ڕێ و نەترازێ.
لە لایەکی تریشەوە زوڵم و ستەمی نەتەوایەتی، و باری قورسی ژیان لە نەبونی وبێ بەشی ، و دەربەدەری و ئاوارەبون ،....، هەمو ئەمانە باری کەسێتی ومه‌عنه‌وی و دەرونی مرۆڤی¬ کورد و لایەنە کوردیەکانی لاوازکرد ، ئه‌مه‌ش بوه هۆکاری ئه‌وه‌ی مرۆڤی کورد و هێزه سیاسیه‌کان هه‌میشه خۆیان بە کەم و بچوک و لاواز بزانن لە بەرانبەر داگیرکەران.
بەم جۆرە ئاستی نزمی فکری و رۆشنبیری، ولاوازی پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، و باری روخاوی ئابوری و دارایی و دەرونی لە نێو کورد‌و لایەنە کوردیەکان بون بەهۆی ئەوەی تێگەیشتنی هاوبەش له ئاستێکی زۆر کەمدا بێ ، و بڕوا و متمانەشیان بە یەکتر زۆر لاوازبێ ، دیاره پرۆسه‌ی سازانیش له دۆخێکی له‌م جۆره‌دا ئاسان نابێ ،به‌ڵام ئه‌سته‌میش نیه، گه‌ر ویستێکی نیشتیمان په‌روه‌رانه هه‌بێ.
بڕوا و متمانه له ناو کورد چۆن دروستده‌بێ
پرۆسه‌ی دروستبونی بڕوا و متمانه به‌یه‌کتر، پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه، و کاتی پێویست و ئاماده کاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی فیکری، سیاسی، ئابوری دارایی،کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری ده‌وێ.
بڕوا‌و متمانه به‌بونی راو تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش، و به‌های ئه‌خلاقی هاوبه‌ش، وبه‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش دێته‌کایه‌وه.
گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه به کوردیشه‌وه، خۆیان به ئیماندار و خاوه‌ن بڕوا ده‌زانن، به‌ڵام له راستیدا بڕوا‌و تێگه‌یشتنیان و پابه‌ندبونیان به پرنسیپه‌کانی ئاینی و نیشتیمانی،و ئه‌خلاقی زۆر ساده و روکه‌شه، چونکه ئه‌و بنه‌ما پرنسیپانه نه‌بوه به که‌لتورێکی گشتی راسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵ، و نه‌بوه به به‌شێک له ژیان وکرداری رۆژانه‌ی مرۆڤی کورد و خه‌ڵکی ناوچه‌که.
لێره‌دا بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که ناته‌واوییەکی زۆر هه‌یه له‌بڕوا و که‌لتور ،و په‌روه‌رده‌ی نیشتیمانی، ئه‌خلاقی، رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بونی سه‌روه‌ری یاسا و عه‌داله‌ت و یه‌کسانی، و ناته‌واوی سیاسه‌تی په‌روه‌رده و خوێندن و سیاسه‌تی ئابوری ودارایی له هه‌رێمی کوردستان.
بڕوا و متمانه به یه‌کتر، دواتریش سازان له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگایه‌ک دێته‌دی، که یاسا سه‌روه‌ر بێ، و پرنسیپه‌کانی دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی تێدا جێبه‌جێ بکرێ، و پابەند بون بە بەها ئەخلاقیەکان لە ئاستێکی بەرزدا بێ، بەو شێوەیە زەمینەی تیگەیشتنی هاوبەشی هەمەلایەنە دەڕەخسێ و دروست دەبێ، کە ئەویش تەنیاو تەنیا بە سیستەمێکی حوکمڕانی چاک و پاک و تەندروست دێتە ئاراوە.