Draw Media

له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ئاڵاكه‌ دادگای فیدراڵی چی وتووه‌؟

 له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ئاڵاكه‌ دادگای فیدراڵی چی وتووه‌؟

2019-01-09 19:54:36


■  شۆڕش خالید   
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پێیوایه‌ باشترین رێگا له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵكرنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، ئه‌وه‌یه‌ "پرس به ‌دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بکرێت"، ئه‌وه‌ش له‌باره‌ی ده‌ستوریبونی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك گرتویه‌تییه‌‌ به‌ر، به‌ڵام له‌ڕاستیدا پێشتر دادگای فیدراڵی بۆچونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ووتوه‌.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، له‌ ئازاری 2017دا هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب ‌و توركمان بایكۆتیانكرد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

لە ناوه‌ڕاستی ئابی 2017دا دادگای كارگێڕی لە بەغدا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندەوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێم له‌ شاره‌كه‌، ئه‌وه‌ش دوای سكاڵای ژمارەیەك ئەندامی بەرەی توركمانی ئەنجومەنی پارێزگا هات.

رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ئه‌وكات تانه‌ی له‌ بڕیاره‌كه‌دا، به‌ڵام دادگای فیدراڵی به‌پاساوی ئه‌وه‌ی له‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ودا نیه‌ دۆسییه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.
واته‌ ئێستاش ئه‌گه‌ر دۆسییه‌كه‌ ببرێته‌ دادگای فیدراڵی هه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ی هه‌یه‌و ده‌ڵێت له‌ تایبەتمه‌ندی ئه‌ودا نییه‌.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دواتر بڕیاره‌كه‌ی دادگای كارگێڕی ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش‌ له د‌انیشتنێكدا كه‌ جارێكی تر عه‌ره‌ب و توركمان بایكۆتیانكرد.
خۆی له‌ڕاستیدا كورد تاكه‌ كێشه‌ كه‌ له‌ كه‌ركوك نه‌یبوو، مه‌سه‌له‌ی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان بوو، ده‌توانرا له‌سه‌ر خانوی هه‌موو ماڵێك و هه‌موو باره‌گایه‌كی حزبی و شه‌قامێك ئاڵا هه‌ڵبكه‌یت، ته‌نانه‌ت وه‌ك ته‌نزێك ده‌وترا توركمان له‌كاتی سه‌یرانی به‌هاردا ئاڵای هه‌رێمی كوردستانیان ده‌كڕی و له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان هه‌ڵیانده‌واسی و ناویان نابوو "ئاڵای سه‌یرانه‌كه‌"، به‌ڵام پرسه‌كه‌ كه‌ برایه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ورژێنرا.
یه‌كێتی ئه‌وكات نه‌زانانه‌ دوای داوێك كه‌وتبوو، كه‌ به‌ده‌ست نه‌جمه‌دین كه‌ریم و رێبوار تاڵه‌بانییه‌وه‌ بوو، به‌ڵام ته‌ڵه‌كه خۆی له‌ئه‌سڵدا خاوه‌نێكی تری هه‌بوو. یه‌كێتی كاتێك به‌ئاگا هاته‌وه‌ ته‌ڵه‌كه‌ ته‌قیبۆه‌ و ده‌ست و قاچی گرتووه‌.
ئەوەی ئێستا یەکێتی دەیکات، دوای شکستھێنانی دێت لەھەوڵە بەردەوامەکانی بۆ دانانی پارێزگاری نوێ و گەڕانەوەی ڕۆڵی بۆ کەرکوک، ئەوەش فشاری جەماوەری لەسەری دروستکردووە.
ئێستا چی ده‌بێت و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئاڵاكه‌ی هه‌رێم، ئه‌مشه‌و له‌ دوێنی نه‌یاری زۆرتره‌ و زۆرتریش ده‌بێت له‌ كه‌ركوك.
ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە بەغدا ھەڵوێستی نەگۆڕە لەسەر کەرکوک، سیاسییەکانی ھەرێمیش ھەروەکو ٢٠٠٣ بێ بەرنامەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand