ئێمە چی بكەین !؟
2019-01-05 10:18:52
■ عەبدولڕەزاق شەریف
لەم هەرێمی كوردستانەدا، پرۆسەی حوكمڕانی بەدەست پارتیو یەكێتییەوە بەشێوەیەك بێزراو بوە، بڕیاردەرو باڵادەستەكانی خۆشیان لەناو گڵۆڵەیەك بەنی ئاڵۆسكاو لە (گەندەڵی، تەماحو بەرژەوەندی هاوبەشی گروپو بنەماڵەو هێزە ناشیرینەكانی ناوخۆو دەرەوە)دا، ئالودەو گیرۆدە بون. نوخبە خوێنەوارەكانیشیان، بەخۆشحاڵییەوە نایانەوێ لێیان تێكبچێتو خەونی دەربازبونیان نییە.
تیمەكانی (ئەمەریكا، رۆژئاواو دەوڵەتانی دراوسێ)ش، وەك پاشماوەی جەنگو جەهلێكی مێژویی لەم وێرانەیەی نیشتیمان دەڕوانن، بەچەندین ناوی جیاجیا، لەبەرژەوەندی ئایندەو ئەمنیەتی خۆیانو وڵاتەكانیان تەراتێن دەكەنو بەمانەوەی "كۆیلەی مەحوكمو حاكمی نەوتاوی" رەزامەندن.
لە دەرەوەی بازنەی ئەو گڵۆڵە بێزراوەش، مەهزەلەی دیموكراسیو هەڵبژاردنی ژێرفەرمانی ئەوانو دروشمەكانی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیو پاكێجو پرۆژەكانی چاكسازی، هیچی لێ سەوز نابێ. بۆیە هێزەكانی دەرەوەی پارتیو یەكێتیش لە چەقبەستن، بنبەستنو بێئومێدی ئەو حوكمڕانییەی عێراقو هەرێمی كوردستاندا، بەتاكو دەستەجەمعی كەمندكێشی وازی ناو بازنەكە ئەبن.
باشترین كاری سیاسی، حیزبیو رێكخراوەیی لەم قۆناغەدا، خۆڕێكخستنەوەو ئامادەسازیو بەرنامەیە بۆ یاخیبونێكی بەكۆمەڵ (عصیان مدنی)، چونەدەرەوەیە لەكۆی ئەو دامەزراوە سیاسی، یاسایی، كۆمەڵایەتیو خزمەتگوزارییە گەندەڵە، كە دامەزرێنەرو هاوبەشو پشتیوانەكانی پێی شاگەشكە بون. رێگەیەك بۆ حاشاكردنو بێبەریكردنی كۆمەڵ لە حوكمڕانی ئەم كۆمەڵگەیە، جیاكردنەوەی جوانییەكانی كوردایەتی لە حاكمەكانی كوردایەتی، پێناسەكردنەوەی بەها بەرزەكانی فەرهەنگو كەلتور، ئەدەبو هونەر، كارو كەسابەتو .. هتد.
لەمێژووی نوێدا، ئەم یاخیبونە نهێنی مانەوەی كوردو مۆراڵو بەها كۆمەڵایەتییەكانی بوە، لەناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە بیری حیزبایەتیو شۆڕشو راپەڕینەكان لە هەر وێستگەیەكدا ناوێكی هەبوە، لە ناوەڕۆكدا جگە لەو یاخیبوونە لە حوكمڕانی هیچی تر نەبوە. عێراقی ئەوساش هێندەی ئەم پارتیو یەكێتییە حیزبی كوردیو كەسایەتی كورد، شەریكو پشتیوانی بوە. بەڵام بیری رەتكردنەوەی حوكمڕانەكانو دۆستەكانیان بەشێوەیەك لە ناخی كۆمەڵی كوردەواریدا، چەسپیبوو، لە ناوەندە فەرهەنگیو كۆمەڵایەتییەكانماندا، لەجێگەی نەبوان بون. حوكمی مێژو ئەم چەرخەش دەسوڕێنێ، ئێستا حیزبە كارتۆنییەكانی سەردەمی بەعس چەند لە زاكیرەو مێژوماندا، جێگەو پێگەیان هەیە، ئەوسا ئەم پارتیو یەكێتییەش هەرئەەوەندە ئەیانبێ. بۆیە یاخیبونی بەكۆمەڵ، رەتكردنەوەیانو حاشاكردن باشترین كارو بەرنامەیە كە ئەمڕۆ ئێمە بیكەین.