Draw Media

شكستی ریفراندۆم و ئاڵاكەی كەركوك

شكستی ریفراندۆم و ئاڵاكەی كەركوك

2019-01-10 09:57:25


سەرتیپ جەوهەر             

دوای زیاتر لە ساڵێك لە شكستی كوردو لەدەستدانی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان بەهۆی پرۆژەی شكستخواردووی ریفراندۆمی جەماعەت، بارودۆخی كەركوك نەك باشتر نەبووە، بگرە هەندێجار بێئومێدمان دەكات! 
ئەو شكستەی جەماعەتی ریفراندۆم بەسەر كوردیان هێنا، بارەگرانەكەی كەوتە سەر كەركوك و كەركوكییەكان، ئەو تاوانە گەورەیەی كە كردیان، بەقەمیسێكیان سڕیەوە، وەك قەمیسەكەی عوسمان و ویستیان بیكەنە بەر خەڵكی دیكە! ئێستاش كەركوك بێكەس و بێنازەو تەنها ئاڵایەك هەڵدراوە بۆئەوەی ئاهێك بگەڕێتەوە بەر كەركوكیەكان و شارەكە، كەچی مخابن لەبری پشتیوانی، بەچە جاشێكی كەركوك (كوڕە "كۆنە!"مستەشارێك) پەتكان بەردەداو راست و چەپی خۆی پیس دەكات!
لینین دەڵێت، هەر راپەرینێك یان بزوتنەوەیەك بەبێ‌ پلان و بەرنامە بێت و سەرەنجام شكست بخوات، ئەوا هەر كەس بیكات خیانەتێكی گەورەیە لەمیللەتەكەی دەیكات! ئاخر كە بێپلان بوون ونەتاندەزانی چی دەكەن، بۆ خاكی كوردستانتان كردە قوربانی دروشمی بریقەداری حزبیی! یان هەندێك بۆ تیكە نانێك خۆیان بەپرۆژەكەوە هەڵواسی و سەرەنجام خەونی لەمێژینەی میللەتێكیان پوكاندەوە!
من نازانم هەڵكردنی ئەم ئاڵایە بەكوێ دەگات، ئەوە دەوەستێتە سەر پلانی یەكێتی و پلانی بەدیلی ئەم هەنگاوە، بەڵام زیاتر لە ساڵێكە سەرباری ئەو شكستەو هەوڵی یەكێتی بۆ هێوركردنەوەی دۆخی كەركوك و بەهێمنی گێڕانەوەی ئەوەی لەدەستدراوە، كەچی عەرەبی شۆڤینی چ شیعەو چ سوننە دەستبەرداری عەربچێتی خۆیان نەبوون، گەڕو گولێكی وەكو راكان هەر رۆژە مودیرێك و كاربەدەستێكی كورد دەردەكات! دەیان پەڕۆی خورافاتی شیعە لەناوچە جیاوازەكانی كەركوك هەڵكراوە، كەچی سەركردایەتی كورد لەئاست ئەم بارودۆخە هیچ پلانێكی روونی نییە، وەكچۆن پرۆژە سەقەتەكەی ریفراندۆم بەسەر كەركوكدا شكایەوە، ئاوهاش پەرتەوازەییەكەی سەركردایەتی كورد لەكەركوك رەنگی داوەتەوە! 
نابێ‌ لەمەودوا وەكو ریفراندۆمەكە قەدەری كەركوك تەسلیم بەهیچ لایەك بكرێت، یەكێتی زۆرینەی دەنگەكانی شارەكەیەو لێپرسراوە لەچارەنوس و دۆخی شارەكە، نابێ‌ لەوە زیاتر چاوەڕێ بكەن، چونكە عەرەب دەستبەرداری تەعریب و تێكدانی كوردستان نابێت، ئەوان بەنیاز نین نە پارێزگارێكی كورد دابینین و نە دۆخی جاران بگەڕێننەوە كەركوك، بۆیە چاوەڕێكردن هیچی لێ شین نابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand