Draw Media

ئەخلاقی بەدیل

ئەخلاقی بەدیل

2019-01-10 10:33:05


پەیكار عوسمان            

سیاسەت کاری پێکەوەییە، ئەوەیە کە سەرەڕای ململانێ، دواجار منو تۆ پێکەوە ئەیکەین. منو تۆش کە خەریکی ناوزڕاندنی یەکتربین، ئیتر ناشێ سیاسیی بین، چونکە ناتوانین کەسایەتی یەکتر بهاڕین و تەواوکەرو هاوکاریش بین.

سیاسەت فەنی بیناکردنی کۆمەڵگاو ئینسانە، کاتێ سیاسییەکانیش خەریکی ڕوخاندنی یەکترن، ئیتر ناتوانن شتی تر بینابکەن.

سیاسەت بۆ ئەوەیە لەوسەرەوە بڕێك قورسایی و کەرامەت بۆ ئینسان فەراهەم بکات. کە سیاسەت پرۆسەی سوککردنی یەکتربێ و خۆی ئەونە سوك بێت، ئیتر ناتوانێ قورسایی ببەخشێت.

سیاسەتی نائەخلاقیی شوناسی پارتی و یەکێتی و هێزە نادیموکراتەکانە. تۆ کە بە هەمان ئەخلاقەوە سیاسەت ئەکەیت، ناکرێ جیاوازو دیموکرات بیت، تۆ کە ئەخلاقی سیاسی بەدیل تەرح نەکەیت ناتوانی بەدیلی پارتی و یەکێتی بێت!

ئێمە پێویستمان بە حیزبی تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی سیاسیی ترە. پێویستمان بە ڕاگەیاندنی تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی تری ڕاگەیاندنە. پێویستمان بە قەڵەم و نوسەرو ڕۆشنبیری تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی تری نوسینە.. کاتێکیش کە ئەخلاقی باو ئەخلاقی ستەمکارییە، ئەخلاقی بەدیل هەر ئەوەیە کە ستەمکارانە نەبێت!

ئێمە پێش هەر شتێك لە قەیرانی ئەخلاقداین و لە هەر شتێكیش زیاتر پێویستمان بە ئەخلاقە، ئەخلاقیش هەر ئەوەنیە کە بەرامبەر ستەمکاریی بوەستیتەوە، ئەخلاق ئەوەیە کە خۆت ستەمکارێکی تر نەبیت!

ئەوە ئینجاز نیە تۆ لەناو ئەخلاقی خۆیاندا مونافەسەی پارتی و یەکێتی بکەیت، ئەسڵەن ئەوە کارەساتەو قووڵکردنەوەو تۆخکردنەوەی ئەخلاقی ئەوانە! ئینجاز ئەوەیە ئەخلاقی مونافس بۆ ئەخلاقی مەوجود دروست بکەیت.

ئەمەوێ بڵێم لەم تۆڕی کۆمەڵایەتییە، ئەو ستەمەی کە پەیجە موعارزەکان ئەکەین لە ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوەو شکاندنی کەسایەتی.. ئەشهەدو پارتی و یەکێتی بەو دەرەجەیە نەیانکردوە ئەگەرچی مۆدێلەکەو ئەخلاقەکە هی ئەوانەو لەوانەوە داکەوتووە.

نا بۆ مۆدێلی سەگەپەیج و قاچگرتنی ئەم و ئەو. بەڵێ بۆ ئەخلاقی بەدیل و ناستەمکارانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand