ریفۆرمی ئابوری: ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ده‌توانێت، و ناشتوانێت، ئه‌نجامی بدات
2019-01-05 08:29:35
■ محه‌مه‌د حسێن
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا، زۆر كه‌س باس له هه‌بوونی پلان و نیه‌تێكی جدی مه‌سرور بارزانی (سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو) ده‌كه‌ن بۆ ریفۆرمی ئابوری و سیاسی له كوردستاندا. به‌ده‌ر له هه‌ر تێڕوانینێكی گه‌شبینانه، یان ره‌شبینانه، له‌باره‌ی پلان و ئه‌جێندای ئه‌م كابینه‌یه، گرنگه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بزانین هیواو ده‌رفه‌ته‌كانی چاكسازی ئابوری و سیاسی له به‌رده‌م ئه‌م حكومهتهداچهنده. له‌كوێدا ده‌توانێت هه‌نگاوی چاكسازی بنێت گه‌ر هاتوو ویستێكی سیاسی هه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی؟ به واته‌یه‌كی تر ئه‌م حكومه‌ته ده‌توانێت چی بكات و چیشی پێناكرێت به ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رچاوه‌و توانا مادی و مرۆییانه‌ی له به‌رده‌ستدایه.
چه‌ند راستیه‌كی سه‌ره‌تایی بۆ تێگه‌یشتن له پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و میكانیزمه سیاسی و ئابوریانه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نیه كه بۆ هه‌ر ریفۆرمێكی راسته‌قینه‌ی ئابوری پێویسته. هه‌رێم به‌شێكه له عێراق و ئابوریه‌كه‌شی ته‌واو گرێدراوی عێراقه. هه‌ربۆیه ناتوانێت خاوه‌نی سیاسه‌تی دارایی، پلانی گومركی، بانكی ناوه‌ندی، نرخی سو‌و، سیاسه‌تی نه‌ختینه‌یی خۆی بێت. ئه‌مانه ئه‌و میكانیزمه سیاسی و ئابوریه بنچینهییانهن كه هه‌ر حكومه‌تێك پێویستیه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی ریفۆرمێكی ئابوری. هه‌ربۆیه ریفۆرمی ئابوری به‌م حكومه‌ته ناكرێت گه‌ر به‌شێك نه‌بێت له پلانێكی گشتگیری ئابوری و سیاسی ده‌وڵه‌تی عێراق.
به‌ده‌رله‌وه‌ی ویست و بڕیاری سیاسیه‌كانی كوردستان تاچه‌ند به‌ئاراسته‌ی ئه‌م ریفۆرمه‌دا ده‌ڕوات، پێویسته بزانرێت كه كێشه‌كانی هه‌رێم هه‌ر له پشتبه‌ستنی ته‌واوی به داهاتی نه‌وت، پوكانه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی تر له ژێر كاریگه‌ری ئه‌و دۆخه دارایی-هی پاره‌ی نه‌وت دروستی كردووه، كورتهێنانی بودجه و لاوازبوونی كه‌رتی تایبه‌ت هه‌مان كێشه كۆن و تازه‌كانی به‌غدایه. به‌رپرسانی هه‌رێم، به‌شێكی له نه‌زانی و به‌شێكیشی به ناچاری، له رژێمه سیاسیه‌كانی عێراقه‌وه وه‌ریانگرتووه. ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر هه‌یه كۆپیه‌كی شێواووی هه‌مان ئه‌و سیسته‌مه‌یه كه زیاتر له‌٥٠ ساڵه له به‌غدا كار ده‌كات. هه‌ربۆیه ئه‌م كێشانه ته‌نها به هه‌رێم چاره‌سه‌رناكرێن ئه‌گه‌ر پلانێكی هابه‌ش و گشتگیری نه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵ‌دا.
به‌ڵام ئه‌مه وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كه نیه. زۆر شت ده‌مێنێته‌وه كه كابینه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ده‌توانێت چاكسازی تیا بكات؛ هه‌ره له‌پێشترین و گرنگترینیان كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاست و بڕی گه‌نده‌ڵیه. هه‌موو ئه‌و ده‌نگه پۆزه‌تیڤانه‌ی تا ئێستا پێشبینی ئه‌رك و ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌یان كردووه باسیان له‌م خاڵه كردووه. كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ناو ئه‌و ده‌زگا حكومیانه‌ی كه ناهێڵن خه‌ڵك كار‌و بزنسی خۆی بكات بێ به‌رتیل و شه‌راكه‌تی ئه‌وان تا ئه‌گاته موچه خۆره بندیواره‌كان و قۆرغكردنی بازاڕه‌كانی كوردستان یه‌كجار گرنگن بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی راسته‌قینه به‌ره‌و ریفۆرمی ئابوری. ئه‌و راستیه‌ی كه هه‌رێم ناتوانێت بێ به‌غدا هیچ ریفۆرمێكی ئابوری مانادار ئه‌نجام بدات ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ده‌سته‌وه‌ستان دا‌نیشێت به‌رامبه‌ر كێشه‌كانی ئه‌مڕۆی. هه‌موو هه‌نگاوێكی دژبه گه‌نده‌ڵی له كردستاندا راسته‌وخۆ هه‌رێمه‌كه به‌ره‌و حوكمڕانیه‌كی باش ده‌بات و ده‌بێته هۆی باشتر به‌ڕێوه‌بردنی توانا‌و سه‌رچاوه ئابوریه‌كانی.
بۆ نمونه، كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی بیانی و عێراقی بێنه كوردستان و به دوای ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان و قازانجدا بگه‌ڕێن. ئه‌مه‌ش هه‌لی كار‌و پاره و گه‌شه‌ی ئابوری دێنێته كوردستانه‌وه. به دیوێكی تریشدا، كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی باری سه‌رشانی حكومه‌تی هه‌رێم سوك ده‌كات و توانا‌و كارایی (effcency) ده‌زگا ئیداری وگشتیهكان زیاترده‌كات. سیسته‌مێكی بانكی پێشكه‌وتوو بۆ ڕایی كردنی كاری كۆمپانیا‌و ده‌زگا حكومیه‌كان برێكی زۆری ئه‌و تونێله بیرۆكراسیانه له‌ناو ده‌بات كه وه‌ك زۆنگاوێك هه‌میشه پیسخۆرو گه‌نده‌ڵكاران قه‌ڵه‌و ده‌كات.
زۆر به‌دیاریكراوی، گره‌وی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پاكێجێكی ریفۆرم له كوردستاندا به‌ستراوه‌ته‌وه به توانای حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قۆرغكاری له بازاڕه‌كانی كوردستاندا. كه‌ی توانی مافیاكانی نه‌وت، ده‌واو ده‌رمان، ئۆتۆمۆبیل، كه‌ره‌سته‌كانی بیناسازی و ماده خۆراكیه‌كان جڵهوبكات و پابه‌ندی یاسا‌و رێساكانی بازاڕی ئازاد‌و سه‌لامه‌تی گشتی-یان بكات، ئه‌وا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی خۆی له ژیانی خه‌ڵك و ئابوری كوردستاندا ده‌بینێت. هه‌ر ئه‌م شێوازی ریفۆرمكردنهش بوو بانكی جیهانی له‌راپۆرتێكدا دوو مانگ پێش ئێستا بۆ عێراق پێشنیاریكرد. به پێی راپۆرته‌كه، ریفۆرمی سه‌رتاسه‌ری له‌بواری خه‌رجیه‌كان و پلانی ئابوری حكومه‌ت به‌یه‌كجارو یه‌ك پاكێج ناكرێت، به‌ڵكو پێویستی به چه‌ند ریفۆرمێكی بچوك هه‌یه سه‌ره‌تا له‌و بوارانه‌ی كه پێشتر تاقیكراوه‌ته‌وه‌و سه‌ركه‌وتوو بووه*.
دیاره هیچ زیره‌كیه‌كی ناوێت بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین له قورسی ئه‌م هه‌نگاوه. روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له كوردستاندا له‌شكرێك مافیا‌و پیسخۆری خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و پاره‌و نفوز ده‌كاته دوژمنی ئه‌م حكومه‌ته. ئه‌مه‌ش له‌ڕوی سیاسیه‌وه ره‌نگه باجه‌كه‌ی قورس بێت. بۆیه نابێت وه‌ك شه‌ڕێكی سه‌رپێی و سوك سه‌یری ئه‌م هه‌نگاوه بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاره ئه‌م حكومه‌ته تاقه یه‌ك هه‌نگاوی بچوكیش بنێت بۆ چاكسازی ئابوری و سیاسی پێویسته لێره‌وه ده‌ستپێبكات.
كوردستانی ئه‌مڕۆ، ده‌رفه‌ته‌كان وئاستهنگیهكانی:
كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ئه‌وه نیه كه ئه‌و میكانیزمه ئابوری و سیاسیانه‌ی نیه كه بۆ كۆنترۆڵكردنی هه‌ڵاوسان، سیاسه‌تی نه‌ختینه‌یی و پلانی بازرگانی ده‌ره‌كی پێویستیه‌تی، به‌ڵكو له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه كه به ناچاری به‌شێكه له عێراق و ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی ئابوری عێراقیشدا ده‌توانێت هه‌ر ریفۆرمێك بكات. به‌ڵام ئایا دۆخه‌كه له عێراقدا چه‌ند له‌باره بۆ ریفۆرمێكی له‌مجۆره؟ به پێی پله‌به‌ندی وڵاته لاواز‌و تێكشكاوه‌كان (Fragile States Index) له ساڵی ٢٠١٨، عێراق له پله‌ی ١١هه‌مدایه، ته‌نها یه‌ك پله له پێشی گروپی وڵاته زۆر خراپهكانهو١٠ پله‌ش له دوای گروپی وڵاته زۆر باشهكانهوهیه؛ له‌كاتێكدا له ساڵی ٢٠٠٧ له پله‌ی دووهه‌مدا بوو. به پێی داتاكانی كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهان (World Economic Forum)** عێراق له ئاستی دنیادا یه‌كه‌مه له روی پشتبه‌ستنی به نه‌وت وه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی داهات و (٩٨.٨%) هه‌نارده‌ی ئاڵوگۆڕه بازرگانیه‌كانی ته‌نها نه‌وت و سوتهمهنیهكانه. ریفۆرمكردنی ئه‌م ئابوریه و ههمهرهنگكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی تری له‌وانه‌یه قورس‌تر بێت له زیندوكردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عه‌باسیه‌كان.
لێره‌دا بڕیاری دروست ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان بێچاوهڕوانیكردنی به‌غدا قۆڵی لێهه‌ڵماڵێت و ده‌ستبكات به ریفۆرمكردنی ئه‌وه‌ی كه خۆی ده‌توانێت چاكی بكات. راسته ئه‌م حكومه‌ته نزیكه‌ی ١٧ملیار دۆلار قه‌رزو*** و دنیایه‌ك كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی له‌وانه‌ی پێشخۆیه‌وه بۆ به‌جێ ماوه، به‌ڵام ده‌توانێت له روی سیاسیه‌وه هه‌نگاوی جدی بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكیه نه‌وتیه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا. هه‌رئه‌مه‌ش ده‌رگای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی تری بودجه‌و ماده‌ی ١٤٠و پێشمه‌رگه‌ی لێده‌كاته‌وه.
بێگومان ئه‌م چاره‌سه‌ریانه پێویستی به ویستێكی سیاسی به‌هێزه له‌لایه‌نی به‌غداوه. دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی مامناوه‌ندی (Comprmise) بۆ هه‌ردوولا ئاسان نیه. بۆ حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌نگیه‌كی سیاسی له نێوان لایه‌نه سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان زۆر گرنگه. به بێ ئه‌م كۆده‌نگیه هیچ حیزب و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی ناتوانێت چاره‌سه‌ری مامناوه‌ندی بۆ هیچ كام له كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌ولێر بدۆزێته‌وه‌و چوار ساڵی داهاتوویش هه‌روا سه‌رگه‌رمی مه‌زایده‌ی كوردایه‌تی ده‌بن. له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌م حكومه‌ته پێویسته پارتی ناكۆكیه سیاسیه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تریش چاره‌سه‌ركات و شوێنه‌واره‌كانی دوو ئیداره‌یی بسڕێته‌وه؛ چونكه سه‌قامگیری سیاسی له كوردستان و په‌یوه‌ندیه‌كی ئاسایی و دۆستانه له‌گه‌ڵ به‌غدا پێشمه‌رجی هه‌ر ریفۆرمێكی سیاسی و ئابوریه.
له كوردستان و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌یش نه‌وت سه‌رچاوه‌ی سه‌ركی داهاته ههمهرهنگكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی راده‌ی پشتبه‌ستن به نه‌وت و گاز هه‌میشه وه‌ك چاره‌سه‌رێكی ئه‌فسوناوی بۆ زۆربه‌ی كێشه‌كان ده‌بینرێت. ئه‌م تێگه‌یشتنه راسته، به‌ڵام چاره‌سه‌ریه‌كی زۆر ئاڵۆز‌و قورسه‌و پلانی ١٠یان ساڵه‌ی ده‌وێت. بۆ نمونه سعودیه به پلانێكی ١٤ ساڵه‌وه (Vision 2030) ده‌ستی بۆ ئه‌م چاره‌سه‌ریه بردووه.
له كوردستاندا به هه‌وڵێكی كه‌م ره‌نگه بتوانرێت كه‌رتی گه‌شت و گوزار گه‌شه‌پێبدرێت، به‌ڵام قورسه چاوه‌ڕێی په‌ره پێدانی كه‌رتی پیشه‌سازی بكه‌ین به بێ ریفۆرمێكی گشتگیری ئابوری، دارایی و سیاسی له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه. هه‌رچی په‌یوه‌ندی به كه‌رتی كشتوكاڵیشه‌وه هه‌یه ئه‌وا دیسان پرۆسه‌كه زۆر له‌وه گرانترو قورستره كه به‌م توانا دارایی و مرۆییه‌ی له كوردستانداهه‌یه بكرێت. كشتوكاڵ به بێ به كارهێنانی سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره بۆ دابینكردنی ئه‌و ئامێر‌و كه‌ره‌سته پیشه‌سازیانه‌ی راده‌ی به‌رهه‌مداری زیاد ده‌كه‌ن مه‌حاڵه پێشبكه‌وێت. ئه‌وه‌ی ده‌توانرێت ببوژێنرێته‌وه ته‌كنیك و شێوازه كۆنه‌كه‌ی كشتوكاڵه كه له ١٥ ساڵی رابردوودا پارتی و یه‌كێتی به سیاسه‌تی بهپۆلیسكردنی هێزی كاری لادێكان وێرانیان كرد. بێگومان ئه‌مه باشتره له هیچ به‌ڵام ناتوانێت هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوه سروشتی و وزه مرۆییانه بخاته گه‌ڕ كه له كوردستاندا ئاماده‌یه.
له نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠١٣دا، ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له به‌شه‌كه‌ی تری عێراق جیاكرده‌وه‌و وای لێ‌كرد سود له داهاتی نه‌وت وه‌ربگرێت و باری ژیانی خه‌ڵك باشتربكات به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی ئه‌و سه‌قامگیریه سیاسی و ئه‌منیه بوو كه كوردستان لێی به‌هره‌مه‌ند بوو. حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ده‌توانێت رۆڵێكی كارا بگێڕێت له پته‌وكردن و به‌رده‌وامكردنی ئه‌م سه‌قامگیریه. ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م به به‌هێزكردنی دهزگاحكومیهكانی هه‌رێم و ڕۆڵی یاسا ده‌بێت. ته‌نها حكومه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی و شه‌فاف و به‌رپرس ده‌توانێت ئه‌و توانا مرۆیی و مادیانه‌ی له وڵاته‌كه‌دا هه‌یه بیخاته خزمه‌ت هاوڵاتیه‌كانی و سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری پێ به‌دی بێنێت.
له‌ئه‌گه‌ری ئه‌م سه‌قامگیریه سیاسی ئه‌منی و ئابوریه‌دا، كوردستان ده‌توانێت پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی هه‌ڵگرێت و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو قه‌رزه ناوخۆیی و دهرهكیهكانیشی بداته‌وه به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سیناریۆانهی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا پێشنیاركراوه. ئه‌مه‌ش یارمه‌تی گه‌شه‌ی ئابوری و بوژاندنه‌وه‌ی بازاڕ‌و كۆتایی هاتنی ئه‌و قه‌یرانه ئابوریه ده‌دات كه له چوارساڵی رابردوودا كوردستانی ته‌واو هیلاك كردبوو.
* له‌م لینكه‌وه ده‌توانیت راپۆرته‌كه‌ی بانكی جیهانی بخوێنیته‌وه:
http://documents.worldbank.org/curated/en/561591540561272929/pdf/131377-BRI-PUBLIC-ADD-SERIES-VC-QN-171.pdf
** بۆ بینینی داتاكانی كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهان كلیك له‌سه‌ر ئه‌م لینكه بكه
https://www.weforum.org/agenda/2016/05/which-economies-are-most-reliant-on-oil/
*** هه‌ره‌می كوردستان لانی كه‌م ١٧ ملیۆن دۆلار قه‌رزاره به پێی راپۆرتێكی په‌یمانگای ئاشتی ولایه‌ته یه‌كرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه له مانگی ٥\٢٠١٨ بڵاویكرده‌وه.
https://www.usip.org/publications/2018/05/kurdistan-regions-debt-crisis-threatens-iraqs-economy