بۆچی گرنگە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات؟!
2019-01-04 16:02:06
كامەران عەلی
بەشی چوارەم
- پەرلەمان یان حکومەت !
گۆڕان لەگەڵ دروستبوونیدا رۆحی کرد بە بەری پرۆسەی سیاسی هەرێمدا بەهۆی ئەداکردنی ڕۆلێکی باشی ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەمەش جموجوڵی خستە پەرلەمان و چاوی خەڵکی خستە سەر ئەم دامەزراوە بێ ڕۆڵ کراوە ، لەدوای سێ خولیش لە بەشداری گۆڕان بەرنامەی بزوتنەوەکە هەموو لایەنک شاهێدی بۆ دەدەن کە لەپێناو زیادکردنی ڕۆڵی پەرلەمان وبە سیستمکردنی دامەزراوەکاندا بووە لەپێش هەموشیانەوە زیاتر کردنی ڕۆڵی پەرلەمان و هەر لەم پێناوەشدا قوربانی دا، ئێستا کە یەکێتی و پارتی زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن، لەگەڵ ئەوەش هێشتا پەرلەمان نەیتوانیوە ببێتە دامەزراوەیەک تا ڕۆڵی خۆی ببینێت و چاودێر و لیپێچینەوە لە حکومەت بکات، بۆیە تەنها بە بوونی گۆڕان لەناو دامەزراوەی جێبەجێکردندا کە حکومەتە دەتوانرێت بەرنامە و بەڵێنەکانی گۆڕان جێبەجێبکرێت لە ڕێگای وەزارەت و دەستەکان وبەرێوەبەرە گشتییەکانەوە دەتوانرێت کار بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و خزمەتگوزاییەکان بکرێت نەک پەرلەمان بەڵگەش بۆ ئەمەش چەندین یاسا و بڕیاری باش دەرچوون بە بێ ئەوەی حکومەت و وەزارەتەکانی جێبەجێیان بکەن بۆیە بونی گۆڕان لە ئەنجومەنی وەزیران وەسیلەی کردارییە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گۆڕان نەک پۆستەکانی پەرلەمان تا ئەو کاتەی سیستمی سیاسی بە تەواوی جێگیر دەبێت و پەرلەمان دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت..
- سیستمی سیاسی
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەرێم، نەبوونی سیستمی سیاسی یان راستتر بڵێین دەڵەمەیی سیستمەکەیە کە داهێنراوی یەکێتی و پارتییە بەس، یەکێک لە ئامانجە ستراتیژیەکانی گۆڕان گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتی هەرێم بووە، یان جێگیرکردنی سیستمی پەرلەمانی بووە بۆ هەرێم، بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان (وەک ئەوەی ئێستا پارتی رازییە) هەروەها کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی گۆڕان بەدی دێت کە ئەمەش لەڕێگای بەشداریکردن لە حکومەتەوە دێت کە بێگومان دەبێت پێشتر ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت کە دواتر دەبێتە بنەما و متمانەیەکی گرنگ لەنێوان لایەنەکاندا بۆ ئەوەی سیستمی پەرلەمانی لە هەرێم جێگیربکرێت، ئەمەش وادەکات کە هەم ئامانجە ستراتیژەکەی گۆڕان بەدی بێت و هەم هەنگاوەکانی بە دامەزراوەییکردنی دام ودەزگا حکومیەکان و گێڕانەوەی ڕۆلی پەرلەمان خێراتر و کاریگەرتر بن.
- پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا
ئاماژەکان وامان پێدەڵێن کە پەیوەندییەکانی هەرێم وبەغدا لە دوای هاتنی عەبدولمەهدی بەرەو ئاسایی و باشتر دەڕوات، هەمیشە بەغدا دەرگای کرانەوەی ئێمەیە بەڕووی جیهاندا، هەولیر کەناڵی سیاسی پشتەوەی بەغدایە، گۆڕان لە حکومەتی عێراق بەشدار نیە، ئەگەر لە هەرێمیش بەشدار نەبێت دوور دەبێت لە شانۆی ڕووداوەکان ولە پرۆسەی سیاسی کەنارگیر دەبێت، لەگەڵ باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش بۆ هێزە سیاسییە کاریگەرەکان گرنگە نوێنەریان ئەگەر لە بەغدا نەبێت لە حکومەتی هەرێم هەبێت، تا هێزەکانی تر بڕیار بۆ بیرکردنەوە و پڕۆژەی سیاسی ئەوان نەدەن کە لە ڕوانگەی خۆیانەوە خزمەت بە خەڵک دەکەن، بۆیە گرنگە گۆڕان کەنارگیر نەکرێت و بەشدار بێت،
بیریشمان نەچێت تەنها بەشداری لە حکومەت بەس نیە، بەڵکو هەموو هێزە چاکسازیخوازەکان ورۆشنبیران و گۆڕانخوازان دەبێت چاوێکیان بکەن بە هەزار و هەموان لە خەمی جێبەجێکردنی بەرنامەی گۆڕاندا بن، دەبێت نوێنەرەکانمان لە حکومەت و پەرلەمان بە هەمان نەفەس ئیلهام لە رۆحی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەربگرن و دەست لەدەست و هێز لە خودا،